
هێرشی تورکیا و ئێران و کوێرەکۆڵانی هەڵوێستەکان
هێرشی دووقۆڵیی تورکیا و ئێران بۆ سەر کوردستان، بەتایبەتی بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی زەرەری گیانیی و ماڵیی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە، سەرجەم خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ناچار بە هەڵوێست کردووە.
لەو بابەتەوە گرینگە جارێکی دیکەیش کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی بە ڕای گشتیی کوردستان و جیهانیش بگەیەنێت.
١. دەوڵەتی تورکیا لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونییەوە (١٩٢٣) تاوەکو دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (١٩٧٩) بیستونو بزووتنەوەی کوردیی لە باکووری کوردستان بە مانای وشە قەڵاچوو کردووە. شەڕی تورکیا دژ بە خەڵکی کوردستان شەڕێکە لە پێوەندیی داگیرکەریی و داگیرکراویی، لە پێوەندیی دەسەڵاتدار و بێدەستەڵاتدا خولاسە دەبێتەوە. بەو شێوەیە پێوەندیەکی تایبەتیی بە هەبوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، نەک بە هەبوونی پارتێکەوە لە کوردستان. بۆ نموونە، ئەگەر هەر ئەوڕۆ پارتی کرێکارانی کوردستان ناوی لە مێژووشدا بسڕدرێتەوە، دەوڵەتی تورک واز لە داگیرکردنی کوردستان و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیی خۆی لە کوردستان ناهێنێت.
٢. لە هەمان مێژووەوە دەوڵەتی ئێران هەمان شێوە لە شەڕی دژ بە خەڵکی کوردستان کردووە. دەوڵەتی ئێراق و ئێران و تورکیا لە ساڵی ١٩٥٥ کاتێک حیلفی بەغداد دامەزرا، (ئەو دەم سووریا تەنها ٨ ساڵ بوو دامەزرابوو) سێ قۆڵیی، بە پێی دەیان ڕێککەوتننامەی ڕاگەیاندراو و نا ڕاگەیاندراو، هەموو جۆرە هاوکارییەکیان دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجام داوە. ئەم ئاماژەیە تەنها مێژووی مۆدێرن دەگرێتەوە، دەنا عوسمانییەکان و سەفەویەکان چەندیش دژ بە یەک لە شەڕدا بوون، لە سەر پرسی کورد هەمیشە هاوهەڵوێست بوون. بەڵگەی زۆر ڕوون ڕێککەوتننامەی ”چاڵدێران“ ـ ـە کە تیایدا بۆ یەکەم جار خاکی کوردستان و خەڵکی کوردستانیان، بە قازانجی خۆیان و بە زەرەری کورد، دابەش کرد. شایانی دووپات کردنەوە و وەبیرهێنانەوەیە کە پاش دروست بوونی سووریا (١٩٤٧) دەوڵەتی سوورییاش لە هەموو جۆرە هاوکارییەکی ستراتیژیی دژ بە کوردستان بەشداریی کردووە.
٣. ئەم سێ دەوڵەتە ئێستا لە پێوەندیەکی سیاسیی خودئاگا و پلانبۆکراو و بەرنامەڕێژدا پێ لە سەر هێشتنەوەی ئەو داگیرکەرییە دادەگرن. ڕەهەندی چەوساندنەوەی ئەوان هەموو جۆرە ئاست و شێوەیەکی لە ستەم گرتووەتەوە، هەر لە گاڵتەکردن بە فەرهەنگ و کەسایەتی کورد تا دەگاتە جینۆسایدی سیستەماتیک. پەیامی دەوڵەتی ئێران و تورکیا زۆر ڕوونە و شیرۆڤە و لێکدانەوەی ورد و تایبەتیی هەڵناگرێت. پەیامەکە ئەمەیە: نابێت هیچ جۆرە خەباتێک لە کوردستان هەبێت. خەڵکی کوردستان دەبێت تەسلیمبوون بە چارەنووس قبوڵ بکات.
