هاتنی هێزی داگیركەری كۆماری ئیسلامی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان بە توندی ئیدانە دەكەین


خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤدۆست و بەرپرسیارە جیهانییەكان
بەرپرسانی كۆماری عێراقی فێدراڵ


ماوەیەكە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی داگیرکەر بە بیانووی بوونی جموجۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ئێران خەریكی دەستدرێژیكردنن بۆ سەر كەرامەت و ئازادییەكانی خەڵكی كورد لە باشووری كوردستان، و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا وێڕای تۆپبارانكردنی خەستی ناوچە سنوورییەكان و ئاوارەكردنی خەڵكێكی زۆر لە دانیشتووانی گوندنشینی سەر سنوور، زیانێكی زۆریان بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە و ئەمەش لە حاڵێكدایە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەکی سیاسیی و ئاشتیانە ئیدانەی ئەو ئاكارە نامرۆڤانەیەی سوپای ئێرانی کردووە و داوای کردوە دەست لە کاری لەو جۆرە هەڵبگرن.
بێدەنگی لێكردنی حكوومەتی كۆماری عێراقی فێدراڵ وا نیشان دەدات كە رێككەوتنێكی ئەمنی نێوان ئەو سێ وڵاته‌ لە بێدەنگیی و ڕانبەگەیەندراویدا ئەنجام دەدرێت، و دیسانەوە مه‌ترسی ڕێکه‌وتنێکی نهێنی وه‌ک رێككەوتنامە شوومەكان لە وێنەی ”سەعدئاباد“ و ”ئەلجەزاییر“ لە ئارادایە.
هه‌ر بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییە بە گوێرەی هەواڵ و زانیارییه‌کان، دەستدرێژیی سوپای ئێران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی هێزەكانی توركیاش دەکرێت کە خاوەنی ئەزموونێکی زیاترە لەو بوارەدا. سەرەڕای پەیادکردنی چەندین ملیارد دۆلار ساڵانە لە باشووری کوردستان، هێشتا دەوڵەتی تورکیا بەو شێوەیە هەم لەگەڵ ئێران هاوکاریی دەکات و هەم سیخوڕ و بەکرێگیراو ساز دەکات و بە تەمان لە سەر خوێنی کورد دووبارە ئیمپراتۆری عوسمانی ئیسلامیی دروست بکەنەوە.


بە پیشاندانی ئەم راستیە و هەڵوێست گرتن لەسەر ئەو ئاكارە نائینسانییانەی لەگەڵ كورد و كوردستانییاندا بە بێ جیاوازی دەكرێت‌، و هەموو رۆژێك بە شێوازێكی تازە مافەكانی ئەم نەتەوە بندەستە پێشێل دەكرێت‌ . داوا لە ڕای گشتی جیهانی و نەتەوە یەكگرتووەكان بە تایبەت و هێزەكانی ئامریكا و هاوپەیمانەكانی دەكەین، زەخت لە هێزە داگیركارە هاوبەشەکانی کوردستان بكەن كە لە ناو خاكی كوردستان بكشێنەوە تا ئارامی بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، و با چیدیكە خەڵكی بێ تاوانی كوردی سەرسنوور نەبنە قوربانیی پیلانگێڕانی حكوومەته‌کانی داگیركاری كوردستان .
ئێمه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانی سه‌ربه‌خۆخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وێرای ده‌ستخۆشانه‌ له‌ هه‌ڵویستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر  تۆپباران و پێشێلکارییه‌کانی ئێران، و ده‌ستخۆشانه‌ له‌و پێشمه‌رگه‌ کوردانه‌ی سه‌رشاخه‌کان بۆ به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی داگیرکه‌ر ئامادەن، هاوکات ئاماده‌یی و پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌ر جۆره‌ هاوکارییه‌کای سیاسیی و نیزامی بۆ پاراستنی خاک و سەروەریی به‌شی باشووری وڵات، واته‌ هه‌رێمی کوردستان، ده‌ردربڕین.

هەر شەكاوە بێت ئاڵای سەربەخۆییخوازی
نەمان بۆ داگیركەرانی كوردستان
شەرمەزاری بۆ پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤی كورد لە هەموو شوێنێكی ئەو جیهانەدا

هاوپه‌یمانی سه‌ربه‌خۆخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کۆمه‌ڵه‌ ــ پارتی سوسیالدیمۆکراتی کوردستان
پارتی لیبراڵدیمۆکراتی کوردستان
hawpeimani@gmail.com.
١٧/٧/٢٠١١ ی زاینی. ٢٦ی پوشپه‌ڕی ٢٧١١ ی کوردی


hawpeimani@gmail.com        www.psk2006.org
  www.psdkurdistan.org