تیرۆرکردنی مەشعەل تەمۆ هەڵگری پەیامێکە تیرۆرکردنی تێکۆشەری کورد مەشعەل تەمۆ، گوتهبێژی ”رهوتی موستهقبهل“ و یەکێک لە چالاكوانی سیاسی كوردی رۆژاوای کوردستان، ناوبراو بە کوردستانی سووریە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٧/١٠/٢٠١١ رێکەوتی ١٥ رەزبەر ١٣٩٠، پەیامی داگیرکەرانە کە شێوەی تیرۆرکردن دەبەنە ئاستی سەرەوەی ئاجێندای سیاسییان. تا هەفتەی ڕابردوو دەوڵەتی سووریە بەتایبەتی هێرشی نەدەکردە سەر بەشی کوردستان لە سووریە. دەوڵەتی سووریە کە باش لە سیاسەتی ٦٣ ساڵەی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادارە، کە لە درێژایی ئەو ماوەیەدا وەکو هاووڵاتی نکۆڵیی لە هەبوونی کورد دەکات و بە ڕەسمی نازناوی ”میوانی خاکی عەرەب“ ـی بەسەردا سەپاندوون، کە لە سەر ئاستی ڕۆژانە ڕایگواستوون بۆ ناوچەی عەرەبنشین و عەرەبی هاوردەی هێناوەتە جێیان، کە لە ژێر فشاری خراپکردنی باری ئابوورییدا بە ملیۆن کوردی کردووە بە کرێکاریی وەرزیی ناوچە عەرەبنشینەکان، کە بە ڕەسمیی هانی عەرەب دەدات کە ژنی کورد مارە بکەن، دەیزانی کە لەم کاتەدا فشاری زیاتری سەربازیی بۆ سەر کوردستان، کە خۆی هەمیشە ناوجەیەکی ناڕاستەوخۆ میلیتاریزە بووە، دەبێتە مایەی پڕبوون و بەسەردا ڕژانی جامی کورد. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە دەستی داگیرکەر و دڕندەی تورکیاوە دەناڵێنێت. تورکیا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەیە کە لە مێژووی خۆیدا، بە ئێستایشەوە کە قازانجی ملیاردەها دۆلار لە کوردستان دەکات، کۆسپ دەخاتە بەردەم کاری سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، دووبەرەکیی و ناتەبایی دەچێنێت و تورکەمان و عەرەب ڕێک دەخات و بە گژ کوردیان دا دەکات. هەمان دەوڵەت، ئەگەرچی لەگەڵ ئێران کۆمەڵێک کێشەی گەورەی مێژووریی و ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی هەیە، هاوکات دژ بە تێکۆشەرانی کوردستانیی لەوپەڕی هاوئاهەنگیی سیاسیی و سەربازییدایە. لە شەش مانگی رابردوودا هێزی سەربازیی ئێران و تورکیا دووقۆڵی وەکو یەک سوپا هێرشیان بردووەتە سەر کوردستان. ئێمە بە توندیی ئیدانەی تیرۆرکردنی تێکۆشەر مەشعەل تەمۆ دەکەین و داوا لە سەرجەم هێزی سەربەخۆییخواز و کوردستانیی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین کە لە سەر خەباتی کوردستانیبوون و سەربەخۆییخوازیی بەردەوام بن. ئەوە تەنها وەڵامێکی دروستە دژ بە داگیرکەران.
|