سەربەخۆیی: مافێکی رەوا و داوایەکی ڕیئالیستیی و ئومیدێکی بەهاتە
دڵسۆزانی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان دۆستان و یاران دەزانن کە خەباتی سەخت و خوێناوی و پڕ زیانی ماڵیی و گیانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک و سەرەڕای هەموو لەبەرچاوگرتنێکی خواستی دوژمن بۆ داوانەکردنی سەربەخۆیی و لە بریتی ئەوە داواکردنی خودموختاریی و ٣ خاڵ و ٨ خاڵ و ١٤ خاڵ، بە سەرکەوتن نەگەیشتووە، که ئەوە ڕاستییەکی تاڵە. دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە. کەس نازانێت باس لە چ جۆرە فیدرالیزمێک دەکرێت و ئایینامە و ڕوونکردنەوەی کامەیە و لە کوێ بڵاوکراوەتەوە و دەست کێ لە خەڵکی کوردستان گەیشتووە. دووبارە خەڵکی تا سەر گەروو هاتووی کورد ماسیی لە چۆمدا پێ دەفرۆشرێتەوە. ئەزموونی لانی کەم لە ٧٠ ساڵی ڕابردوو لە سەر جۆری لەو شێوە لە داوای چارەسەر، ئەگەر قسە لەسەر زەرەرمەندبوونیش نەبێت، لەو پەڕیدا ناسەرکەوتوو بووە. داگیرکەر، جا هەر حکومەتێک نوێنەری بووبێت، نە هەر وەڵامی بە داخوازیی ٣ خاڵەی کوردیش نەداوەتەوە و بەڵکو تەنانەت تیمی تیرۆریستیی و بکوژی بۆ دانیشتنی ئاشتیانە لەگەڵ لایەنی کورددا ناردووە. هاوکات دەهێنینەوە بیری هەمووان کە خەبات بۆ سەربەخۆیی، خەون و خەیاڵ و شەڕفرۆشتن بە پەروانەکانی ئاشی با نییە وەکو تا ئێستا ڕۆڵەی زیانلێکەوتووی کوردی پێ گۆش دەکرێت، بەڵکو خەباتێکە کە هەندێک پێشمەرجی گرینگ دادەسەپێنێت، وەکو باوەڕبەخۆبوون و پشتبەخۆبەستن و دڵسۆزیی و تەبایی و قبوڵکردنی پلورالیزم و کاری هاوبەش. ئەوانە پێشمەرجگەلێکن کە دەبێت هەر تاکە سەربەخۆیخوازێکی کوردستانیی بە خوێنی خۆی بیپارێزێت. ئێمە لە خەباتی خۆماندا دڵنیاین کە کوردستان بە زۆرەوە خاوەن کچان و کوڕانی لێهاتوو و کارزان و تێکۆشەرە کە دەتوانن خەباتی سەربەخۆیی بە ئامانج بگەیەنن. با دۆستان و دوژمنان بزانن کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە بۆ ڕەواندنەوەی هەموو جۆرە گرژیی و نیگەرانییەکی سیاسیی، داوای ڕیفەراندۆمی سیاسیمان کردووە، نەک دامەزراندنی دەوڵەت. ئەویش بەو مانایەی کە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا، دوور لە فشار و گوشار، بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. هەموو لایەنێکی دیکە، بە ئەوانەیشەوە کە بە دزیی و لەژێر پەردەوە داوای دانیشتنی زۆر ئاست نزم لە دەوڵەتی داگیرکەر دەکەن، دەتوانن و بۆیان دەبێت جاڕ و بانگەواز بۆ شێوەچارەسەری خۆیان بکەن. فەزای ڕیفەراندۆم هەلی بەشداربوون بۆ هەموو لایەک، تەنانەت بۆ تاکەکس و گرووپیش، دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەرە کۆتاییدا خەڵکی کوردستانە کە ئەو چارەسەرە سیاسییە هەڵدەبژێرێت کە بەلایەوە پەسەندە. هیچ لایەنێک نابێت هێندە بێڕێزیی بە خەڵکی کوردستان بنووێنێت کە مافی وای پێ بە ڕەوا نەبینێت. بۆ ئەوەی ڕێگا لە هەموو جۆرە شێوەیەک لە خراپ لەیەک تێگەیشتن بگرین لێرەدا ئەوەیش دەڵێین کە ئێمە بە پرینسیپ دژ بە کۆبوونەوە و دیالۆگ لەگەڵ هیچ لایەنێکی ئەو دیو سەنگەری کوردستانەوە نیین، چونکە لە لایەکەوە بڕووامان بە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیی و شارستانیانەی دوور لە زەبر و زەبرگیرییە، و لە لایەکی دیکەوە شتێکمان نییە پەنهان ڕایبگرین. ڕای خۆمان بە سەربەرزیی و شانازییەوە لە هەموو هەلێکدا بە یاران و نەیار ان دەگەیەنین. هاووڵاتیان، کوردستانیانی دڵسۆز هاوڕێیان و دڵسۆزان، پشتبەخۆئەستوور و باوەڕبەخۆ بێت خەڵکی کوردستان! کۆمهڵه ــ پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان
|