
لێمان تێبگەن کە ناکرێت بێ دەنگ بین!
نامەیەکی سەر ئاوەڵە بۆ:
عومەر ئیلخانیزادە “سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”
وەڵام بە:
عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەتیكردەوە ئەندامانی ئەوان چالاكیان دژی ئێران ئەنجامدابێ "ئێمە بە هیچ شێوەیەك خاكی هەرێمی كوردستان دژی ئێران بەكارناهێنین، چونكە گوشار بۆ سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەبێ". ئیلیخانیزادە نەیشاردەوە رەنگە هەندێك لەوانەی لە كۆمەڵە دابڕاون چالاكییان دژی ئێران ئەنجامدابێ "هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵە دابڕاون و چوونەتە نێو پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستانی ئێران لەوانەیە ئەو كەسانە بووبن، كە لە قەندیلەوە چووبن بۆ چالاكی، ئەوانیش 5-6 كەسێك دەبن". (ڕووداو نێت http://rudaw.net/kurdish/index.php/kurdistani/7182.html )
بەڕێزان،
دۆستانمان، دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان و هەروەها ئەو بەڕێزانەی لە کاروبار و چالاکیی سیاسییدان دەزانن کە وا پارتی ئێمە بەرەو پێنج ساڵ لە تەمەن هەنگاو دەنێت. وەکو پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بە ڕۆشنیی لە پرۆگرام و پێرەوماندا ڕوونمان کردووەتەوە و ئاماژەمان پێ کردووە کە ڕێزی بێپایانمان بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە تەنانەت بە یەک سەعاتیش لە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستاندا بەشدار بوون و هەوڵمانداوە ڕیزی تەبایی و هاوڕێیەتیی و یەکدەنگیی بەهێز بکەین. ڕوونمان کردووەتەوە کە دەست وەرنادەینە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕێزمان بۆ ئەو نوێنەرایەتیانە هەیە کە هەن، و هەروەها ڕاشکاوانە پشتگیریمان لە خەڵکی باشووری کوردستان و لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەبوونی کردووە. هاوکات دەمانەوێت و خەبات بۆ ئەوە دەکەین کە دۆخێکی هاوڕێیانە و برایانە لەسەر بناخەی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ لایەنانی چالاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ساز ببێت.
لە سەرەتای دەست بە کاربوونمان کاک عومەر ئیلخانیزادە بە سەدان جار پێوەندیی شەخسیی لەگەڵ هاوڕێیانی ئێمە گرتووە. لە سەرەتادا بە قسەی خۆش و بە داوەتکردن و بە شێوەی دیکە، و پاشان بە لەپاشملە قسەکردن لە نێوانماندا و لە شێوەی دیکەی نادروست لە بەرخورد. بەرهەمی ئەو کارەی تۆزێک پێکەنین بۆ ئێمە و مایەپووچیشی بۆ خۆی تێدا بوو.
پاش ئەو هەوڵە ناسەرکەوتووانە، دەیان جار لە دەمی دۆستانی ڕۆژهەڵاتمان بیستەوە کە چۆن کاک عومەر ئیلخانیزادە بە خراپی باسمان دەکات و هاوڕێیانی باشووری کوردستانیش چەندین جار سەبارەت بە گەلێک بوختان و درۆدەلەسە پێوەندیان لەگەڵماندا گرت. پاش ڕوونکردنەوەی ئێمە و بەدواداچوونی ئەوان تێگەیشتن کە ناوبراو درۆیان لەگەڵدا دەکات. ئێمە کە دەمانزانی زەرەرێکی ئەوتۆمان نەکردووە قسەیەکمان نەبوو، بەڵام داوامان لەو بەڕێزانەی باشوور کرد کە ئەو جۆرە لە زانیاریدان کە بە ئەنقەست بە هەڵە دەدرێن، قبول نەکەن.
