
راگەیاندراوی "هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی كوردستان" بە بۆنەی كۆچی دوایی خاتوو دانیالا میتران
هاوڵاتییانی وڵاتداگیركراوی كوردستان
گەلەكەمان لە خەباتی بێوچانی خۆی لە پێناوی رزگاریی نیشتمانەكەیدا لە ژێردەستەبوون، توانیبووی سەرنجی دەیان ناوەند و كەسایەتی و دەوڵەتی پێشكەوتنخوازی جیهانی بۆ خۆی رابكێشێت , و یەكێك لەو كەسایەتییانە، خاتوو دانیالا میتران، ناسراو بە دایكی كوردان بوو .
بە داخەوە رۆژی ٢٢/١١/٢٠١١ هەواڵی دڵتەزێنی كۆچی دوایی ئەو تێكۆشەرە جیهانییەی دڵسۆزی خەباتی رەوای گەلەكەمانمان لە میدیاكانەوە پێگەیشت و گەلێک داخبار و خەمگینی كردین .
خاتوو دانیالا میتران لە كاتەكانی تەنگانەدا كە حكوومەتی بەعس خەریكی تێکدانی ژیانی خەڵك و ئەنفال و كوشتوبڕی ئازادیخوازانی كوردستان بوو، خۆی و رێكخراوەكەی "فرانسلیبرتە" هاوكاریی بەردەوامی گەلی كوردیان دهكرد و دەنگی كپكراوی كوردی بە گوێی رای گشتیی جیهانیی دهگەیاند. هەر وەها وەكو دایكێكی خەمخۆر و دڵسۆزی كوردان، هەوڵەكانی خۆی لە پێناوی ئاشتی نیشتمانیی و برەوپێدان بە كلتووری تەبایی و لێبوردەیی لە ناو لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا وەگەڕ خستووە.
بە ناوی "هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی كوردستان"ـەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەلی فەرانسە و بنەماڵەی بەڕێزی میتران و ئازادیخوازانی كورد و جیهان دەكەین.
هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان
پارتی سەربەستیی كوردستان
كۆمەڵە - پارتی سۆسیالدێمۆكراتی كوردستان
٢ سەرماوەرز ٢٧١١/ زایینی ٢٣/١١/٢٠١١
hawpeimani@gmail.com www.psk2006.org www.psdkurdstan.org

|