بۆچی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتییمان هەڵبژارد؟
ڕێبوار ڕەشید
٢٤/٨/٢٠١٠
پێشەکی
وا پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان (ئێستا: کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان) پێی نایە ناو چوار ساڵ لە هەڵسووڕانی خۆی. لەو ماوەیەدا خەباتی سیاسییمان بە قۆناخکی زەحمەتدا تێپەڕ بوو. قۆناخێک لە ئەزموون، لە شێوەیەکی نوێ لە کار و خەباتی سیاسیی، بەڵام هەروەها لە چاوچنۆکی سیاسیی ڕەقیبان، لە قسەوقسەڵۆک و هەوڵدان بۆ ئیزۆلەکردن و بە کەمدانان.
لە جێگای خۆیەتی لەم باسەدا، هەر چەند کورتیش بێت، ئاوڕێک لەو باسە بدەینەوە کە بۆچی ئێمە ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیمان هەڵبژارد. باسەکە بێگومان خزمەتێک بە ئێستا دەکات و دەتوانێت وەکو سەنەدێکێش بۆ ئاییندە بمێنێتەوە.
چەپ لە مێژوودا
بە گشتیی ”چەپ“ بریتیە لە ئاراستەیەکی جوگرافیی. سەروو/ باکوور، خواروو/ باشوور، خۆرهەڵات/ ڕاست و خۆرئاوا/ چەپ. لە ئاراستەدا بە گشتیی ”ڕاست“ و ”ڕێک“ و ”چەپ“ هەن.
دەر لە ئاراستە، لە زۆربەی زۆری مێژووی نووسراوەی شارستانیەکاندا ”چەپ“ هەمیشە بەد بووە. ”چەپ“ سیمبوڵیی نەحس و نەگبەتیی و بەدبەختیی و خراپە و خراپکاریی بووە. لە میتۆلۆژیی کوردیدا چەرخی زەمانە/ گەردوون هەمیشە بە لای ”ڕاست“ دا دەسووڕێتەوە. کاتێک چەرخ وەلای ”چەپ“ دا هەڵبسوڕێت، بەدبەختیی و نەهامەتیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. چەرخی گەردوون لە ڕەسەندا ڕاستەیە، لەبەرئەوە چەرخی چەپ، بە مانای ئاوەژووەکەی دێت، واتە ”خراپە“.
لە ئایینەکانیشدا فریشتەکانی شانی ڕاست ئەوانەن کە خەریکی نووسینی کاری باشن. ئەوانی دەستی چەپ کاریان خراپە و بە نووسینی خراپەکارییەوە خەریکن. لە هەندێک باوەڕی ئایینیدا ئەوانی دەستە شانی ڕاست ئەوانەن کە ئامۆژگاریی بۆ کردنی کاری باش دەکەن و ئەوانی شانی چەپ ڕێنمایی بۆ کردنی کاری خراپ دەدەن.
لە ڕووی متمانەداریی و نێزیکایەتیەوە لە دەستەڵاتەوە بۆ نموونە، لە سیستەمی پادشایەتیدا، وەزیری دەستەڕاست هەمیشە جێی تایبەتی خۆی هەبووە.
کەنگێ مانای چەپ گۆڕدرا؟
نەریتی ڕاوەستانی دەستەی پادشا لای دەستە ڕاستی پادشا لە ئینگلستان تا کاتی شۆڕشی فەڕەنسیش هەر مابوو. لە پارلەمانی ئینگلستان ئەوانەی سەلتەنەتتەڵەب بوون لای دەستەڕاستی وتەبێژی پارلەمانەوە ڕادەوەستان و دەستەی ئۆپۆزیسیۆنیش، بە تەبیعەتی حاڵ دەکەوتنە دەستە چەپەوە.
“ئەنجوومەنی نەتەوەییThe National Assembly “ لە فەرەنسا لە کاتی شۆڕشی فەڕەنسییدا نێزیکەی ٢٢ ڕۆژ ژیا (١٧/٦ بۆ ٩/٧/١٧٨٩). پاشان ”ئەنجوومەنی دەنگدەرانی نەتەوەیی The National Constituent Assembly ” جێگای گرتەوە، بەڵام ئەمیش پاش دوو ساڵ، لە کۆتایی مانگی نۆی ساڵی ١٧٩١ دا لەلایەن “ئەنجوومەنی یاسادانەر The Legislative Assembly ” جێگای گیرایەوە کە لە ١/١٠/١٧٩١ دەست بە کار بوو تا مانگی نۆی ساڵی ١٧٩٢.
