سەبارەت بە ئیدیعایەکانی کۆماری ئیسلامیی و دەست و دایەرەکانی
راگەیاندنی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
بۆ ڕای گشتیی کوردستان و جیهان

 

هەمووان ئاگادارن کە رۆژی پێنجشەممه وەزارەتى هەواڵگریى ئێران ڕاى گەیاند کە ٤ کەسی بەتۆمەتى "تیرۆریستى و پێوەندی بە بەریتانیا و کۆمەڵە"وە لە شارى مەریوان گرتووه‌ و ئەو کەسانەیان بەکوشتنى ٥ کەس تۆمەتبار کردووە. هەروەها گوایا دەوڵەتی ئیران ژمارەیەکی زیاتری هەر بەو تۆمەتەوە گرتووە.

بە پێی ئیدعای کۆماری ئیسلامیی گیراوەکان درکاندوویانە کە لە ماوەى ٢ ساڵى ڕابردوودا، ٥ کەسیان کوشتووە و بڕیار وابووە لە بەرامبەر هەر کوشتنێکدا ٢٠ هەزار دۆلارى ئەمەریکایی وەربگرن، بەڵام تەنیا تا کاتى گرتنیان ٨٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. بە پێی ئەو پێ داگرتنە کەسە گیراوەکان بریتین لە بەختیار مێعمارى، هەژیر ئیبراهیمى، لوقمان مورادى و زانیار مورادى. لەو هەواڵەدا ئەو کەسانە بە ئەندامانى کۆمەڵە ناوبراون.

ئێمە، کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، رای دەگەیەنین کە ئەو کەسانە شارۆمەندی ئاسایین و بە ناهەق و ناڕەوا تۆمەتی گەورەیان خراوەتە پاڵ. یەکێک لەو کەسانە، زانیار مورادى کوڕی هاوڕێیەکی ئێمەیە. ئێمە دەزانین کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها لەبەر باوکی ئەو کوڕەیان گرتووە و دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە فشار بۆ خانەوادە و خزم و کەسوکاری بهێنن. هاوکات کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ناشارستانیانە و نامرۆڤانە پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە و بۆ فشاری کۆنەپەرستانە دەهێنێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان بە باشیی دەزانێت و باشیش دەزانێت کە کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان مل به‌ ئه‌و جۆرە فشارانە نادات و لەوەبەر رای گشتیی کوردستان و جیهانمان لە هەڵوێست و سیاسەتەکانمان تێ گەیاندووە.
لەو بارەوە داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە لە بیانوو و درۆ و دەلەسەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داگیرکەری کوردستان و دیکتاتۆری ئێران، بە باشیی تێ بگەن و بە خەباتی کوردستانیانە وەڵامی دروست و حیسابی خۆیان بدەنەوە.


هاوڕێیان، خەڵکانی دڵسۆز و بە ئەمەکی کوردستان،
ئێمە لە سیاسەتی دەوڵەتێکی داگیرکەر حاڵی دەبین و یەکەمین پارتی سیاسیین لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شیکردنەوەیەکی کۆلۆنیالیانە و داگیرکەریانەوە لە کۆماری ئیسلامیی دەڕووانین و تێ دەگەین و روونمان کردووەتەوە کە ئەوە کاری دەولەتی داگیرکەرە. بەڵام سەرەڕای زانیاری وردمان لەسەر عەبدوڵای موهتەدی، بە هەڵوێستی سەبارەت بەو چوار گیراوە کوردە، هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد  کە چۆن عەبدوڵای موهتەدی، لە فتوایەکدا ڕوو لەو دەسەڵاتە گەنیوە دەکات و لە چاوچاوێنێکی سووک و بیسەمەردا خوێنی ئەو گیراوانە حەڵاڵ دەکات.

ئێمە، کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، لەمەوبەدوا و لە شوێنی خۆیدا وەڵامی دروست بە عەبدوڵای موهتەدی دەدەینەوە، بەڵام هاوکات ڕوو لە خەڵکی کوردستان دەکەین وەڵامی خۆیان بەو شێوەیە لە سیاسەتکردن بدەنەوە کە چۆن کەسێک ئاوا روو بە دەرەوە چوار گیراوی کورد بە تاقمی کەسێک دەسەلمێنێت و مەشروعیەت بە کوشتنیان دەدات. ئێمە پرسیار دەکەین کە ئایا عەبدوڵای موهتەدی زیاتر لەوەی کە بۆ هەموو کەسێک ڕوونە، دەیەوێت بە چ شێوەیەک کۆمەک بە چارەسەرکردنی پرسی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بکات؟

ئەوانەی ئەدەبیاتی ئێمەیان لە چوار ساڵی ڕابردوودا خوێندووەتەوە دەزانن و برووا دەکەن کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە پێمان لەسەر یەکڕیزیی و یەکپارچەیی هێزە کورد و کوردستانییەکان داگرتووە و بە هەموو شێوەیەک ڕێزمان بۆ هەموو ئەو لایەنانە داناوە و ڕیگامان بە خۆمان نەداوە بە بچووکترین شێوە دلی داگیرکەر خۆش بکەین یاخود جۆرێک لە گرژی لە ناوخۆدا دروست بکەین. ئێمە ئەو کارە بە هۆشیاریەکی سیاسیی جیددییەوە دەکەین و دەزانین زامی کورد چەند ناسۆرە.

ئێمە دڵنیاین کۆماری ئسیلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو یارمەتیدانێکی لە لایەن کەسانی گومانلێکراوەوە، درێژە بە سیاسەتی خۆی دەدات و ئێمەیش درێژە بە خەباتی کوردستانیانە و سۆسیالدیموکراتانەی خۆمان دەدەین. لە ئاکامدا ڕووڕەشیی و پووشەنیی بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە کە شەرم لە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ناکەن، تەنانەت ئەو کاتەیش کە خوێنی بێتاوانترین مرۆڤ تک تک بە بەر چاویاندا دێتە خوار.

بژی خەباتی ئازادیخوازیانەی خەڵکی کوردستان
سپای داگیرکەر لە کوردستان بۆ دەرەوە
کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٦/١١/٢٠١٠