بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ڕای گشتیی دیموکراسیی

 

وەکو دەزانن دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر لە سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن، لە گرتن و ئەشکەنجەدان و پاشان کوشتنی خەڵکی کوردستان بەردەوامە. لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە گەورەترین سیاسەتەکانی ئێران میلیتاریزەکردنی ئێران بووە، بەتایبەتی لە کوردستان و بەلوجستان.

بیانووەکانی دەوڵەت، وەک هەر دەوڵەتێکی داگیرکار، هەمیشە ئەو خەڕەکە سیاسییە کە هێندە ڕێسراوە، لە دوور ڕا دا دەناسرێتەوە. دەوڵەت ئاماژە بە شلوقی خەڵک، بە هەبوونی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تیرۆریست و تاقمی شەڕخواز دەکات و زوو زووش مۆری جاسووسیی و سیخوڕیی بەو کەسانەوە دەنێت کە لە زیندانیان دەهاوێت، گوایا بۆ وڵاتانی وەکو ئەمەریکا و ئینگلیس کار دەکەن.
هەمووان دەزانن کە زۆرێک لەوانەی دەگیرێن کەسانی ئاسایی دڵسۆزن کە بە زۆریی لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری ئێران بۆ مافە مرۆڤییە سەرەتاییەکانی خەڵک خەبات دەکەن. بەڵام خەباتی مەدەنیی چەندیش ساکار و دوور لە زەبر و توندوتیژیی بێت،  حکومەت هەر تۆلەرانسی سیاسیی نییە بۆ چاوتروکاندنێکیش لێی بێ دەنگ بێت.

حکومەتی ئێران لە سی ساڵ زیاتری ڕابردوودا حکومەتێکی دیکتاتۆر و فاشیستی مەزهەبی بووە، بەڵام هاوکات لەسەر کوردستان داگیرکەرە. ئەم حکومەتە سەرەڕای دزی و تاڵانی لە کوردستان، هەموو جۆرە سیاسەتێک لە سووکایەتی پێکردن، لە قەدەخەکردنی کولتور و فەرهەنگ و زمان، لە بە ئەنقەست دواخستنی خەڵکی کوردستان لە هەموو بوارێکی سیاسیی و ئابووریی، لە دروستکردنی فەزای وەحشەت و ترس و ڕاوەدوونان و گرتن و لە خۆڕا کوشتن، پیادە کردووە. هەموو ئەمانە لە پێناوی زامنکردن دەسەڵاتی کۆلۆنیالیانە و داگیرکەرانەی خۆی لە کوردستان ئەنجام دەدات.
ئێمە ئەم سیاسەتە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیی، بە سوودوەرگرتن لە شێوازی دڕندانە و وەحشیگەرانەی چاخی ناوەڕاست، ڕوون دەکەینەوە و پێمان وایە ئەم سیاسەتە تا ڕزگاریی خەلکی کوردستان درێژەی دەبێت. حکومەتی ئێران کە خۆی دەستی تیرۆریستی لە ئەفگانستان و لوبنان و فەلەستین و سوودان و باشووری کوردستان و ئێراق و میسر هەیە، کە شەڕی مەزهەبی خستووەتە ناو زۆرێک لەو وڵاتانەوە، کە دونیای کردووە بە دوژمنی ئێران و ئێرانی کردووە بە مەیدانی گەندەڵی و فەسادی ئەخلاقیی، هێند پڕڕوو و بێشەرمە، کەسانێک بە جاسووس ناو دەبات کە تەنها تاوانێک کردبێتیان ئەوەیە دەیانەوێت وەک مرۆڤ ببینرێن. ئەوە ڕەووشتی سیستەمێکی داگیرکەری وەحشییە کە لەسەر بناخەی درۆ و دەلەسە و ساختەبازیی بنیات نراوە.

بە خۆباوەڕانە و شاناز بە خەباتی ئازادیخوازیی گەلەکەمان و پشتئەستوور بە خەڵکی کوردستان، درێژە بە خەباتی خۆمان بۆ ڕزگاریی و ئازادیی دەدەین و داوا لە خەڵک دەکەین کە بە خەباتی جەسوورانەی کوردستانیی و عەدالەتخوازانە، بە ڕێزگرتن لە یەکتر، بە قبوڵکردنی یەکتر و بە بەهێزکردنی ریزەکانی خۆیان و باوەڕ بە خەباتی ئازادیخوازیی، وەڵامی سیاسەتی داگیرکەریی بدەنەوە.

بژی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان
سوپای ئێرانی داگیرکەر لە کوردستان بۆ دەرەوە

کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٤/١١/٢٠١٠