
باس له به‌ره‌ی کوردستان دەبێت بچێته قۆناخێکی تره‌وه!
ساڵانێکی زۆره که حزب و لایه‌نی جۆراوجۆر باس له به‌ره‌ی کوردستانی ده‌که‌ن، به‌ڵام تا ئێستا جگه له میوانداریی و وێنه‌گرتنی میوانداریەکە، له پراکتیکدا ئاکامێکی پۆزه‌تیفی بۆ خه‌ڵکی کوردستان لێ‌نه‌که‌وتووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵکی کوردستان ڕوون نییه که لەبەرچی به‌ره دروست نابێت؟ کام شت یان کامە لایه‌ن له‌مپه‌ره و بۆچی.
من پێموایه هۆیه‌کان زۆر‌ن و دەتوانین بڵێین کە کارەساتی شەڕە ناوخۆییه‌کان، داپچڕان و لێکجودابوونەوه‌کان، نەبوونی ئارەزوو و خواستی جیددی سیاسیی و ناسەربەخۆیی سیاسیی، ئه‌قڵیه‌ت و کۆلتوری خۆبەگەورە زانینی هێندێک لایه‌ن. دیاره شانبه‌شانی ئه‌و هۆیانه‌ی که باسم کرد نابێ ئاڵوگۆڕە ناوچەییە و جیهانییەکان له‌بیر بکه‌ین. بۆ نموونە دەنگۆی ئەوەی کە ئەمەریکا لە ئێران دەدات، وایکردووه کە هەندێک لایەن پێیان وابێت دەسەڵاتی سیاسی‌یان لە بەرەیەکدا کەم دەبێتەوە و بە تەنیا لە ئاڵ‌وگۆڕێکدا بن قازانج زیاتر دەکەن. به‌گشتی ئه‌وانه ده‌کرێت به هۆی سەرەکیی دروست نەبوونی بەرە بزانرێت. دیارە هۆی دیکەیش هەیە، وەکوو کەمبوونی فشاری ڕۆشنبیرانی ناحیزبی و ته‌نانه‌ت بێدەنگیی جەماوەری خەڵک بەرامبەر بە ئه‌م گاڵته‌جاره سیاسیه‌ی که تا ئێستا به به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌کانیان کراوه و دەکردرێت.
ئەوانەی کە چاوه‌ڕووانیی و ئامانجی هاوبەشیان له‌م چه‌شنه له سیاسه‌تدا هەیە و به‌درێژایی ئه‌م چه‌ند دەهـه‌یه به به‌رده‌وامی درێژه‌یان پێداوه و دەیده‌ن، دەتوانن له به‌ره‌یه‌کدا بن و به پرۆپاگه‌ندەی خۆیان له سه‌نگه‌ری گه‌لی کورده‌وه درێژه به چاندنی کولتوری ئێرانچێتی بده‌ن. ئێرانچیەتی که کەسایەتیی و سەربەرزیی لە بزووتنەوەی کورد داماڵیوە و کوردستانیبوونی لە ناوەڕۆک و مانای خۆیدا وشک کردووه.
پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا ده‌کرێت هەروا ئه‌م ڕه‌وته له جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان‌دا فەرامۆش بکرێت کە بتوانێت درێژه‌ی هه‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی لایه‌ن و رێکخراوه‌ی جیددی و داکۆکیکار له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان خۆی یه‌کگرتوو بکات؟
من پێموایه هێز و پۆتانسیالی کوردستانیان و لایه‌نی حیزب و رێکخراوەی سەربەخۆییخواز له باری سیاسی و رێکخراوبوونه‌وه ئه‌وه‌نده هه‌ن که بتوانن لەسەر زۆر خاڵی هاوبه‌ش کۆببنەوە و هێدی هێدی بەرەیەک بە دوو ئامانج ساز بکەن:
یەکەمیان: ئامانجه ئیستراتژیه‌کان وه‌کوو خه‌بات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و هاوکات خەبات بۆ بەرقەرارکردنی پرینسیپی ڕیفەراندۆم. واتە بڕیاره‌کان له ده‌سه‌ڵات و ئه‌حزابه‌وه بگۆزرێته‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر. ئەمە شێوه‌یه‌کی مۆدێڕن و دیموکراتیکە بۆ گەیشتن بە سه‌ربه‌خۆیی، و ئاکام و نەتیجه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان هه‌رچی بێت، سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی ئه‌م یان ئه‌و لایه‌ن، رێزی لێ‌بگیرێت و پێوەی پا بەند بین. ئێمە کاتێک پرینسیپی ڕیفەراندۆممان لە پرۆگرامی سیاسیماندا قبوڵ کرد، تێگەیشتبووین کە دەتوانێت ببێت بە خاڵی هاوبەش بۆ ئەوانەی به‌ڕاستی و به‌دڵ ڕێز لە ئیرادە و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان دەگرن.
