
بۆ ڕای گشتیی خه‌ڵکی کوردستان
وه‌ک ده‌زانن بارودۆخی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین بە خێرایی لە گۆڕاندایە و گۆڕانکارییەکان بناخەیین و کاریگەرییان لە سەر چارەنووسی سەرجەم دانیشتووانی ناوچەکە هەیە.
له‌م نێوه‌دا بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی کورد ده‌یان ساڵه له به‌رامبه‌ر زۆرترین سه‌رکوت و توندوتیژییدا خۆڕاگڕیی کردووه و سه‌ره‌ڕای هه‌لومه‌رجی دژوار، به‌ڵام په‌ره‌ی به خه‌بات له پێناو گه‌یشتن به مافه ره‌واکانی خۆی داوه و هاوکات کاریگه‌ری له سه‌ر گه‌لانی ناوچه‌که داناوه و ئیراده‌ی گه‌لی کورد ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماندووه که گه‌لان که‌ی ویستبێتیان و که‌ی خۆیان رێکخستبێت توانیویانه له سه‌خترین هه‌لومه‌رجیشدا درێژه به تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی خۆیان بده‌ن.
پاش ئازادکردنی ئێراق لە دەست یەکێک لە هەرە دیکتاتۆرەکانی سەردەم کە هاوکات داگیرکەری کوردستانیش بوو، باشووری کوردستان بوو بە خاوەنی حکومەتێکی فیدراڵیی و سەرەڕای هێشتا ئازادنەبوونی هەندێک ناوچە دەستکەوتەکانی فرە و شایانی باسن. لە مێژوودا بۆ یەکەم جار بەشێک لە کورد بوو به خاوەنی ده‌سه‌ڵات و سامانی خۆی و توانی لە سه‌ر نیشتمانه‌که‌یدا نەخشە و بودجە بۆ کەرتە گرینگەکانی ژیانی خۆی تەرخان بکات. یەکەم جارە لە مێژوودا بەشێک لە کورد فەزای بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە بۆ فەراهەم بێت و سەرەڕای کەموکورتیش پرۆسەیەکی دیموکراسیی و مەدەنیی و مۆدێرن دەست پێ بکات. هه‌روه‌ها له باکووری کوردستانیش ده‌ستکه‌وته‌کان شایانی باس و بایه‌خ پێدانن و هاوکات له باشووری رۆژئاوای کوردستانیش کە گۆڕانکاریه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یشی ته‌نیوه و بواری بۆ کورد ره‌خساندووه، هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی مافی گه‌لی کورد ده‌درێت و هێزه کوردستانیه‌کان به زۆرینه‌وه ده‌نگی خۆیان یه‌کخستووه.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دوژمنانی کوردستان بەهێزن و خاوەنی نێزیک بە سەدەیەک لە ئەزموونی چەوساندنەوەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان به هه‌ست کردن به گرینگی ئه‌م قۆناغه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد پشتیوانیان له داخوازیه‌کانی گه‌ل له رۆژئاوای کوردستان کرد و هه‌روه‌ها جەختیان لە سەر ڕێگاچارەی ئاشتیی و سیاسیی بۆ پرسی باکوور کردووە و سەرەڕای سەختی و دژواریی پرسەکە ڕێگریان لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی کردووه. له هه‌مانکاتیشدا جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه کردووه که تەبایی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان دەبێت بپارێزرێت و پرسی کورد دەبێت لە فەزای دیالۆگ و یەکترقبوڵکردندا پێش بخرێت و له‌و پێناوه‌شدا هه‌وڵه‌کان بۆ به‌ستنی کۆنفرانسێکی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌رده‌وامه.
له به‌ر تیشکی رووناکی تێگه‌یشتنمان له گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که و له پێناو به‌هێزکردنی خه‌باتی مه‌ده‌نیی و جه‌ماوه‌ریی له هه‌موو بواره‌کاندا و هه‌روه‌ها ره‌خساندنی که‌ش و هه‌وایه‌کی له‌بار بۆ دیالۆگ و هه‌وڵدان بۆ هاوئاهه‌نگکردنی ریزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌م قۆناخە هه‌ستیاره‌دا بڕیارماندا به راگرتنی خه‌باتی چه‌کداریی له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان له سه‌رسنووره‌کان. له‌م رووه‌وه ئێمه به‌رپرسیار نین له‌به‌رامبه‌ر هه‌رچه‌شنه جم و جووڵێکی چه‌کداریی له ناوچه‌که که به ناوی کۆمه‌ڵه - پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستانه‌وه بکرێت.
ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ وه‌کوو لایه‌نێکی کوردستانی به ئه‌رکی خۆمانی ده‌زانین، بایه‌خدانی زیاتره به کاری رێکخستن له ناو جه‌ماوه‌ری کوردستان و هه‌روه‌ها رێکخستنی ریزه‌کانی خۆمانە به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی هه‌ڵوێستێکی هاوبه‌ش له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها دروستبوونی گوتارێکی هاوبه‌ش له نێو گه‌لی کورد و حیزبه‌کوردستانیه‌کان. له‌م رووه‌وه ده‌ستی هاوکاریی و هاوخه‌باتیی هه‌موو تاکێکی کورد ده‌گوشین و هیوادارین ده‌نگه‌کانمان له پێناو هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بۆ گه‌یشتن به مافه ره‌واکانی گه‌لی کورد یه‌ک بخه‌ین.
سەرکەوتوو بێت خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان
کۆمه‌ڵه ــ پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان
٢٢/١٢/٢٠١١

|