(دەقی ئەو نامەیەی بۆ ناتۆ نێردراوە بە زمانی کوردیی)

بۆ:

ناتۆ، رێکخراوەی پەیمانی ئەتڵانتیکی باکوور  NATO, North Atlantic Treaty Organization

بەڕێز، سکرتێری گشتیی کاک ئاندەرس فۆخ ڕاسموسن

هەروەکو ئاگادارن دەوڵەتی تورکیا لە کاتی دامەزراندیەوە لە ساڵی ١٩٢٣ باکووری کوردستانی ”کوردستانی تورکیا“ ـی داگیر کردووە، و لەو کاتەوە شەڕ دژ بە خەڵکی کوردستان دەکات.
بە پێی دۆکۆمێنتەکانی دەوڵەتی تورکیا کە بڵاویان دەکاتەوە بە شانازییەوە ڕای دەگەیەنێت کە لە مێژووی مۆدێرنی خۆیدا تا ئەم سەدەیە ٢٨ بزووتنەوەی ”تیرۆریستیی“ [ئازادیخوازانەی] خەڵکی کوردستانی لەناوبردووە.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە تورکیا لە بەئەندامبوونی لە ناتۆدا ساڵی ١٩٥٢ لە شەڕی خۆیدا دژ بە کورد دەستی باڵاتر بووە.

هەر ئەوەندە نییە کە تورکیا لە ساڵی ١٩٥٢ بەدواوە شەڕی خۆی دژ بە کورد توندتر و زەبرگیرتر کردبێت، بەڵکو هەروەها پاڵپشتیی سیاسیی، دیپلۆماتیی و لۆجیستیکیشی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ وەرگرتووە.

شەڕی تورکیا دژ بە خەڵکی کوردستان هەزاران کوژراو، زیاتر لە ٤ هەزار گوند وێرانکراو و چۆڵکراو و چەندین ملوێن کوردی ئاوارە و ڕاگوێزراوی لێکەوتووەتەوە، بۆ نموونە چەندین ملوێن کورد ئیستا لە ئەستەنبول دەژین. لە تورکیادا هەزاران زیندانیکراوی سیاسیی کورد هەن، و بەڵگەی ڕەشەکوژکردنی سڤیل و تیرۆری تاکەکەسی سیاسیی کورد لە بەردەستدان. وەکوتر دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست و بە ئاگا کوردستانی فەرامۆش کردووە. پیشەسازیی لە کوردستان نییە و ئینفراسترکتور لە ئاستیی تەواو دواکەوتوودایە، هاوکات ئینفراسترکتور لە بەشە تورکیەکەی تورکیادا بە هی وڵاتێکی پێشکەوتوو دەچێت. بێکاریی لە کوردستان زۆرە. تورکیا تەنها لە سەر هەندێک کاخەزی یەکیەتی ئوروپا هەبوونی کوردی بە ڕەسمی سەلماندووە.


تورکیا لەو ڕێگەوە کە ئامێر و کەرەستەی سپایی بە ناوی ”پۆلیس“ لە کوردستان بەکار دەبات و فڕۆکە جەنگیەکانی لە بڵنداییەکی نزمدا بە سەر خەڵکی سڤیلی کوردستاندا دەفڕن لە کاتێکدا کە دەنگی خۆیان بەردەدەنەوە، سیتەماتیک خەڵکی کوردستان تیرۆریزە دەکات.

لە کرداری ڕۆژانەدا تورکیا هەرە ڕەگەزپەرسترین و بێشارستانترین دەوڵەتی دونیایە. تورکیا نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکات و تەنها زمانێک کە هەیەتی زمانی هێزە. شەڕی تورکیا دژ بە کورد، سنوورەکانی خۆی دەبەزێنێت. تورکیا لەو دیو سنوورەکانی خۆیشیەوە سەرودڵی کورد دەگریت و بەرۆکی بەرنادات، بۆ نموونە تورکیا زۆر باش هاریکاریی ئێران لە کوشتنی ”کوردی ئێران“ دا دەکات،

ئێمە دەزانین کە ناتۆ، وەکو ڕێکخراوەیەکی پەیمانی سپایی، کاری سیاسیی و سەربازیی خۆی هەیە ، کە کارێکی بە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانەوە نییە.  گەلێک لە دەوڵەتانی ئەندام لە ناتۆدا خۆیان مێژوویەکی کۆلۆنییکردنیان هەیە و بە باشیی لە خەباتی نەتەوەکان بۆ وەدیهێنانی دیاریکردنی مافی چارەنووس و بۆ هاواری نەتەوەکان بۆ ئازادیی ئاگادارن.

هەندێک دۆخی تایبەتیی هەن کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناتۆ لەیەک جودا دەکاتەوە. تورکیا دێت و ناتۆ وەکو ئامرازێکی سیاسیی و سەربازیی بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بەکار دەهێنێت، و بە داخیشەوە لە ڕووی دیپلۆماتیشەوە لە شەڕی خۆیدا دژ بە نەتەوەی ئاشتیخوازی کورد یارمەتی وەردەگرێت.

لەبەرئەوەیە داوا لە ناتۆ و وڵاتانی ئەندام تیایدا دەکەین کە چاو بە ئەندامبوونی تورکیا لەو ڕێکخراوەیەدا بخشێننەوە، و لە شەرعیەتی تورکیا بۆ بەکارهێنانی ناتۆ وەکو ئامرازێکی سیاسیی و سەربازیی دژ بە خەڵکی کوردستان بڕوواننەوە.

ئێمە پێمان وایە ناتۆ نایەوێت پەیمانی جنێڤ و مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکات، یاخود لە هەر جۆرە پێشێلکردنێکی جۆری تر لە ماف بەرانبەر بە خەڵکی سڤیل، بۆ نموونە، کوردستان، بەشدار بێت.

تکاتان لێ دەکەین کە پشتگیریی لە شەڕی تورکیا دژ بە خەڵکی کوردستان نەکەن. دیموکراسیی تورکیا بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر لە کارەساتێکی سیاسیی هیچی دیکە نییە، و ئێمە باوەڕدارین کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا دەتوانن نەخشی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەی سیاسیی و دیموکراتیک و ئاشتیخوازانە بکەن بە ئەرکی خۆیان.
ئێمە پارتێکی سیاسیین کە خەبات دژ بە داگیرکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەکەین، ئەوی کە پێی دەگوترێت ”کوردستانی ئێران“. بەڵگەی زۆر لە بەردەستدا هەن کە هاوکارییەکی جیددی لە نێوان ئیران و تورکیادا دژ بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی هەیە. هەروەکو ئاگادارن، ئێمەی کورد، قوربانیی بالانسێکی هێزی نادادوەرانەین.

وێڕای ڕێزمان،

لە بریتی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و بە سپاسەوە
ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان

ڕێبوار ڕەشید

rebwar@psdkurdistan.org  (کەسیی)
info@psdkurdistan.org  (پارتیی)
 
کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٣/١/٢٠١٢