
بەیاننامەی "هاوپەیمانی سەبەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان" سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی ئێران
هاووڵاتیانی وڵاتداگیركراوی رۆژهەڵاتی كوردستان
كۆڕ و كۆمەڵە هۆشیارە سیاسی و مرۆڤدۆستە كوردی و ئێرانی و جیهانییەكان
بە گوێرەی راگەیاندنەكانی سەر بە حکومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی (ڕەشەممە) ی داهاتوودا، نۆهەمین خولی هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی ئێران بەڕێوە دەچێت، و ئەمەش لە حاڵێكدایە كە ئێران وەكو دەسەڵاتێكی مەترسیدار بۆسەر دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی و پێشێلكردنی ئازادییە مرۆیییەكانی گەلانی بندەستی ئێران دەستنیشان كراوە، و هەر لە ساڵی رابردوودا چەندین گەمارۆی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ و دۆسیەی ناوكی و هاوكاریكردنی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و... هتد، لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە خراوەتە سەر دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
پارلەمانی كۆماری ئیسلامی یەكێك لەو دامودەزگا سەركوتكارانەی رژێمی كۆماری ئیسلامی بووە، كە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە كۆڵەكەیەكی قایمی راگرتنی رژێم بووە، و هەر دەورەیەکی هەڵبژاردن بە کۆمەڵێک بەڵێنی دوور لە کرداری تێپەڕاندووە.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی شتێکی دیکەی وایان لێنابینرێت کە جارێکی دیکە بتوانن ژمارەیەکی کەمیش دەنگدەر دڵنیا بکەنەوە. چوون لە دەورانی پێشوویاندا بەڵێن نەمابوو بە خەڵکی نەدەن و هەموو بەڵێنیەکانیشیان سەرئەنجام بێئاکام بووە. بگرە دەورە بە دوای دەورە کێشەی ئابووریی و گەندەڵیی و نەداریی لە نێو خەڵکدا ئەو پەڕی پەرەی سەندووە و بواری کۆمەڵایەتیی خەڵکی بەرەو لاڕێبردوە و کەسایەتی کۆمەڵگایان تێکداوە.
هەروەها پێوەندیی سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماتیشیان لە گەڵ دونیای دەرەوە لاواز بووە، و ئاخرین بەڵگەشیان هاندانی بەسیجەکانیانە بۆ سەر باڵیۆزی بەریتانیا، کە دەنگی بێزاری زۆربەی وڵاتانی جیهانی بەرز کردەوە. ئەم ڕژیمە جارێکی دیکە بە جیهانی سەلماندەوە کە تەنانەت ناتوانێت بەڵێنی پاراستنی پێوەندییە دیپلوماتییەکان بپارێزرێت.
ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆخوازان کە پێکهاتووە لە پارتی سەربەستیی کوردستان و کۆمەڵە- پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، پاش هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەم ڕژیمە و هەڵبژاردنی داهاتووشی، هەروەها لاوازی بوارەکانی پێوەندی سیاسیی و دیپلۆماتی و تێکدانی کەسایەتی کۆمەڵگا، لە سەر ئەو باوەڕەین کە بەشداریکردن لەو جۆرە هەڵبژاردنە لە ژێر سیاسەتی ئەو ڕژیمەدا ناڕاستە، و لە کۆی گشتیدا بەشداری کردن یارمەتیدەرە بۆ داسەپاندنی سینارێۆکانی ئەم ڕژیمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەی ئازادییەکانی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی.
ئێمە داوا لە گشت کوردستانیانی وڵاتداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، واتە ئەو بەشەی کوردستان کە نزیک بە ٣٢ ساڵە بە دەستی ئەو ئاخوندە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرانە بە هەموو شێوەیەک تێکدەدرێت، لەو هەڵبژاردنە بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن و ڕێگای بایکوت هەڵبژێرن. لە چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەی نانبڕین کردن نەترسن. خۆئەگەر هەندێک کەس بە ناچاریی ڕاپێچی سەر سندووقی هەڵبژاردن بکرێن، دەتوانن کە لە باتی دەنگدان تەنیا کاغەزی سپی بخەنە نا سندووقەکانەوە.
وەک هەموو کوردستانیەک ئاگادارن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە كوشتوبڕی جودابیران و ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان درێغی نەکردوە، بگرە ئامارەکانی کوشتن و بەندیکردنی کوردستانیان ساڵ بە ساڵ بەرەو زیادبوون دەڕووات.
ئێمەی کوردستانی پێویستە تواناکانی خۆمان لە بەرامبەر ڕژێمێکی وا کە ئەو هەموو نەهامەتییە بە سەر وڵاتەکەماندا دێنێت چڕتر بکەینەوە و هەڵبژاردن و گشت کردەوەکانی دیکەی لە ژێر هەر ناوێکدا بێت بایکوت بکەین.
کوردستانیانی خۆشەویست:
تەمەنی ئەم رژیمە بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتیان زۆر نزیک بووەتەوە، هەروەک دەبینن، وا لەم کاتەدا کە بەرەو دەورەی هەڵبژاردنەکانی٩ی مەجلیسی ئێرانە، هاوکاتە لەگەڵ هەڵكردنی شنەبای دێمۆكراتیكی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوین و باكووری ئافریقا، ئەم باهۆزە کە زۆر دیکتاتۆر و ملهوڕی لە گۆرەپانەکە بە دەرناوە و ئیستاش ماڵی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیشی خستووەتە لەرزەوە، بە تایبەت کاتێک کە گەیشتووەتە وڵاتی سووریا و ئەو قەڵایەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەمە گرنگترین پێوەندی کۆماری ئیسلامییە لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئەگەر ئەو پێوەندیە بپسێندرێت و نەمێنێت ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران بنکەیەکی گرینیگی لە دەست دەڕووات.
هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان
پارتی سەربەستیی كوردستان
كۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان
١ی بەفرانباری ٢٧١١ ی کوردی
٢٢/١٢/٢٠١١
hawpeimani@gmail.com
hawpeimani@gmail.com www.psk2006.org www.psdkurdistan.org

|