دووهەمیان: ئامانجه تاکتیکیه‌کان وه‌کوو ده‌نگ و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش دژی داگیرکارانی کوردستان و پته‌وکردنی سەنگەری دیپلۆماسی گه‌لی کورد له ئاستی جیهانیدا. به‌و مانایه که ئێمه ده‌توانین یه‌ک ده‌نگیی ڕیزه‌کانی گه‌لی کورد دژی داگیرکاران و دوژمنانی خه‌ڵکی کوردستان له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی (وه‌ک هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، شه‌ڕ، ئاگربه‌ست، وتووێژ و گفتوگۆ، به گشتیی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌یه‌کانمان) و هه‌روه‌ها له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا بۆ ناساندنی باشتر و پەیداکردنی ئیمکاناتی سیاسیی و ماددی بۆ خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی کورد له ڕێگه‌ی دامه‌رزاندنی فۆنگسیونگه‌لی هاوبه‌ش له ناوخۆی به‌ره‌دا پێک بێنین.
ئه‌زموونه‌کانی چه‌ند ده‌هه‌ی رابوردوو بۆ کاری هاوبه‌ش له نێوان پارت و رێکخراوه‌ی سیاسی‌دا ئه‌و ده‌سەلمێنن که ده‌نگ و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش بە‌و لایەنانه دروست دەبێت کە خاوەنی پرنسیپ و ئامانجی روون بن. باس له به‌ره‌ی کوردستانی له ناو دیوه‌خانه داخراوه‌کاندا که چه‌ند ساڵ پاش ئه‌وه‌یش خه‌ڵکی کوردستان نازانن چۆن ساتوسه‌ودا له سه‌ریان کراوه، جگه له ساتوسه‌ودای تاک و به‌رژه‌وه‌ندیه حزبیه‌کان نه‌بێت، ناکرێت له خانه‌ی دڵسوزی و فه‌رمێسک‌رژاندن بۆ خه‌ڵکی کوردستان دابنرێت.
ئه‌م جۆره هه‌ڵسوکه‌وته به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان که به قیمه‌تی ماڵ و گیانی ئه‌وان و به ناوی ئه‌وانه‌وه ده‌کرێت ئه‌مڕۆ ئه‌رکێکی قورس ده‌خاته سه‌رشانی به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازان، و جێگه‌ی خۆیه‌تی که گرینگی ئه‌م به‌رپرسایه‌تیە به جیددی وه‌ربگیرێت و سەربەخۆییخواز و ڕیفەراندۆمخوازن به بێ چاوه‌ڕووانی ئه‌م یان ئه‌و لایه‌ن لە بەرەیەکدا کۆببنەوە، و له هه‌مانکاتدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه سه‌ر به‌خۆییخوازه‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران وه‌کوو (به‌لوچ ـ عه‌ره‌ب ــ ئازه‌ری ،تورکمان و ئه‌گەر لایه‌نی تریش هه‌بێت) کار بۆ سازکردنی به‌ره‌یه‌کی سه‌رانسه‌ریی نه‌ته‌وه‌کانی سه‌ربه‌خۆخواز له ئێران بکرێت.
کۆمه‌ڵه ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان بێ‌شک یه‌کێک له‌و لایه‌نه سه‌ربه‌خۆییخوازانه‌یە که ئاماده‌یه به ڕوونیی و شه‌فاف بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی وه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌موو پارت و رێکخراوه سیاسی و کولتوری و هه‌روه‌ها تاکه‌کاندا دانیشتن و دانووستاندن بکات. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ئێمه:
١. هه‌ر ئه‌مڕؤ ئاماده‌ین یه‌کێک له به‌شدارانی ده‌نگی یه‌کگرتووی جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان (به‌ره‌ی کوردستانی یان هه‌ر ناوه‌ێکی تر) بین.