٤. دەوڵەتی تورکیا هەر هەمان دەوڵەتە کە لە سەرەتای ڕزگاربوونی هەرێمی باشوورەوە تورکمانەکانی بە چوار ملیۆن داناوە، کە پڕ چەکی کردوون و ڕێکی خستوون و هەموو شێوەیەک لە کاریان کردووە کە کرێدیتی کوردستان و حکومەتی هەرێم بشکێنن. هەمان دەوڵەتە کە ڕێگا لە هەر شێوەیەک لە چارەسەری ئاشتیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراق دەگرێت و هەر جۆرە داوایەکی ڕەوای کورد بە شکاندنی یەکایەتی خاکی ئێراق دادەنێت، لەهەمانکاتدا بێ ئەندازە پارە سەرف دەکات سیخوڕ و بەکرێگیراو لە هەرێمی کوردستان بڵاوبکاتەوە و تا ئێستا هیچ دۆکۆمێنتێکی ڕەسمی تورکیا نییە وشەی ”کوردستان“ ، ”هەرێمی کوردستان” یان ”حکومەتی هەرێمی کوردستان“ تیایدا بەکار هاتبێت، بەڵکو وشەی ”بەڕێوەبەرایەتی باکووری ئێراق“ بەکار دەبردرێت. لە زۆرینەی دۆکۆمێنتەکاندا ئاماژە بە سەرۆکی هەرێم و پارلەمان و حکومەتی هەرێم ناکرێت، بەڵکو وشەی ”بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی“ بەکار دەبەن.
لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بۆ تورکەکان بووە بە کانگای پارەپەیداکردن و ساخکردنەوەی جۆرگەلێک لە بەرهەمی بێ ئەرزش و بێ کوالیتە کە لە وڵاتانی ئوروپا یان تەنانەت وڵاتی وەکو لوبنان و ئوردن ئاوەڕیان لێ نادرێتەوە.
دەوڵەتی ئێران ئەکتەری سەرەکیە لە پشت نەگەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی باشوور بۆ سەر هەرێم. ئەو ناوچانە هاوکات هاوسنووری ناوچەی کوردستانن لە ئێران. ئێران دەزانێت کە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێتە مایەی فشارێکی زیاتر لە سەری. ئێران هەروەها ئەو وڵاتەیە کە ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان سازمان دەدا، ڕێگا بە ئەنساروئیسلام دەدات بگەنە ناوچە ستراتیژیەکان و فشارێکی گەورەی لە سەر تەواوی ئێراق و کوردستان هەیە. ئێران سیستەماتیک هەوڵ دەدات خەڵکی کوردستان تووشی گەندەڵی ڕەووشتیی و کێشانی مەوادی موخەدەر بکات. لەوێدا ئێران کوردستانی ئەمدیو و ئەودیو ناناسێت، گرینگ ئەوەیە لاوان و جەوانانی کورد دووچاری خهساره کۆمهڵایهتیهکان و ئعتیاد و بێبەرپرسیاریی بکات.
هەموو ئەم کارانەی تورکیا و ئێران لە پێناوی هێشتنەوەی خەڵکی کوردستاندایە بە بندەستیی. نەک هەر بندەستێکی سونەتیی وا کە لە وڵاتانی کۆلۆنیکراودا عادەتەن باوە، بەڵکو کۆیلەیەکی بێ کەسایەتیی.
بەڕێزان،
ناکرێت خەڵکی کوردستان تەسلیم بە هەڕەشەی ئێران و تورکیا بن، ناکرێت هەڕەشەی ئەوە لە کورد بکرێت کە هەر ئەوەندەی بە ئاستەم لێو و قامک ببزوێنن ئەوا بۆمبارانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئاسایشی هەرێم تێک دەدەن.
هەموو دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان و هەروەها بەشێکی گەورە لە ڕای گشتیی جیهانیی و دەوڵەتانی زلهێز و ناوچەکە ئاگادارن و دەزانن کە کوردی هەموو بەشێک هەمیشە جەختی لە سەر چارەسهری ئاشتیی، سیاسیی و برایەتیی و هاووڵاتیبوون کردووە. بە داخەوە وەڵامی ئەو دەوڵەتانە، جێگە لەسۆکایەتی و ناوبردنی کورد بە بکرێگیراوی بێگانە، و هاوکاتیش بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بەشێوەیەکی دڕندانە دژی خەڵکی کوردستان بووە.