بەڕێزان،
لە پێش دامەزراندنمان و لە کاتی دامەزراندنماندا ئێمە یەک جاریش پرسیارمان لە کاک عومەر ئیلخانیزادە یان هیچ هاوڕێیەکی ئەو یان ئەندامی ئەوان بۆ هیچ جۆرە باسێک نەکردووە. هیچ کاتێک پێوەندیمان بە ناوبراو یان ئەندامانی ئەوانەوە نەگرتووە، بۆ نموونە کە یارمەتی یان ڕێنوێنیمان بکەن. لە کاتی دەستبەکاربوون و چالاکبوونماندا یەک جاریش هیچ پێوەندیەکی تایبەتیی یان گشتیمان لەگەڵیاندا نەبەستووە.
سەرەڕای دووریگرتن و دوورەپەرێزیمان کاک عومەر ئیلخانیزادە و سیان چوارێک لە هاوڕێیانی دیکەیان بە چەندینجار لە ئوروپا و لە کوردستان پێوەندیان پێوەگرتووین، بە گیریان هێناوین و پرسیاریان لێکردووین کە بۆ تێکەڵ نەبین، بۆ نەبین بە یەک و بۆ پێکەوە کار نەکەین. بە وردیی وەڵاممان داونەتەوە کە ئێمە پارتێکی سەربەخۆ و خاوەن پرۆگرام و پێڕەوی زۆر وردین، و خوازیاری ئەو جۆرە چەشنە لە یەکگرتن و لە تیکەڵاوبوون لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نین. تەنانەت ناچار بووین لە وتارێکی تایبەتیدا بە ناوی ”بۆچی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتییمان هەڵبژارد؟“ وەڵامی سیاسی و ڕێزدارانە بەوان و بە ڕای گشتیش بدەینەوە. هەروەها پێمان ڕاگەیاندوون کە هەتا لایەنێک لە خاڵە پرینسیپیەکاندا، چ سیاسییەکان و چ ئەخلاقیەکان، لەگەڵمان خاوەنی خاڵی هاوبەش نەبێت، کاری هاوبەشی لەگەڵ ناکەین.
وردەوردە دەرکەوت کە ئەم وەڵامانەی ئێمە بووە بە ڕقێکی بێ مانا کۆنەپەرستانە لای کاک عومەر ئیلخانیزادە، و وا پێ دەچێت سوێندی خواردبێت تا دوا تکەی خوێنی ئەوانەی لە گەڵی ماون شەڕ بۆ بەرژەوەندی خۆی بکات.
ئێمە زوو لە بەرخوردی ناسیاسیانەی ناوبراو تێگەیشتین. لە دانیشتنەکاندا بە شاهیدی چەندین هاوڕێی خۆیشیان سوێندی شەرەف و تەڵاقی خواردووە کە هەتا هەناسەی تێدا مابێت ئامادە نییە کۆمەڵە تەسلیمی [کاک] عەبدوڵای موهتەدی بکات. کە ”ڕەوتی سۆسیالیستی“ لەگەڵ ئەودان، و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پشتگیریی دەکەن و بە تەمان واز لە ”ئێرانیەکەیان“ بهێنن و لەگەڵ ئەمدا ببن بە یەک. ئەوجا، بە پێی حیساباتەکانی، بە ئێمەوە، ”کۆمەڵە“ دەبێتەوە بە کۆمەڵەی جاران و [کاک] عەبدوڵای موهتەدی ناچار دەکات کە بە، فرە کەمتر لە دەفتەری سیاسیی، ڕازی ببێت.
ئێمە، سەرەڕای ئاگابوونمان لە بارودۆخەکە و لە ڕاستیی باسەکان، بە ڕێزەوە وەڵاممان داوەتەوە کە ئێمە شەڕی شەخسیمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ئەو با بفەرموێ لەگەڵ هەر لایەکدا دەخوازێت یەک بگرێت و تێکەڵاو بێت، و هەمان پەیاممان لە نزیکەوە، کە جێگای حاڵیی نەبوونی تێدا نابێتەوە، بەڕوونیی پێ گەیاندووە.