شۆڕشی فەڕەنسی و ئەو ئەنجوومەنانەی ئەو دەم نەخشی سەرەکییان لە دروستکردنی ئەو شتەدا هەبوو کە ئیتر پاشان بە ”چەپ“ ناوزەند بوو.
کاتێک ”ئەنجوومەنی یاسادانەر“ دامەزرا ٧٤٥ ئەندامی هەبوو، ١٦٥ کەس لەوانە کە بە گرووپی ”فیولینستەکان“ بە ناوبانگ بوون لە لای ڕاستەوە دەوەستان و ٣٣٠ کەس، کە ژاکۆبینیەکان بوون، گرووپێکی ڕادیکالی کۆمارخواز بوون کە پاشان نیشانیاندا چەند بە توندیی زەبرگیر بوون، لای چەپەوە دەوەستان. ئەمانە کە سەر بە “کلەبی ژاکۆبین” بوون دژ بە مۆنارشی/ سەڵتەنەتتەڵەبی و بۆ کۆماریی بوون. باقی خەڵکەکە، ٢٥٠ کەس، کە بە تایبەتی سەر بە هیچ پارتێکی سیاسیی نەبوون، لە ناوەڕاست زیاتر شوێنێکی دیکەیان بۆ نەمابووەوە کە بە سێنتەر، واتە ناوەڕاستگیر، دەناسران.
کەواتە ئەوانەی دەستە چەپ بە گۆڕانخواز، ئەوانەی دەستە ڕاست بە ”گۆڕاننەخواز/ کۆنپارێز یان سەنگەرپارێزەرانی کۆنستیتیوتی ئەو دەمی فەڕەنسا و کە جێگای پارێزەرانی سەڵتەنەتیان گرتبووەوە“ و ئەوانەیش کە دەکەوتنە ناوەڕاستەوە بە ”مامناوەندگیر/ ناوەڕاستگیر“ ناوزەند بوون.
تەنانەت پاش گەڕاندنەوەی دەستەڵاتی پادشایی ”بۆربۆن ١٨١٤/١٨١٥“ ئەو جۆرە دانیشتنە لە ماوەی ١٥ ساڵەی خۆیدا هەتا شۆڕشی گەلاوێژی ١٨٣٠ درێژەی کێشا. ئولتراڕۆیالیستەکان، واتە سەلتەنەتتەڵەبە پەڕگیرەکان لە لای ڕاستەوە دادەنیشتن، کۆنستیتیوشونالیستەکان لە ناوەڕاست و سەربەخۆکان ـیش لای چەپ.
ئەڵبەت ئەو لاگیریە هەرگیز لاگیریەکی بەتایبەتی ئایدیۆلۆژیانە نەبوو. لە ئینگلستان ئەو لاگیریە لە سەرکەوتنی پارتی کرێکاران (لەیبەر پارتی) لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٠٦ دا بۆ یەکەم جار بە ڕوونیی، لە دیدێکی ئایدیۆلۆژییەوە، دەبینرێت، واتە دەچێتە بواری ئایدیۆلۆژییەوە.
لەو بەری ئورووپای خۆرئاواییەوە یەکێک لەوانەی وشەی ”چەپ“ ـی بەتایبەتی خستە بازاڕی سیاسەتەوە لێنین بوو. بەڵام لێنین هەر زوو ناو و ناوەڕۆک و مۆری بۆ ئەو جۆرە چەپەی خۆی دیتەوە. لێنین زوو بە زوو بوو بە یەکێک لەوانەی بەتایبەتی دژ بە لەبەرکردنی بەرگ و کاڵای ”چەپ“ و بەکارهێنانی ”چەپ“ بوو لە مانای گشتییدا. لە نامیلکەی ”منداڵبازاڕیی باڵی چەپ ـدا ”Left-Wing Childishness“ لێنین بە تووندیی هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی ئەو دەم لە ژێر گشتیبوونی ”چەپ“ دا خۆیان شاردووەتەوە و بە منداڵ ئەقڵ و گەوج و نەفام و وردەبورژوا و جۆری وا ناویان دەبات. لێنین لە ”منداڵبازاڕیی باڵی چەپ“ دا دەڵێت: ”چەپەکان“ غیرەتیان نییە پرسیارەکە بە دروستی بکەن.[بەڵکو] بە شێوەیەکی کۆمیک بە ملاولادا هەڵدەسووڕێن، دەلیل لەسەر دەلیل هەڵدەبەستن، بە دوای هۆگەلدا وێڵن، و دەڵێن ”لەلایەکەوە دەشێت وا بێت“ و بەڵام ”لەلایەکی دیکەوە“ ڕەنگە وا نەبێت. [”چەپەکان“] بیریان پەرشە و بیریان لەسەر بابەتگەلی جیاوازە، و هەمیشە هەوڵ دەدەن دۆڕاندنەکانی خۆیان بشارنەوە و نابینای بگرن“.
