تێگەیشتنێک لە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو: پێکەوە دەتوانین

 

هەمووان ئاگادارن کە لە ٤ ڕۆژی رابردوودا باشووری کوردستان، بەتایبەتی سلێمانی و پارێزگای سلێمانی، ڕووداوگەلێکی لێکەوتووەتەوە کە بەگشتیی لەو فۆرمەیدا چاوەڕووان نەدەکرا.
شۆڕشگێڕیی و فیداکاریی و لەخۆبردوویی دانیشتووانی شاری سلێمانیی لە مێژوودا دژ بە داگیرکەرانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. هەر لەبەرئەوە ئاساییە کە هەمان دانیشتووان داواکاریی سیاسییان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی سیاسیی ئەو حکومەتە هەبێت. هەروەها ئاساییشە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کات و مۆڵەت و دەرفەتی هەبێت خۆی ڕوون بکاتەوە و بەرگریی لە پلان و نەخشە و خەرجیی و تێچوون و کۆسپەکانی سەر رێی بکات. هەروەکو چۆن ناسکی و ئاڵۆزیی بارودۆخی سیاسیی کوردستان وا دەکات کە نەیاران و ناحەزانی هەموو ئەو دەستکەوتانە هەوڵ دەدەن تا ئەو جێیەی بتوانن سوودی بە کەڵکی خۆیان لێ وەربگرن.

ئەو سێ فاکتەرە گەورەیە، واتە حەز و مافی خەڵک بۆ داواکاریی سیاسیی و خۆدەربڕین، مافی حکومەت بۆ خۆڕوونکردنەوە و داسەپاندنی یاسا و ڕێگاگرتن لە دەستتێوەردانی لایەنانی ناپێوەند، هەموومان ناچار دەکات بە دڵفراوانیی و دڵسۆزیی و جیددیەتێکی سیاسیی گەورەترەوە هەڵسوکەوت بکەین. لەو بەرپرسیارێتیە گەورەدا ئاساییە کە هەمووان بە شێوەیەک ناچار بن هەنگاوێک بێنە پێش و لە نیوەی ڕێگا بەیەک بگەن.
سووتاندن و هەڵکوتانە سەر بارەگای لقی ٤ پارتی و چەندین بارەگای گۆڕان و تەلەڤیزیۆنی نالی کارێکی نادروستە و پۆلیسی گشتیی ئاسایش دەبێت ئەو شوێنانە بپارێزێت. شوێنە حیزبیەکان دەبێت لە کێشە سیاسیەکان وەدوور ڕابگیرێن، چونکە لە کوردستان حکومەتێک و پارلەمانێک و دام و دەستگای حکومیی هەن کە دەبێت وەڵامدەرەوەی کاروبار و بەرپرسیاریی خۆیان بن. ئەوە زۆر گرینگە کە خۆپیشاندەران و ناڕەزایان، ئەو دوو شتە لێک جودا بکەنەوە.
بەڵام تووڕەبوونی لاوان و جەوانانی خوێنگەرم و شکاندنی پەنجەرە و بەردەبارانکردنی ساختامانێک، جا چەندیش هەڵە و جێی قسەکردن بێت، نابێت لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا بە گوللە و بارووت وەڵام بدرێتەوە. ئێمە هیوادارین چیدی وەزعەکە ئاڵۆزتر نەبێت، هیوادارین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی کوردستان بەرهەم ساڵح، پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکان و سەرجەم لێپرسراوانی دام و دەزگا حـکومیەکان پێکەوە لە ئارامکردنەوەی باری توندی کەژوهەوای ئێستا هەموو توانای خۆیان وەگەڕ بخەن.

هیچ پەنجەرە و دەرگا و سامانێک، هیچ هەیکەلێکی حیزبی و حکومی، نابێت لە خوێنی مرۆڤ بەنرختر بێت.
لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئەو رووداوە فرە دڵتەزێنە و هەستی نەتەوەیی زۆر کەس بریندار دەکات ئێمە دڵنیاین کە بە هەڵسوکەوتی سیاسیی و کوردستانیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە وەڵامدانەوەی هێمنانە و شارستانیانەی پێویست، بە ڕێزگرتن لە داوای خەڵک و هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی، و بە هەوڵی هەمەلایەنەی هەموومان، دەتوانین ئەو برینە لە ماوەیەکی کەمدا ساڕێژ بکەین و دەرسی زیاتری لێ فێر بین.