بەڵام بە داخەوە بیستنەوەی قسەوقسەڵۆک و بوختانی کاک عومەر ئیلخانیزادە هەر بەردەوام بوو تا ناچار بووین نامەیەکی ڕەسمیمان لە مێژووی ٨/٨/٢٠١٠ دا بۆ لایەنێکی گرینگ و چالاک لە هەرێمی کوردستان (نامانەوێت ناوی بهێنین) و نامەیەکیش بۆ خۆیان نارد و داوامان لە یەکەمیان کرد لە نێزیکەوە لە بوختان و درۆی ئەوانە بکۆڵنەوە و داوامان لە خۆشیان کرد کە واز لە کاری لەو جۆرە بهێنن کە خوێن و ژیان لە سەر مرۆڤی کورد کەوتووە و دەکەوێت. بۆمان ڕوون کردوونەتەوە کە سیاسەت دەبێت بە جیددیەت و بەرپرسیارێتیی زۆر گەورە و گرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەڕێزان،
پێوەندی ئێمە بە لایەنانی هەرێمی کوردستانەوە خۆشبەختانە پێ دەنێتە ساڵی پێنجهەمی خۆیەوە. زۆربەی ئەو لایەنانە لە ئاستی جیددیەت و قووڵیی ئێمە حاڵین و دەزانن ئامانجی ئێمە وەرگرتنی دوو قران و سێ قڕان و پارچە زەوی و ماشین نییە، و داوای پێوەندی ستراتیژیی و درێژخایانمان کردووە و کار بۆ ئەوە دەکەین.
بە شاهیدی دەیان و بگرە سەدان لە دڵسۆزانی بەڕێزی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان کە هەر ئێستا خۆشحاڵانە زۆربەیان ماون و دەتوانن وەڵام بدەنەوە، ئێمە بووین ئاڵای کوردستانمان بە عومەر ئیلخانیزادە و کەسوکارانی ناساند. ئەوان پێیان دەگوت ”پارچە پەڕۆ“. ئێمە بووین وشەی ”دیموکراسیمان“ خستە سەر زاریان، ئەوان بە کەمتر لە کۆمۆنیست و سۆسیالیزمی لە شێوەی خۆیان، قبوڵ نەبوو. ئێمە بووین وشەی کوردستانمان ئاخنیە گوێ و سەریانەوە. ئەوان گاڵتەیان بە ئاڵای کوردستان و بە ناوی کوردستان دەهات و بە شەرم و نەویان دادەنا. ئێمە بووین گرینگیی و بایەخی هەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بەوان سەلماند. ئەوان ڕوو بە بەرژەوەندیی خۆیان دەیانپێوا. ئێمە بووین پێمان دادەگرت کە کوردی ڕۆژهەڵات سەریان بڵند و بەرزە و با فێری دەستپانکردنەوە و سواڵی قڕان نەکرێن. ئێمە بووین دەمانگوت و دەمانگوتەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەدان هەزار لە جەوانی کچ و کوڕی تێکۆشەر و زرنگی تێدایە و بە زۆرەوە بەشی ڕزگارکردنی کوردستان دەکەن، و دەست دامێنیان دەبووین واز لە خزمخزمێنە و مەقام بەخشینەوەی ئینتیسابی بۆ خزم و کەسوکار و هەندێك لە وردە کڵفەتی خۆیان بهێنن، ئێمە بووین تەنانەت لە گەرمایی ئەوەشدا کە دەمانزانی لە پاشملە بە خراپە باسمان دەکەن، ئامۆژگاریمان دەکردن کە سیاسەت دەبێت ئەخلاقی تێدا بێت، کە گەنجانی خۆێنگەرمی کورد بۆ ئەوە نەهاتوونەتە ناو خەباتەوە بە چوار و پێنج بنێردرێنە ناو کەمینی دوژمنەوە و گورگانخواردوو بکرێن. ئێمە بووین شەڕمان لە سەر ئەوە دەکرد کە با خەڵکمان فێری ئەوە نەکەین چۆن لە نێزیکترین هاوڕێی خۆیان بسرەوێنن، و با فێر نەبن لە خاڵی لاوازی یەکتر سوئیستیفادە بکەن. ئێمە بووین دەمانگوت با جەوانانی دڵگەرم و خوێنگەرمی کورد بۆ سوودی شەخسی بەکارنەبردرێن و تووشی دوژمنایەتی نەکرێن، ئێمە بووین کە وەکو لۆلۆولێلێ دەمانگوت و دەمانگوتەوە کە با پلورالیزمی سیاسیی بکەین بە کولتور، با گاڵتە بە هیچ شێوەیەکی خەبات و بە هیچ کەسێکی خەباتکار نەکەین.