”چەپ“ و ”ئەرکەکانی چەپ“
بە نەریت ”چەپ “ هەندێک لایەن دەگرێتەوە کە بۆ هەمووان ناسراون، وەکوو پێشکەوتووخواز/ گۆڕانخواز، سۆسیالدیموکرات و سۆسیالیست و کۆمۆنیست، سۆسیاللیبرال و تەنانەت ئانارشیستیش. بەری ڕاست کۆنسەرڤاتیڤ/ پارێزەران، پاشکەوتووخواز/ گۆڕان نەخواز/ کۆنپارێز، سەرمایەداران، سەڵتەنەتتەڵەب، و فاشیست و هتاد دەگرێتەوە.
بە گشتیی ئەدەبی ”چەپ“ سەرقاڵی خەباتی چینایەتییە. لەوێدا پشتگیریی لە چینی خواروو/ چینی کرێکار و گرووپگەلی بێکار دەکردرێت و داوای ئەو مافانە دەکردرێت کە بە شایستەی ئەوان دادەنرێت. مافەکان هەموو بوارە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکان دەگرێتەوە.
”چەپ“ لە کوێدا؟
ئەو تێگەیشتنەی سەرێ تێگەیشتنێکی سونەتییە و گشتییە لە ”چەپ“.
لە ڕاستییدا ”چەپ“ لە هەموو جۆرێکی ئایدیۆلۆژییدا، لە چەپ و ناوەڕاست و ڕاست دا هەیە. هیچ ئایدیۆلۆژیەک نییە، جا لە هەر بەرێکدا بێت، کە بە تەنها ”ڕاست“ بێت. کەواتە ”چەپبوون“ شێوەیەکە لە جیهانبینیی، لە بەرنامەی سیاسیی بۆ تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگا. ”چەپ“ هەروەکو هەر مێگائایدیۆلۆژیەکی دیکە خاوەنی ڕەووشتی خۆیەتی، بۆ نموونە تاکەکەس بە هۆکاری گرفتە کۆمەڵایەتیەکان دانانێت، بەڵکو کۆمەڵگا و دامەزراوەی سیاسیی بە هۆکار دا دەنێت، پێی وایە تاکەکەس بریتیە لە مرۆڤێکی خاوێن و بێ گوناه، بەڵام کە لە درێژایی ژیانیدا دەبێت بە قوربانیی سیستەمی سەرمایەداریی و پاوەنخوازیی ئابووریی ئیلیتێکی کۆمەڵگا. تاکەکەس دووچار و ناچاری کۆمەڵێك ناسنامەی دروستکراو و هەڵبەستراو دەکردرێت کە لە ڕاستییدا لە خزمەت دامەزراوە سیاسییە سەرمایەدارییەکە دا دەبێت، نەک خۆی و نەک کۆمەڵگا. ”چەپ“ پێی وایە پێوەندی تاکەکەس و کۆمەڵگا دەبێت لە پێوەندیەکی دیالێکتیکیدا گرێ بدرێت. واتە تاکەکەس بەشی خۆی بە کۆمەڵگا دەدات و کۆمەڵگایش جێی تاکەکەس لە هەرەوەزیەکی گشتییدا دەکاتەوە. لەو ڕووانگەیەوە، دیدی ”چەپ“ لەسەر تاک و کۆمەڵ و سیستەمی سیاسیی لە بناخەدا، پێش ئەوەی دیدێکی یاسایی و هونەریی بێت، دیدێکی ڕەووشتییە، چونکە پێی وایە لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانەوە بە قازانجی کۆمەڵ پێ هەڵ دەگرێت.
