
پیرۆزبایی لە گەلی یەكدەنگ و شۆڕشگێڕی باكووری كوردستان دەكەین
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
خەڵكی شۆرشگێرو كۆڕ و كۆمەڵە مافخوازەكانی باكووری كوردستان
لەگەڵ سڵاوی سەركەوتن و هاوئاهەنگی نەتەوەیی و ژیانەوە
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاهەنگی ماڵئاوایی لە دیكتاتۆرییەت و پاشەكشەكردن بە رەوتی داگیركاریی لە باكووری ئافریقاوە هەتا رۆژهەڵاتی ناوین، مزگێنیی ئەوەی بە كوردستانیانی چوارپارچە دەدات، كە خەریكە داری ئازادیی ئێوەی مافخوراو بەر دەدات و پەیماننامە شوومە نێودەوڵەتییەكانیش هەرەس دێنن .
سەرەتای دەیەی دووهەمی هەزارەی سێهەمی مێژووی شارستانییەتی مرۆڤ ، هەڵگری پەیام و حیكایەتێكی تازە بۆ ئێمەی كورد بوو: دیكتاتۆرە زەبەلاحەكانی ناوچەكە هەرەس دێنن و ئێوە بە سەربەستی و مافە رەواكانتان دەگەن !
ئەو پەیامە دڵخۆشكەرە سەرەتا دەنگی خۆی لە ناوەندی دەسەڵاتی سووریاوە وەدیار خست و هەڵبژاردنەكانی ١٢/٦/٢٠١١ وڵاتی توركیایش ئەم راستییەی بۆ پشتڕاست كردینەوە .
دوێنێ بۆ یەكەمجار لە مێژووی توركیادا، كورد بە كۆدەنگییەكی ئێجگار بەهێزەوە پێی نایە نێو گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی وڵات و زیاتر لە هەموو كات و ساتەكانی تەمەنی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی توركەكان مەزڵوومییەتی خۆیان بۆ ڕای گشتیی دنیا نواندو سیاسییە پانتوركیستەكانی تووشی كارەسات كرد. یانی وای لێكردن كە گوێڕایەڵی فەرمانی گەل بن. ئەم تۆماركردنە پێوانەییەش بە كۆدەنگیی لایەنەكان و بە یەكیەتیی نێوان پیكهاتەكانی وڵات و دیاریكردنی ئامانجی ستراتێژیك ، كە هەمانا یەكخستنی دەنگەكان و نەهێشتنی بە فیڕۆچوونی ئەو دەنگانە بوو، بەدەستهات .
یەكێك لە خواستەكانی "هاوپەیمانیی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان"دروستكردنی كۆدەنگیی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ناوڕیزی خەبات و ململانێی سیاسیی كوردستان بۆ بەدەسهێنانی مافەڕەواكانی نەتەوەكەمان بووە و لەو راستایەشدا سەركەوتنی بەشێك لە ئامانجەكانمان لە باكووری وڵاتدا بە چاوی خۆمان بینی، كاتێك بە كۆدەنگیی لایەنەكان ژمارەیەكی ئێجگار زۆرتر لە جارانمان لە دەنگەكانی ناو سندووقەكان بۆ كورد مسۆگەر كرد و یەكڕیزیی ماڵی كوردیشمان كرد بە رمبێك بۆ چاوی دوژمنان .
هەر بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزیایی لەگەلی باكووری كوردستان به بۆنەی ئەو دەستكەوتە مەزن و مێژوویییەوە، هیواخوازین، لە داهاتوودا كوردی هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان بۆ پاراستنی یەكڕیزیی ماڵی كورد و بۆ دابینبوونی مافە رەواكانمان، لە یەكڕیزدا و بە یەكگرتوویی هەنگاو هەڵبگرن. هەر لەم راستایەشدا داوا لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، دەست لە پەرتەوازەیی هەڵبگرن و لە یەك هاوپەیمانیی گەورەدا هێزەكانیان بۆ رزگاریی وڵاتەكەمان لەدەست رژێمی دڕندەی ویلایەتی فەقیه کە داگیرکاری کوردستانە چڕ بكەنەوە .
جارێكیتر بە ناوی "هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان"ەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی یەكدەنگ و شۆڕشگێڕی باكووری كوردستان دەكەین و هیوادارین بە زووترین كات ببن بە دەروازەی شكانی بازنەی رەنجی مێژوویی كوردان و بە مافەكانیان كە هەمان سەربەستیی و سەربەخۆیی وڵاتەكەمانە، شاد ببنەوە .
ههرشهکاوه بێت یهکریزی و یهکدهنگیی گهل
هاوپهیمانی سهربهخۆخوازانی رۆژههڵاتی کوردستان: که بریتین لهم حیزبانه
کۆمهڵه - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
پارتی سهربهستیی کوردستان
پارتی لیبراڵدیمۆکراتی کوردستان
٢٣ی جۆزهردانی ٢٧١١ی کوردی . ١٣/٦/٢٠١١
hawpeimani@gmail.com www.psk2006.org www.psdkurdistan.org

|