٢. هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاماده‌ین هێزی پێشمه‌رگه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی حزب و لایه‌نه‌کانی تردا له‌ژێر چـه‌تری هیزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان یان هه‌ر ناوێکی تردا یه‌کگرتووانه کۆبکەینەوە، و بیکەین بە ژێرخانی له‌شکه‌ری داهاتووی کوردستان،کە لە ئاییندەدا هێزی چه‌کداریی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی داهاتووی کوردستان (نه‌ک حیزب و لایه‌نی سیاسی یا نیزامی) بێت.
٣. هه‌ر ئه‌مڕۆ ئێمه ئاماده‌ین به‌شداری ده‌نگێکی یه‌کگرتوو بین دژی سیاسه‌ت و کارکرده‌کانی کۆماری ئیسلامی له کوردستان، بە ڕەسمیی بە ”داگیرکەر“ ـی دابنێێن و لەسەر ئەو بناخەیە داوای چوونە دەری ئەرتەشی ئەو داگیرکەرە لە کوردستان بکەین، و هێز و ئیمکاناتی ماددیی و مەعنەوی خۆمان سه‌ره‌ڕای هه‌ر که‌م و کوڕیه‌کیش به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتووانه له گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تردا دژی کۆماری ئیسلامی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستان‌دا به‌کار بهێنین.
ئێمه له‌سه‌ر ئه‌ساسی زانست و تێگه‌یشتنمان و باوه‌ڕی ته‌واو و جیددیمان به سه‌ربه‌ستی و سه‌رفه‌رازی خه‌ڵکی کوردستان له ده‌ست هه‌ر جۆره زۆڵم‌وزۆرێک، پێمانوایه ته‌نها رێگه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی هێزه سیاسی‌یه‌کان له ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شه دوور لە هەر جۆرە بیانوویەک.
ئێمه پێمانوایه که له داهاتووی ئاڵوگۆره‌کانی ئێران‌دا، ئه‌حزاب و پارته‌کانی کوردستان ده‌بێت له ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورددا یه‌کده‌نگیی خۆیان ڕابگرن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له ناوخۆی کوردستان‌دا ده‌توانن نوێنه‌ری بیروبۆچوونه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان بن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌توانن له هه‌ڵبژاردنه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئیداره‌ی کوردستان‌دا بلۆکبه‌ندی سیاسی خۆیان هه‌بێت.
ئه‌مڕۆ وه‌کوو لایه‌نی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌نها به یه‌ک شێوه ده‌توانین خه‌ڵکی کوردستان د‌ڵنیا بکه‌ینه‌وه و زه‌مانەت و گەرانتی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نتی و دیموکراتیک، تا ئه‌و جێگه‌ی که له هێزوتوانای ئه‌م لایه‌نانه‌دا بێت به خه‌ڵکی کوردستانی بده‌ین، ئه‌ویش دامه‌رزاندنی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووه که به ڕوونی له ڕووی تاکتیکی و ئیستراتژیه‌وه تەرازووی نزیکبوونه‌وه له ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان قورس بکات. تا به‌م جۆره هێز و پۆتانسیالی خه‌باتی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌وێته سه‌ر رێگای دروست و گونجاوی خۆی. ئه‌مه مایه‌ی دڵگەرمی و حه‌سانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه به‌و هه‌موو ڕه‌نج و زه‌حمه‌ت و ئه‌و قوربانیه‌یانه‌وه که کێشاویانه و ده‌یکێشن. بێ‌شک پێکهاتنی به‌ره‌یه‌کی گشتگر ،وێڕای ئه‌وه‌ی هیوا و دڵگه‌رمی به گه‌له‌که‌مان ده‌دات، هاوکات و‌زه‌ی ئه‌م هێزه له بن‌نه‌هاتووەی جوڵانه‌وه‌که‌مان به‌ره‌و زیادبوون ده‌بات.
هێرش عه‌لیزاده
وتەبێژی کۆمه‌ڵه ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان
٤/١٠/٢٠١٠

|