ئێستا کاک عومەر ئیلخانیزادە دێت کورسیمان لەگەڵ دەگۆڕێتەوە و لە سەر کورسی ئێمەوە بە هیوای وەرگرتنی چەند قڕانێک لە لایەنێکی بەڕێز لە هەرێمی کوردستان ڕوو بە رای گشتیی دەڵێت: "ئێمە بە هیچ شێوەیەك خاكی هەرێمی كوردستان دژی ئێران بەكارناهێنین، چونكە گوشار بۆ سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەبێ".
ئێستا کاک عومەر ئیلخانیزادە دێت و لای ئەوانەی کە لە پاشملە جوێنیان پێدەدات و بە حیزبیان نازانێت، باسی خراپیی و خراپەکاریی ئێمە دەکات.
ئایا بازرگانیی سیاسیی، هەروەکو مەیدانی جامبازان، چەڕەدووکەڵی سوێندی شەرەف و تەڵاقی تێدا بەرز نەبێتەوە بە کەڵکی چی دێت؟
بەڕێزان!
ئێمە لەم مێژووە کورتەی ژیانی پارتەکەماندا سەرمان بڵندە چون بە قیمەتی ژێرپێخاڵیکردنی ئەم یان ئەو تاک و لایەن، بە سات و سەوداکردن بە گیان و ماڵی خەڵکەوە، بە شکاندنی کەسایەتیەکانی ناو خەباتی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان تا ئێستا داوای هیچ جۆرە یارمەتیەکمان لە دۆستانی دوور و نێزیک نەکردووە. شەڕە قڕان و قەرزکوێریی و پارەخواردنمان نەبووە. لە پاشملە لەملاولا، باسی هیچ هاورێیەکی خۆمان، باسی هیچ لایەنێکمان بە خراپە نەکردووە. لە دانیشتنماندا لەگەڵ دۆستانی غەیرەکورد باسی هەموو لایەنێکمان بە ڕێز و خۆشەویستییەوە کردووە و بە دڵسۆز و خەباتگێڕ ناومان بردوون. لایەنانی غەیرەکورد بەو هەڵوێست و بەرخوردەمان خۆشحاڵبوون و سپاسیان کردووین. تەنانەت لەگەڵ ئەو لایەنە بەڕێزەیشدا کە کاک عومەر ئیلخانیزادە سواڵی قڕانیان بە خوێنی ئێمە لێ دەکات، ئێمە ڕاشکاوانە خۆمان پێمان گوتون کە لە کوێین، چۆن دەژین و چی دەکەین. ئەو بەڕێزانە کاتێک کە ڕاستگۆیی ئێمەیان بە گارانتی هەبێت، بۆچی زانیاریی بێ کەڵک لە ناوبراو وەربگرن؟
بەڕێزان!