پەیامی ئەو دەوڵەتانە بۆ کورد کە بندەستیی و کۆیلەیەتیی قبوڵ بکات و تەسلیم بە واقیعی بێبەشیی و مافخوراویی و سەرگەردانیی بێت، کە لە بەرچاویدا سامان و موڵکی سەرزەمین و بنزەمینی بدزرێت، ڕوون و ئاشکرایە.
ئێمە هەموو ئاگادارین کە تورکەکان باشترین خەباتی مۆدێرن و سەردەمیانەی دیموکراتیک لە کورد قبوڵ ناکەن کە کورد لە باکووری کوردستان بە بەرچاوی جیهانەوە شایستەدار، بە ڕەنجی شان و ئارەقی نێوچاوان و بەو پەڕی شێوەی ئاشتیی و تۆلەرانسی سیاسیی وەدەستیدەهێنن. تورکەکان تەنانەت لە کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاشدا ناهێڵن کورد بەشداریی بکات و ئەو مەرجەیان بە سەردا دەسەپێنن کە وشەی کورد و کوردستان بە کار نەبەن. تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەرامبەر بە کورد لە ژێر فشاری تورکیادا لە دەوڵەتی بەشارولئەسەد کۆنەپەرستتر بەرخورد دەکات. زۆر پێش ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بگاتە سەر حوکم فێر دەکردرێن کە دەتوانن و دەبێت لە سەر کورد سازش و مامەڵە بکەن.
چارەسەری دروست پێشمەرجی تایبەتیی هەیە
ئێمە وەکو کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان هەر لە یەکەم رۆژەوە جەختمان لە سەر هێشتنەوە و بەهێزکردنی دەستکەوتەکانی گهلی کورد له باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
هاوکات پێویسته هەموو تاکە کوردێکی دڵسۆز، هەر کەسێکە و لە هەر کوێیە، له بهرامبهر فریوی دەوڵەتی تورکیا و ئێران هۆشیار بن، خۆ تەسلیم بە هەڕەشە و گوڕەشەیان نەکەن، و نرخ بۆ بیانوو و درۆدەلەسەیان دانەنێن. خۆتەسلیمکردن بە داوای ناڕهوای ئێران و تورکیا بە مانای پاراستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییه، بەڵکو بە مانای کۆتایی پێهێنانی حکومهتی ههرێمی کوردستانه.
ئەو دەوڵەتانە دژی هەموو جۆرە کوردێکن و، باشوور و باکوور و خۆرهەڵات و رۆژئاوا ناناسن. سنووربەزاندنیان لە شەڕ و لە هەڕەشە و لە هاوکارییدا بە زۆرەوە سەلماندووە. باسەکە زۆر لەوە دوورتر و ئاڵۆزترە کە هەندێک لایهن و تاکی کوردستان پێیانوابێت کە ئەوان دژی ”ئێمە“ نین. هەموومان دەزانین ئەو دەوڵەتانە هەر بەوە ڕازی نابن کورد بێ دەنگ بێت، بەوەش ڕازی نابن کە شانازیی و سەربەرزیی و سهربهستی لە هەر تاکێکی کوردستان داماڵن، بەڵکو تەنها کوردێکی بە عهرهب بوو به تورکبوو و بە فارسبووی زەلیل و داماو و داڕزیو قبوڵ دەکەن کە شایستەی ئەوە نەبێت بۆ تاکه چرکهیهکیش سەری خۆی بەرز ڕابگرێت.
خهڵکی تێکۆشهری کوردستان،
ئەوە پەیامێکە پڕ لە شەرمەزاریی، قابیلی قبوڵ نییە و نابێت قبوڵ بکرێت.
ئێمه له ههموو بانگهوازو قسهوباسهکانماندا پشتیوانیمان له گرتنی کۆنفرانسێکی نهتهوهیی کردووه و به پێویستی دهزانین ههنگاوهکانی ههموو لایهنه کوردستانیهکان بۆ گرتنی کۆنفرانسێکی نهتهوهیی خێراتر بکرێتهوه.