پیرەمێردی نەمر، شاعیری سەربڵندی کورد و ڕۆڵەی سلێمانی، پێمان دەڵێت کە ئەوە گەورەکانن دەبێت سەر بۆ داوای خەڵک بنەوێنن، هەروەکو چۆن سورئاخی سەر بۆ پیاڵە دادەنەوێنێت کاتێک پڕی دەکات. هەروەها کە بیرمان دەخاتەوە و دەڵێت هەمیشە ڕەوی بەرد دەگیرێتە ئەو لقانەی درەخت کە بەردارن، نەک کە بێ بەرن.
ئێمە دەزانین کە نە ئەرکی خۆپیشاندەران هاسانە و نە ئەرکی حکومەتی کوردستان. نە داوای ئەوان بە جارێک و ڕۆژێک و دووان دێتە بەدیهێنان، و نە حکومەتی کوردستان دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا موعجیزە بنوێنێت و بۆ نموونە ڕەگی گەندەڵیی ببڕێت، بەڵام هەموومان پێکەوە دەتوانین لە داوا و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و برایانە و جەسوورانەدا وردە وردە یارمەتی سەرۆکی هەرێم و هەموو ئەوانە بدەین کە بەڵێنیان داوە و دەیدەن کە گۆڕانکاریی و ڕیفۆرمی دروست و حیسابیی بکردرێت.
کوردستان هەنگاوی باشی ناوە و لە زۆر وڵاتی دونیادا، کە وەکو کوردستان دواکەوتوو بوون، ڕیفۆرمی گەورە و مەزن جێبەجێ کراوە. ئێمەیش پێکەوە دەتوانین ئەو کارە مەزنانە بکەین. پێکەوە، بە هەڤڕا، نەک بە پشت لە یەک کردن و یەکترنەخوێندنەوە و یەکتر نەبینین.

هەروەها هیوادارین بەرپرسان واز لە وشەگەلی وەکو ”گێرەشێوێن“، ”تێکدەر“ و ”دەستی دەرەوە“ بهێنن، چونکە ئەوانە قسەگەلێکن کە ئەگەرچی لە تووڕەییشدا دەکرێن، بەڵام قسەگەلی وا دڵ و هەستی جەوانان زیاتر بریندار دەکەن. سەرئەنجام ئەوانیش وشەگەلێک بەکاردەبەن کە نەمەبستیانە و نە بیری لێ دەکەنەوە، بەڵام جۆرێک لە قسەی خراپ دەبن کە حکومەت و خەڵک لێک دوور دەخاتەوە. دەبێت هەوڵ بدەین زمانی سیاسیمان شایستە بە ژیانمان بێت.  چون بە ڕاستی مێژوویەکی خۆێناوی و ئەزموونێکی خراپمان لە زەمانی یەکتر قبوڵنەکردن و دژ بە یەکتر هەیە، خەڵکی کوردستان  وەکو هەموو گەلانی پێشکەوتووی جیهان شایستەی ئەوەن کە لە وڵاتێکی موتەمەدن و ئاوەداندا لە ئاسایش و ئەمنیەتدا ژیان بەسەر ببەن.

کاتێک ئێمە هەموو هەوڵ بدەین ماف و بەرپرسیاریی وەبیری یەکتر بهێنینەوە، و ئەوە بکەین بە کولتوری ژیانی رۆژانەمان، دڵنیاین هیچ نەیار و ناحەز و دوژمنێک ناتوانێت سوود لە ئاڵۆزیەکان وەربگرێت. لۆمەی دوژمنانێک مەکەن کە بە ڕاستی ناکرێت کەڵک لە سفرەی ڕاخراو نەبینن.

بژی کوردستانێکی ئاوەدان و دوور لە گەندەڵی
بژین ئەو بەرپرسانەی لە مانداتی سیاسیی خۆیاندا دەستپاک و رووسوور و سەربەرزن
بژین ئەوانەی بە تۆلەرانسی سیاسیی و بە جیددیەتی ژیانەوە هەڵسوکەوت دەکەن

کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٢١/١١/٢٠١