
ڕاگهیاندنی
هاوپهیمانی سهربهخۆخوازانی ڕۆژههڵاتی کوردستان سهبارهت بە وەرگرتنی ئەندامێکی نوێ و هیوای پەرەستاندنی بیری کوردستانیی و سەربەخۆیی
بۆ بەڕێز
پارتی لیبرال دیموکراتی کوردستان
سەبارەت بە نامەکەتان بە مێژووی ١/٦/٢٠١١ بۆ بەئەندامبوون لە ” بەرەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان“ کە دیارە مەبەستتان لە ”هاوپەیمانیی سەربەخۆخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان“ ـە،
ئێمە بە خۆشحاڵییەوە بەخێرتان دەهێنین بۆ ئەندامێتی لە ”هاوپەیمانیی سەربەخۆخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان“ دا و هیوادارین خەبات و کارتان بۆ بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانێتیە هەمیشە بەردەوام بێت.
ئێمە دڵنیاین کە پێداگرتن لە سەر ستراتیژیی کوردستانیانە و سەربەخۆییخوازانە دەتوانێت خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی گەلی کوردستان زۆر باشتر و سەقامگیرتر و بەهێزتر بەرەو پێشەوە ببات.
ئەگەرچی ئەو خەباتە تا ئێستا لە ڕووی ڕێکخراوەیی و ڕابەرایەتییەوە لاواز بووە و لە ژیر فشار و دژایەتیکردنی گەورەدا بووە، بەڵام وەکو هیوا و ئارەزووی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەمیشە هەبووە و زیندووبووە و بە زیندووییش دەمێنێتەوە.
ئەرک و کاری ئێمە ئەوەیە کە خودئاگا و پلانبۆکراو و بە شانازیی و سەربەرزییەوە، بێ هیچ جۆرە سڵ و ترس و دوودڵییەک، ڕووخسار بەو خەباتە بدەینن و بەرەو سەرکەوتنی ببەین.
خەباتی بێووچان و گیانفیدایانە و دڵسۆزانەی بە سەدان هەزار لە تێکۆشەرانی کوردستان ئەو ڕاستیەیان سەلماندووە کە خەباتی هەرە زۆرینەی تێکۆشەران بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بووە و دەبێت. کاری ئێمە بۆ ڕێکخستنێکی کوردستانیانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بە دڵنیاییەوە بە ئەنجامی دروستی خۆی دەگات.
دووبارە بەخێرتان دەهێنین و لای خۆمانەوە پیرۆزبایی بەئەندامبوونتان لێ دەکەین
هاوپهیمانی سهربهخۆخوازانی ڕۆژههڵاتی کوردستان
پارتی سهربهستیی کوردستان
کۆمەڵە - پارتی سوسیالدیمۆکراتی کوردستان
٣/٦/٢٠١١

|