
وتووێژی ”ئاشتی نامە“
لە گەڵ سەبری بەهمەنی، راگەیاندنکارو چالاکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان
سەبری بەهمەنی :
کورد دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەکەی و بە ستراتیژێکی روونی درێژخایەن هاوپەیمانی دروست بکات .
پ/ رادەی چالاکی ژنان دژ بە ئیعدامی چالاکڤانان چەندەیە؟
و/ ژنان بە هۆی ئەوەی کە بەردەوام لە ریزی یەکەمی چینی چەوساوەی کۆمەڵگادان و هەرچەشنە نائارامیەک راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەری خراپی لە سەر ژیان و باری دەروونیان دەبێت، هەر بەو پێیەش بەردەوام لە ریزی پێشەوەی هەرچەشنە خەباتێکن لە دژی شەڕو ماڵوێرانی، لە دژی ئیعدام و زیندان و لە دژی هەر چەشنە توندوتیژی و چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان .
جێ پەنجەی چالاکانی ژن لە هەموو کەمپەینێکی دژ بە ئیعدام، دژ بە شەڕ، زیندان و کوشت و بڕو قەتڵ و عام و توندوتیژی دیارەو دەیان و سەدان کۆڕو کۆمەڵیان بۆ پشتگیری لە ئاشتی و ئارامی لە سەرتاسەری جیهانداو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر پێکهێناوە .
بەڕاستی ژنان پەیامهێنەرانی ئەوین، ئاشتی و تەبایین .
پ/ ئایا چەندە ژنانی بەندکراو و ئیعدامی ئێستا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە؟
و/ ژنانی لە وڵاتی ئێمەدا بە درێژایی سی ساڵ لە سەر کار بوونی کۆماری ئیسلامی لە زیندانێکی گەورە بە ناوی ئێران دەژین. بە دەیان تێکۆشەری ژن لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئەشکەنجەو ئازار دران و سینگیان خوڵپانی خوێن کراو لە پەتی سێدارە دران، بە دەیانیشیان لە سەنگەری خۆڕاگری لە دژی ئەم رژیمە گیانیان بەخت کرد. ژنان هەر لە یەکەمین رۆژەکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەو لە ٨ی مارسی ساڵی ٥٧ بە سەردانی ”ما انقلاب نکردیم تا بە عقب برگردیم“، واتە ”ئێمە شۆڕشمان نەکرد تاکو بۆ دواوەوە بگەڕێینەوە“ دژایەتی خۆیانیان لە گەڵ ئایدۆلۆژیای ئەم رژیمە دەربڕی و تا ئێستایش بە شێوازی جۆراوجۆر لە سەر خەبات بۆ بەدەست هێنانی مافە ئینسانیەکانیان بەردەوامن .
بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بوونی ژنان لە ریزی پێشەوەی خەبات لە دژی ئەم حکومەتە بێ وێنە بووە .
زیندانیانی ژن هەر لە رۆژنامە نووسەوە بگرە تا هەڵسوراوی بواری ژنان، ویبلاگ نووس، خوێندکار و نارازیانی سەر شەقامەکانی دەگرتەوە کە هەموویانیان لە پاڵ ئەو کەسانەی کە بە تاوانە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەگیران لە بەند دەکرد و شوێنێکی جیاوازیان بۆ زیندانیانی سیاسی ژن نییە، بەڵام ژنان لەم سەنگەرەی خەباتیشدا توانیان چالاک بن و دەیان و سەدان چیرۆکی نەوتراوی ناو بەندیخانەکان بگوازێنەوە بۆ دەرەوەی زیندان و کاریگەریان لە سەر ژنانی دیکە لە ناو زیندانەکاندا هەبێت .
ئێستاش دەیان ژن لە زیندانەکانی ئێراندان و حکومی جۆراوجۆریان هەر لە زیندانەوە تا سێدارە بۆ بڕاوەتەوە .