ئەڵبەت لێکدانەوەکان چۆنی دەهێنن و سەرئەنجامەکان چۆن دەبن و گرووپگەلی جیاواز چۆن لەو پرسانە دەڕووانن، باسێکی بێکۆتاییە، کە زۆرێکیان لەگەڵ بۆچوونی ”چەپ“ لەمەڕ ئەو پرسانە نایەنەوە و بگرە دژایەتیشی دەکەن.
پێناسەی چەپ
پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و گۆڕانکاریە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان لە بەراووردی مێژووی سەدەی بیستەمدا پێناسەکانیان فرە زحمەتر و تێکچڕاو کردووە. ئەو ئاڵۆزییە لە پێناسەی ئایدیۆلۆژیی و شوناسەکاندا ڕوونتر دەبینرێت. بۆ نموونە پێناسەی ئایین، پێناسەی ئیسلام، کریستیانیزم، فێمێنیزم و هتاد.
ڕاستیی زەحمەتبوونی پێناسە ئەگەر زیاتر نەبێت، کەمتر بە تووش ”چەپ“ نەهاتووە. بەگشتیی ڕوونە کە ئەوانەی خودئاگا و هۆشیارانە و وەفادارانە باس لە ”چەپ“ و ”چەپبوون“ دەکەن مەبەستیان لە هاوهەستیی و هاوسۆزییە بۆ ئەوی دیکە، بۆ ئەوی بێکار، بۆ ئەوی نەخۆش، بۆ ئەوی پەککەوتە، بۆ ئەوی دەستکورت و بەو شێوەیە. بەڵام هەروەها سنوور و میچی حکومەت، دامودەستگاکان، بازاڕی کار، کەرتی بازرگانیی و بەرهەم، بەشی تەندروستیی و خوێندن و لایەنە گرینگەکانی دیکەی وەکو سامانی دەوڵەت. هەروەها داوای دەستەڵاتی سیاسیی یان بە لای کەمەوە بەشێک لە دەستەڵاتی سیاسیی بۆ خەڵک بەگشتیی و بۆ چینی خواروو و چینی کرێکار، بە تایبەتی.
بەڵام گرفتی سەرەکیی لە باسی ”چەپ“ دا ئەوەیە کە ”چەپ“ هەروەکو هەموو شێوەکانی دیکەی ئایدیۆلۆژیی هۆمۆژن، واتە یەکتەن/ یەکڕەنگ نییە و خەتەکان بە سەدانن و هەموویان لە میتۆد و شیرۆڤە و ئامانج و جیهانبینیی و خاڵگەلی دیکەدا جیاوازیی بچووک و گەورەیان هەیە.
جیاوازیەکان لە ناو شێوەگەلی ”چەپ“ دا هەندێک جار هێندە گەورەن کە ئەزموون نیشانی داوین لایەنەکان یەکتریان نەخوێندووەتەوە و تەنانەت نەشبینیووە، لە زۆر حاڵەتدا قسە بە یەک گوتن و ڕەخنە لەوی دی و دانانی ئەوی دی بە کۆسپ و تەگەرە بە ڕوونی دەبینرێت، و ڕوویشی داوە کە ناکۆکیەکان گەیشتووەتە شەڕ و هەرا لەگەڵ یەک.
بەو شێوەیە دەتوانین پێ دابگرین کە ”چەپ“ لە کردەوەدا، لە ژیانی ڕۆژانە و لە پراکتیکی ژیانکردندا، سفاری قسەوباس و دروشم و دروشمگەریی بەجێدەهیڵێت و ئەوانەی لە مێژووی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا تا بە ئێستا دەگات فرسەتیان وەدەستکەوتبێت خەتی خۆیان تاقی بکەنەوە، لە کردەوەدا نیشانیان داوە چیان کردووە و چۆنیان کردووە.
کەواتە پێ داگرتن لەسەر ناهۆمۆژنی ”چەپ“ و نەبوونی پێناسەیەکی تایبەتیی بۆ ”چەپ“ دەبێت قابیلی قبوڵ بێت. نەرمتر دەتوانین بڵێین ”چەپ“ بە تەنها بە یەک دانە پێناسە ناگیرێتەوە. بەڵکو هەر شێوە ”چەپێک“ پێناسەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو پێناسەیەش مەحاڵە ڕوون و کۆنکرێت بێت ئەگەر ئەو لایەنە بەرنامە و پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی بە ڕوونیی و ئاشکرا نەخستبێتە بەر دەستی خوێنەر و خەڵک. هیچ پێناسەیەک ناتوانێت کارگەلێک بگرێتەوە کە پەنهان بێت.