وەکو دەبینن ئێمە شانازی بە سەربەرزی خۆمانەوە دەکەین، سەربڵندیی هاسان وەبەرهەم نایەت. کاری جیددی و ورد و لەسەرەخۆ و پشووی درێژ و ئەخلاق و توانا و زرنگیی لە پشتەوەیە، ئێمە بەخۆشیەوە ئامادەی وەڵامدانەوە بۆ هەر جۆرە پرسیارێکین! چون پێمانوایە لە کاری سیاسی و سیاسەتکردندا شەفافیت و پڕنسیپی سیاسی و ئەخلاقی ئەساسە.
ئێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە بڕووامان بە توانا و بە دڵسۆزیی و بە ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بووە، زانیومانە و بەجیددی تێگەیشتووین کە شەڕکردن دژ بە کۆلۆنیالیزم شێوەی تایبەت لە خەباتی خۆی پێویستە. تێگەیشتووین کە زامی کورد لە بەر هۆی جیاواز قووڵ و لە هەندێک حاڵەتیشدا ناسۆرە. خودئاگا و بە ئەنقەست خۆمان لە هەموو شێوەیەک لە لێکخشان و زوێرکردن وەدوورگرتووە. ئەم وەڵامە بۆیە بە پێویست دەزانین چونکە گەمەی کەسێک لە ناجیددیەتی سیاسیی و نابەرپرسیاریی سیاسیی و پارە خڕکردنەوەدا گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ئاشکرا بە خوێنی ئێمە دەکرێت.
بەڕێزان، لێمان تێبگەن کە ناکرێت بێ دەنگ بین!
ئێمە هەر لە سەرەتاوە چەندین جار بە ناوبراو و چەند هاوڕێیەکی ئەومان ڕاگەیاند کە حیزبێک لە سەر ئەساسی تووڕەبوون و شەڕی نێوان خزمان و غەرەز شەخسیی دروست ناکرێت و هەرگیز نابێت بە حیزب. بە بێ بناخەی لەیەک تێگەیشتن لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی، و لە رێگەی زۆربۆهێنان و قسەهاوردن و بردن کار بەجێگەیەک ناگات. سەرنەکەوتن و هەوڵی نەزۆکی هەرە ئەم دوواییەی کاک عومەر ئیلخانیزادە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ ”کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران“، کە مایەیەکی زۆری لە سەر دانابوو، بە تەواوی هەراسان و نائومێدی کردووە. لەوە دەچێت ”ڕەوتی سۆسیالیست“ ـیش ئەو پارووە بچووکە نەبن کە بە ئێمەی ڕادەگەیاند و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـیش پێی خۆش بێت تۆزێکی دیکەیش سەربەخۆ کار بکات.
بەو شێوەیە خەیاڵپڵاوەکانی ناوبراو بووە بە خەونی ئاڵۆز. بە ڕوونی دیارە ئەم ئاشەی کاک عومەی ئیلخانیزادە کە ئیتر بەردی لە سەر بەرد نابزووێت، پێویستی بە خوێنی تازەیە، خوێنێک کە لە گەرمییدا هەناسە و قوڵپ بدات.
بەڕێزان،
لە مێژووی ئەم نامەوە ئەگەر کاک عومەر ئیلخانیزادە واز لە زانیاری گەیاندن و ڕاپۆرتدان، ئەویش بە درۆ و بوختان، نەهێنێت، ناچار دەبین بە وردەکارییەوە باس لەو پێوەندیە ئەخلاقیی و شێوە سیاسیە بکەین کە لە ماوەی سکرتێربوونی گشتیی کاک عومەر ئیلخانیزادەوە لە حیزبەکەیدا برەودارە. ئەوەیش دەبێت بهێنینەوە یاد کە ئەگەر ژمارەمان ئەو ٥ – ٦ کەسە بووایە کە ئەو باسی دەکات، لە مێژبوو گورگانخواردووی کردبووین.
کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان
٢٥/٧/٢٠١١

|