لەو ژنانە دەتوانین ئاماژە بە ناوی فەریبا پەژوو، بە ئازەر مەنسووری ،بە مەحبوبەی حەقێقی، نیگار سایە، نەفیسە زارع کوهەن، شەبنەم مەدەدزادە، عاتیفە نەبەوی، ئەنوشە ئازاد بەر، ئیلناز جەمشیدی، نەسیم سولًتان بەیگی، مەهساى موحبی، روناک سەفار زادە، هانا عەبدی، زەینەب بایزیدی و هەروەها سروەی وەیسی، لەیلا محەمەدی و پەخشان عەزیزی بکەین کە هەر لەم دووایانەو لە کۆبوونەوەی نارەزایی دەربڕین لە دژی ئیعدامی ئیحسان فەتاحیان لە زانکۆی تاران دەست بەسەر کران .
کچە تێکۆشەری کورد زەینەب جەلالیان کە بە تاوانی پەیوەندی لە گەڵ حیزبێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی و بە تاوانی ”محاربە“ حوکمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوەو مەترسی لە سێدارە دانی زۆرە .
ئەمانەو دەیان نموونەی دیکە دوای ساڵانێکی دوورو درێژ سەرکوتی هەمەلایەنەی ژنان بە کاریگەریان و بوونیان لە ریزی پێشەوەی خۆڕاگری، نیشانیان دا کە نە گرتن و کوشتن، نە زیندان و ئەشکەنجە، نە دەیان کەندو کۆسپی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەیتوانیوەو ناتوانێ پێش بە کاریگەری هێزی ژنان و بوونی بە ملوێن ژن لە ریزی خەبات و خۆڕاگریدا بگرێت و دەنگی حەقخوازانەو ئازادیخوازانەی ژنان کپ بکات.
دەبینین کە دەیان خەڵاتی ئاشتی نێونەتەوەیی بە ژنانی تێکۆشەری ئێران بەخشرا کە خۆبەخشانەو بە هەموو جۆرێک لە پێناو ئاشتی و ئارامی و ژیانێکی ئینسانی خەبات دەکەن .
پ/ بەشداری ژنان لە خەباتی مەدەنی سیاسی تا چ رادەیەکە؟
و/ بزووتنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئاڵۆزو پڕ لە قەیرانی ئەمڕۆی ئێراندا یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی خەبات بۆ گۆڕان لە داهاتووی ئێراندا. هەروەک باسم کرد بوونی ژنان لە بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە سێنفی و سەندیکایەکان، مامۆستایان و دایکانی ئاشتی و تەنانەت وەک تاکێکی نارازی لە بارودۆخی ئێستای ئێران و چ وەک زیندانیانی سیاسی یان تەنانەت وەک هاوسەر، دایک و خوشک و کچانی زیندانیە سیاسیەکان بوونێکی بەهێز بوو. کوژران و دەست بە سەر کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە هەموو خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕینەکان لە ئێران و ئەو وێنانەی کە لەو کۆبوونەوانە بڵاو دەبنەوە ئاماژەیەکی بە هێزە بە بوونی ژنان لە گۆڕەپانی خەباتدا .
کەمپەینی یەک ملوێن واژۆ لە دژی یاساکانی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی و سەردانی شعاری گۆڕان لە پێناو یەکسانی (تغییر برای برابری) هەڵوێستی ژنان دەر دەخات .
ژنان بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکساانی و لە نێو چوونی هەرچەشنە هەڵاواردنێک چالاکانە خەبات دەکەن .
زۆربەی هەرەزۆریان ئێستایش لە پێناو ئەم ئامانجانە لە زیندان دان و ئەوانەش کە لە زیندان نین بە شێوازی دیکە سەرکوت دەکرێن و هەڕەشەو مەترسیان لە سەرە، بەڵام لە پێناو بەدیهاتنی خواستەکانیان پاشەکشەیان نەکردووەو هەنگاویان پێ شل نەبووە .
پ/ چۆن دەکرێت لە هاوپەیمانیەک دژ بە دەوڵەت رێک بکەون؟
و/ هاوبیریی و هاوپەیوەندیی لە دژی دەوڵەت سەرەتا دەبێت بەرژەوەندی گەلی تێیدا بێت و خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و گەلی کوردستان بکات. بە ڕاستی کورد تەنیا بە دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لە بەرەیکدا بێت. ئێمە لایەنی کوردیشمان هەیە کە هاوبۆچوون و هاوکاری نزیکە لەگەڵ سەڵتەنەت تەڵەبەکان و پانئێرانیستەکان کە ئەوانیش دژ بە دەوڵەت !