هەروەکو زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش و زۆرینەی پارت و ڕکخراوگەلی کورد و کوردستانیی لەگەڵ چارەسەری ئاشتیی و سیاسیی و دوور لە بەکارهێنانی زەبروزەنگداین. هەروەکو خەباتی پادشا مەحمود حەفیدی نەمر و قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزان و دەیانی دیکەی پێش ئەم مێژووە. بەڵام هاوکات تا ئەو دەمەی داگیرکەر لە سیاسەتی پاکتاوکردن و نەخوێندنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانیی و سیاسەتی بەدڕەووشتانە و دڕندانەی خۆی بەردەوام بێت، داوا لە هەموو لایەک و لە هەموو تاکێکی کوردستان دەکەین لە هەر جۆرە خەباتێک درێغی نەکەن کە لە دەستیان دێت.
لەم ڕاگەیاندنەوە هەروەها داوا لە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارلەمێنتاران و لە سەرجەم حیزب و لایهنه سیاسیهکان، ڕۆشنبیران و خەباتکارانی کوردستان دەکەین نەهێڵن داگیرکەر زەفەر بە خۆشباوەڕیی و دڵپاکیی کورد ببەن، نەهێڵن داگیرکەر پواز بخاتە نێوان ڕیزەکانی خەڵکی کوردستانەوە و ڕێگا نەدەن هەبوونی چەند هەزار خەباتکارێکی چەکداری کورد پاساو و بیانووی بێ مانا بێت بۆ چەوساندنەوەیەک کە تورکیا و ئێران کردوویانە و کە لە مێژووی مۆدێرندا نموونەی نییە، بۆ چەوساندنەوەیەک کە تەنها لە مێژووی مۆدێرندا نیزیکەی یەک ملیۆن قوربانی گیانیی لە سەر کورد کەوتووە و بە تریلیۆن دۆلار سامان و موڵکی کوردی تیادا تاڵان کراوە.
کارمەندانی گەورە و بچووکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکەن کە ئەوان ئەگەرچی بە ڕەسمیی نوێنەرایەتی ئەو هەرێمە دەکەن، بەڵام ئێستا لە پراکتیک و لە ڕاستەقینەی ژیانی خەباتدا ڕووی ناوەوە و دەرەوەی کوردستانن و ناچارن ئەو بەرپرسایەتیە گەورەیە هەڵبگرن. هەروەکو چۆن وادەبوو ئەگەر خۆرههڵاتی کوردستان یان باکوور ئازاد بووایە. ئەوە بەرپرسایەتیەکی فرە گەورەیە و ڕهنگه تاڵ و سوێریش بێت، کە بە داخەوە دۆخی بندەستیی کوردستان سەپاندوویەتی.
هاووڵاتیانی خۆڕاگری کوردستان
ئێمە هەموومان پێکەوە وەکو خەڵکی کوردستان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم سازمان و ڕێکخراوەی سیاسیی و مەدەنیی هەموو بەشێکەوە، بێجگه لە هاوکاریی و هاودەنگیی ناوخۆ، هەروەها دەتوانین بە جیددی داوا لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، و لە یەکیەتی نەتەوەکان و هەموو لایەکی دیکە بکەین کە هەرێمی کوردستان لە شەڕی ئێران و تورکیا بپارێزن. لە پارسەنگی نێودەوڵەتییدا کوردستان و خەڵکی کوردستان بێ نرخ نیین، بەڵکو خاوەنی نرخی ستراتیژیک و جیوپۆلیتیکی خۆیانن.
ئێمە دڵنیاین و دەزانین کە دەتوانین فشاری ئەو دەوڵەتانە لە سەر کوردستان کەم بکەینەوە بە مەرجێک، لەگەڵ ئەوپەڕی پێداگرتن لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ و دانوستاندن، هاوسەنگەر و هاوپشت بین بەرامبەر بە ئێران و تورکیا.
- نا بۆ خۆتەسلیمکردن بە بیانوو و درۆودەلەسەی تورکیا و ئێران کە دەزانین داوای ئەوان ناڕەوا و بێ کۆتاییە
- نا بۆ شەڕی ناوخۆیی لە کوردستان و نا بۆ دژایەتیکردنی یەکتر
- نا بۆ ئیمتیازدان بە فڕوفێڵی داگیرکەران
- بەڵێ بۆ شانازیی و سەرفەرازیی و سەربڵندیی
- بەڵێ بۆ مافی مرۆڤ کە بتوانێت ئابڕوومەند و سەروەر بژی
- بەڵێ بۆ خەباتی زەبرنەگیر و بۆ چارەی ئاشتیی و سیاسیی
کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٢٤/٨/٢٠١١

|