پیرۆزبایی لە ”خەوسەریا دیموکراتیک“ـی باکووری کوردستان دەکەین

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
ئازادیخوازان و مافخوازان لە باكووری كوردستان و هەر بەشێکی دیکە
سڵاوی گەرمی هاوڕێیانە و سەركەوتنی سەربەخۆییتان لێ بێت

بەڕێزان، دۆزی کورد خۆشبەختانە وا پێشکەوتووە کە نەک هەر دڵسۆزان و خەباتکارانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو هەر کەسێک لە سیاسەت بە گشتیی ئاگادار بێت دەزانێت کە دەوڵەتی کۆلۆنیالی تورکیا لە سەر کوردستان یەکێکە لە هەرە کۆلۆنیالە پاوانخواز و دڕندە و وەحشیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە بە بەرچاوی جیهانەوە تا ئەوێش دەڕووات کە نکۆڵی لە هەبوونی کورد بکات کە بە هەزاران ساڵ پێش هاتنی خۆیان بۆ ناوچەکە هەبووە و ژیاوە. نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد بۆ ئەوەیە کە نکۆڵی لە هەبوونی کوردستان وەکو خاک بکرێت.

ئەم دەوڵەتە تەنانەت لە کێشەی وڵاتی لیبیاشدا دەست وەردەداتە کاروباری ناوخۆ. لە سەرەتای بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەو وڵاتە دەوڵەتی تورکیا هاوپشتیی لە حکومەتی موعەمەر قەزافی دەکرد. پاشان بە دانانی مەرج و هاوارکردن بۆ یەکایەتی خاکی لیبیا دەستی کرد بە پشتگیریکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە. دەوڵەتی تورکیا زەندەقی لە خواستی خەڵک بۆ وەرگرتنی ماف چووە.
هەمان نموونە سووریایە، بەتایبەتی کە ئیتر لە سووریا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن و پارچەیەک لە ئاخی کوردستان لە ژێر دەستی دەوڵەتی سووریادایە.

لە سەرەتادا دەوڵەتی تورکیا لە پشتگیرییکردنی لە دەوڵەتی سووریا ئەوەی کرد کە پێی کرا، و پشتێنەیەکی ئەمنیی لە سەر سنوور دامەزراند و کە زانی کار لە کار ترازاوە و بزووتنەوەی دیموکراتیخوازانە و مافخوازانەی ئەو وڵاتە تا دێت پەرە دەستێنێت لەشکرکێشیەکی گەورەی بۆ سەر ئەو ناوچەیەی سنوور کرد. ئەوجا دەستی کرد بە کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایی و دانانی مەرج لە سەریان کە دەبێت یەکایەتی خاکی سووریا بپارێزرێت. تا ئەوەی کوردی بندەستی سووریا ناچار بوون لە ناڕەزاییدا بایکۆتی کۆنفەرانسی سووریایەکان (١٦/٧) لە ئەستەنبول بکەن.

هاوڕێیان، دڵسۆزان، خەباتکارانی ئازادیخوازیی لە هەر کوێیەک هەن
دەوڵەتی تورکیا هەر بە تەنیا داگیرکەری یەک بەشی کوردستان نییە. دەوڵەتی تورکیا دژ بە هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی کورد و خەڵکی کوردستان ئەکتەرێکی گەورە و هەڵسووراو و چالاکە و بە بەردەوامیی لە کاردایە کە لە خەباتی ئازادیخوازییدا پێش بە کوردان بگرێت. بولێنت ئەجەوید، مامۆستای ڕەگەزپەرستیی تورک دەیگوت ”کوردستان ئەگەر لە ئەفەریقایش دروست بێت ئێمە بە پرینسیپ هەر دژین“.
پاش ئەوەی کورد، سەرەڕای ساختەچێتیی و وەحشیگەریی تورکیا، لە هەڵبژاردنی ئازاددا توانی لانی کەم ٢٦ کورسی پارلەمان وەربگرێت و ١٢ ژنیش لەو ژمارەیەدا جێی خۆیان بگرن، کە نموونەی نە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەڵکو لە زۆرێک لە وڵاتانی ئوروپاش نییە، تورکیا بە چەپ و ڕاستییەوە، ترسیان لێ نیشتووە کە ئیتر خەباتی کوردستانیی بەو شێوە ڕوو لە هەوراز نییە. پاش ئەو سەرکەوتنە دەزانن کە خەباتی باکوور دەتوانێت ڕوو لە سەرکەوتن بێت و لەبەرئەوە هەر جۆرێک بۆی بلوێت و بۆی بکرێت، پێش بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان دەگرێت.
وەڵامی سیاسیی ئێوە بە تورکیا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ”خەوسەریی دیموکراتیک“ بە هەنگاوێکی گرینگ و بەجێ و ئازایانە دادەنێین و هاوپشتانین.
ئێمە دڵنیاین دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی کە دەوڵەتێکە بە مێژوو لە عەمەلدا سەلماندوویەتی کە چەند دڕندە و وەحشیی و ڕەگەزپەرستە، هاوکات کە ساڵانە بە ملیارد دۆلار لە باشووری کوردستان قازانج دەکات، هەوڵ دەدات تۆوی دووبەرەکیی و ناتەبایی لەوێ بچێنێت، جاسوس و سیخوڕ دروست دەکات و لە ڕێگای گۆڕینەوەی زانیاریی و تۆپبارانکردنی ناوچە سنووریەکانەوە هاوکاریی لەگەڵ ئێراندا دەکات.

بەرێزان، هەموو سەرکەوتنێکی ئێوە لە باکووریی کوردستان و لاوازبوونی دەوڵەتی کۆلۆنیالی تورکیا نێزیکبوونەوەی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانە لە ئازادیی و سەربەخۆیی. ئێمە لەم دۆخە هەستیارەدا باش لە ئێوە دەگەین و خۆمان بە پرسیی وردۆکە و بچووکەوە خەریک ناکەین، چون دەزانین هاوپشتیی و هاوسەنگەریی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی باکووری کوردستان تێگەیشتنە لە خەبات دژ بە داگیرکەریی و کۆلۆنیالیزم لە کوردستان.

سەرکەوتوو بن و سەرکەوتوو بێت خەباتی ئازادیخوازانەمان
شه‌کاوه‌ بێت یه‌کڕیزیی و یه‌کده‌نگیی گه‌لی کوردستان

کۆمه‌ڵه - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
١٦/٧/٢٠١١