ڕفاندن و تیرۆركردنى سه‌رده‌شت عوسمان بە توندیی مەحکوم ده‌كه‌ین

هەواڵی ڕفاندن و پاشان تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوان سەردەشت عوسمان نە هەر باشووری کوردستان، بەڵکو سەرانسەری کوردستانی هەژاندووە.
تا ئێستا لەوە دەچێت ئەو ڕفاندن و تیرۆرکردنە کارێکی سیاسیی بێت و پێجەوانەکەی نەسەلمیندراوە. هەروەها هیچ لایەنێکیش بەرپرسایەتی خۆی ڕانەگەیاندووە.

هەمووان دەزانن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر فشارێکی گەورەی سیاسیی دەولەتانی ناوچەکەدایە. تورکیا و ئێران بەتایبەتی زۆر ورد و هەمەلایەنە دەستیان لە باشووری کوردستان وەرداوە و لە پێناو لەناوبردنی دەستکەوتەکانی باشووردا لە هیچ شتێک درێخی ناکەن. هەمووان ئاگادارن کە جمهوری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی ئەزموونی دروستبوونی حکومەتی هەرێم و دەستەکەوتەکانی باشووردا، درێژە بە کاری ئیتلاعاتی و سیخوڕیی و تیرۆرکردن دەدات و لە ڕێکخستنی ئیسلامیی سیاسییدا ڕۆڵی سەرەکیی و کاریگەری هەیە.

بە ڕای ئێمە سێ هۆی سەرەکیی دەتوانن لە پشت ئەو کارە تیرۆریستیەوە بێت. یەکەمیان بێهێزکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وا کە لەبەر چاوی کورد و دونیا متمانەی لەبەر دابماڵن. دووهەم، دەیانەوێت دەنگی ڕەخنەگرانە و ڕادیکال لە ناو کورددا بیدەنگ بکەن و بەرپرسیارێتیەکەی بخەنە سەر شانی حکومەتی کوردستان، و سێهەم، هەموو هەوڵێکی لەو شێوەیە دەدەن کە پشێوی و ئاژاوە و دووبەرەکی بخەنە نێو ڕیزەکانی خەڵک لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە نیوان خەڵک و حکومەتی هەرێم.

ئێمە داوا لە هەموو هێز و لایەنێک لە باشووری کوردستان دەکەین کە لەسەرخۆ و بە وریایی لەو کێشانە برووانن و هاوکات داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە شێلگیرانە و جەسوورانە بە دوا بکوژانی نەمر سەردەشت عوسماندا بکەوێت و سزای توند و شایان بەوانە بگەیەنێت.

دیارە هەمیشە ئەو ترسە هەیە کە بکوژانی ئەو بەڕێزە و بکوژانی خەباتکارانی دیکە نەدۆزرێنەوە و سزا نەدرێن، بەڵام یەکگرتوویی و پێکەوەبوون و ڕاشکاویی سیاسیی، خەباتی دیموکراتیی و مەدەنییمان بەهێز دەکات و سەرکەوتن لە درێژخایاندا بۆ پێشکەوتنخوازیی و سیکۆلاریزم و دادوەریی دەبێت.

هاوکارییکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە شێوەیەک کۆمەک بە ڕیگاگرتن لەو جۆرە تیرۆرە بکات، و هاوکات مەشقێک دەبێت بۆ پێکەوە هاوکاریی و هەرەوەزیی ناوخۆ. دژایەتیکردنی تیرۆر و ڕەشەکوژی کاری سیاسیی جیددی دەخوازێت و دەبێت پێکەوە وەئەنجامی بگەیەنین.

مردن و ڕووڕەشیی بۆ دەستی خوێناوی و رەشی دوژمنانی سەربەخۆیی و ئازادیی

بژی خەباتی دیموکراسیانە و ئاشتیانەی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموكراتی كوردستان
٥/٥/٢٠١٠