بەو خەیاڵەی کە ئەوان لە داهاتووی ئێران دەبن بە کارەیەک، ئەمە تەنیا لە بەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتە و تەنیا بە دەستەوەگرتنی پۆستێکی چکۆلەیە بۆ ئەو حیزب و تاکانەی کە خۆیان بەمانەوە هەڵواسیوەو پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی کوردەو نییە .
کورد دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەی و بە ستراتیژێکی روونی درێژ خایەن هەر لەو پێناوەدا بەرە یان هاوپەیمانی دروست بکات .
ئەویش سەرەتا لە گەڵ حیزبە کوردیەکان و پاشان نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
ئاخر دوو حیزبی کوردستانی بەیەکەوە ناتوانن راگەیاندنێک لە سەر دۆخی ئێستا دەربکەن و ئیمزایان لە ژێر نووسراوێک بێت، دەڕۆن بەرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ دروست دەکەن و کونگرە دەبەستن و بەراست و بە چەپ رەسمیان لە گەڵ دەگرن و راگەیاندن دەنووسن لە کاتێکدا بیرجیاوازانی ناوخودی حیزبەکانیان بەر شەق دەدەن و هەموو سوکایەتیەکیان پێ دەکەن و هەموو خەبات و مێژوویان دەخەنە ژێر پێ وای بە حالی خەڵکی نا حیزبی .
تەنانەت کۆسپ دەخەنە سەر رێێ هەر چەشنە بەرەیەک لە کوردستاندا کە ئەوان تەیدا مافی وتۆیان نەبێت .
ئایا بەراستی ئەو پەیوەندی و دیالۆگانەیان لە گەڵ لایەنە غەیرە کوردەکان تا چەندە لە پێناو بەرژەوەندی گەلی کوردایە؟
دیالۆگ بە مەرجێک باشە ئاشکرا بێت و خەڵکی کوردستان لە هەموو قسەو باس و بڕیارەکان ئاگدار بن و تەنانەت راپرسیشیان لە گەڵ بکرێت و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی کورد باڵادەست بێت.
پ/ باس لە هەل و مەرجی ئەو فتوایەی جیهاد بکە کە خومەیینی لە دژی کورد رایگەیاند، چۆن بوو؟
و/ بۆ زانینی وڵامی ئەم پرسیارە ئەبێت بگەڕینەوە بۆ پێش راپەڕینی ٥٧و ئەوەی کە مەبەستی گەلانی ئێران لە راپەڕین و رووخانی رژیمی پاشایەتی چی بوو. کە بە هاتنە سەر کاری رژیمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ئێران هێشتا بە ئامانجە راستەقینەکەی کە ئازادی و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوو نەگەیشت و راپەڕین هەر درێژەی هەبوو .
لەم سەردەمەدا گەلی کورد وەکوو نەتەوەیی چەوساوە لە زڵم و زۆری سەدان ساڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران راپەڕینی ٥٧ی وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان ئەدی بۆ گۆڕینی یاسا بنەڕەتیەکانی وڵات و گەیشتن بە مافەکانی خۆی. بەڵام بە هاتنە سەر کاری خۆمەینی و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی ئەم خەونەی گەلی کورد و زۆرێک لە گەلانی دیکەی ئێران بووە بڵقی سەر ئاوو کورد بڕیاری مقاومەت و درێژەدان بە خەباتی دا. کە دواتر کورد لە دانووستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی داخوازیەکانی ئەو سەردەمەی خۆی لە چەند خاڵێک گەڵاڵە کرد .
بەڵام رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو هاوکات لە گەڵ دانووستانی رواڵەتی و فریوکارانە بۆ جێ بە جێ کردنی داخوازیەکانی گەلی کورد، لە ئامادەکاریدا بوو بۆ هێرشێکی بەربڵاوی هەمەلایەنە بۆ سەر کوردستان و ئەستاندنەوەی دەستکەوتەکانی راپەڕین.چوون کوردستان بوو بە سەنگەری مقاومەت و بەرخۆدان تا گەیشتن بە ئازادی . .
خومینی هەر لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ کە ریفراندۆمی ئەرێ یا نە بۆ کۆماری ئیسلامی کرا و گەلی کورد دەنگی نەدا بەو دیکتاتوریە، هەستی بە مەترسی کرد بۆ سەر دەسەڵاتەکەی کە کەش و هەوای خۆڕاگری کوردستان تەشەنە بکاتە ناو باقی گەلانی ئێران و ئازادیخوازانی ئێران و لە بەرامبەر کۆمارێکی ئیسلامیدا مقاوەمەت بکرێت و زنگی مەترسی بۆ سەر هێزی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لێدرا .
پ/ ئاکامی جیهادەکە بوو بە چی؟
و/ ئاکامی ئەم جیهادە بۆ بە هێرشێکی بەبڵاو بۆ سەر خاکی کوردستان و گەلی کورد . خۆمەینی فەتوای جیهادی لە دژی کورد دەرکردو بە هەموو هێزی زەوینی و ئاسمانی فەرمانی هێرشی بەربڵاوی بۆ سەر کوردستان دا .
کۆماری ئیسلامی لە کاتی هێرشی بۆ سەر کوردستان تاکە چرکەیەکیش حاکمیەتی لە کوردستاندا نەکردبوو وە بە بێ جیاوازی سیاسی هەموو گەلی کوردی کردە ئامانج و لە ژێر ناوی دژایەتی لە گەڵ کوفرو جیایی خوازیدا خەڵکێکی زۆری هان دا بۆ بەشداری لە شەڕی کوردستان .
لەم رۆژەدا بەکرێگیراوانی رژیم بە نوێنەرایەتی حاکمیەتی ئایینی لە کوردستان هەر لە کرماشان و پاوەو نەوسووەوە تا کامیاران و سنە و سەقزو بانەو مەریوان پۆل پۆل گەنج و پیر، دوکتورو کارمەندی نەخوشخانە تا دەگاتە برینداری شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان کە بە تۆپ و تەیارەی ئەم داگیرکەرانە بریندار بوون، لە پشتی دەرگای داخراوو بە محاکمەیەکی نمایشی و لە چەند چرکەدا دەیان رۆڵەی کوردیان گولەباران کرد .
شارەکانی نەغەدەو شنۆ، پیرانشارو مەهاباد، ورمێ، خۆی و سەڵماس و گۆندەکانی ئەم دەڤەرەش لەم جینایەتە بێ بەش نەکران و هاوکات قارناو قڵاتانیان لە خوێن گەوزاند .
ئەمواڵی خەڵکیان داگیر کردو خەڵکێکی زۆر لە کوردستان دوور خرانەوە بۆ شارە دوورەکانی ئێران .
بەڵام بە هەموو ئەمانەوە خەڵک مقاوەمەتێکی بێ وێنەی کردو کوردستان بوو بە سەنگەرێکی مقاوەمەت بۆ هەموو ئازادیخوازان .
کۆماری ئیسلامی هەرگیز نەیتوانی مەشروعیەتێک بۆ خۆی لە کوردستان بە دەست بهێنێت و هەمیشە بە گومانەوە سەیری کوردستان ئەکات و گەلی کوردیش هەرگیز بڕوای بەو دەسەڵاتە نەبوو کە بە زۆر بە سەریدا داسەپا .
بەڵام لە وڵامی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەرەو کوێ رۆیشت و بزووتنەوەی کورد لە چ ئاستێکدایە دەبێت بڵێم ئەوە بابەتێکە کە لەم وتووێژە کورتەدا ناگونجێت .
هەر ئەوەندە کە بە بەرچاوی دنیاوە کۆماری ئیسلامی بەرەو رووخانی یەکجاری دەڕووات و دوایین هەناسەکانی ئەدا و کورد و کوردستانیش بە هەموو کوسپ و تەگەرەکانی بەردم خەباتیەوە بە هەموو کێشەکانی ناوخۆیی و دەرەوەی و هەموو کەم و کوڕییەکانیەوە هەر ماوەو بە شێنەیی درێژەی بە خەبات داوە .
چووون لەم بزووتنەوەیەدا نەسلێکی وەکوو فەرزادەکان و شیرینەکان پەروەردە بوون .
سەرچاوە: ژمارە ٦٩ی رۆژنامەی "ئاشتی نامە "
رێکەوتی ١ی ئەیلولی ٢٠١٠

|