لەبەرئەوەی ”چەپبوون“ لە ئاستێکی ورد دا بانگەشەی نەزمێکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتیی دەکات، ناتوانێت و لە درێژخایاندا بۆی نابێت لە ئەجێندایەکی پەنهان و شاراوەدا بیکات.
”چەپ“: خەتێکی ئایدیۆلۆژیی کۆنکرێت، یان؟
لێنین کەسایەتیک بوو کە مێژووی چەپی گۆڕی. بە پەیداکردنی چەند پرینسیپێکی نوێ بۆ مارکسیزم، بەتایبەتی بۆ ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیی، لێنین ڕێگایەکی لە پراکتیکدا کرد بە ڕێگایەکی فرەڕیانیی کە هیچ ”چەپێک“ ناتوانێت بەرامبەری بێخورد ڕابووەستێت.
پێش لێنین و لە کاتی لێنینیشدا ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیی بێ گرفت نەبوو. چەند پرسێکی سەرەکی هەبوون کە، هۆیەکان هەرچیەک بن، بە تەواویی نەکەوتنە بەر باس.
پرسە سەرەکیەکان فرە بوون. بۆ نموونە ئایا بزووتنەوەی سۆسیالیستیی شۆڕشگێڕ بێت یان دیموکراتیک. ئەگەر شۆڕشگێڕ بێت لە چ ئاستێکدا و بە چ مانایەک و تا چ سنوور و میچێک. ئەگەر دیموکراتیک بێت، چۆن وا بێت و میکانیزم و کەناڵگەلی پیادەکردنی کامانە بن و چۆن پیادە بکرێن.
ئەمە پرسێکی وا هاسان نەبوو کە لە هێزی تاکەکەس یان گرووپێکدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە بە سەدان و بگرە هەزاران لە بیرمەندانی بەرەی ”چەپ“ بە دڵی پاک و خۆبەخشانە و بە دڵفراوانییەوە لە وەڵامدانەوەیدا بەشداربوون، هەر نەتوانرا چارەنووسی چەپ لە لەیەکترازان و لە فرەڕیانیی ڕزگار بکرێت.
پرسێکی سەرەکی دیکە ئەوە بوو کە چۆن مانای دیموکراتیی لێک بدرێتەوە و بە چ جۆرە سیستەمێکی سیاسییەوە پابەند بکرێت. پرسێکی دیکە ئەوە بوو کە پرۆژەی سۆسیالیزم چەند گەورە بێت، ئایا سەرتاپای بوارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان بگرێتەوە یاخود بە پێی پێویست و بە شێوەی جیاواز بێت، ئایا پرۆژەیەکی کەسیی و خانەوادەیی یان ڕێکخراوەیی بێت، یان پرۆژەیەکی کۆمەڵیی و کۆمەڵگایی.
پرسێکی دیکە ئەوە بوو کە ئایا ئەوە بکرێت بە پرۆژەیەکی کاتیی و ماوە دیاریکراو یان بە خەباتێکی ستراتیژیی درێژخایان. پرسێکی دیکە ئەوە بوو کە ئایا لەو پرۆژەیەدا چۆن لە کات بڕووانرێت، ئایا چەند پەلە بکردرێت یان نەکردرێت و بەو شێوەیە. ئایا ماناگەلی ”پەلەکردن“، ”پێهەڵگرتن“، ”کاوەخۆ“ و ”دەستوبرد“ لە مانا سیاسییەکەدا چۆن لێک بدرێنەوە و کێ خێوی ئەو لێکدانەوەیە بێت؟ بە واتایەکی دیکە پرۆسەی سۆسیالیزم کاری کۆنتەراتی تاکەکەسێک یان گرووپ و پارتێک بێت و لە ماوەیەکی دیاریکراودا پیادە بکردرێت یان، بە شێوەیەکی دیکە بێت؟ ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە بێت، دەبێت ڕوون بکرێتەوە چۆن ئەو شێوە پیادە بکرێت.
لە خوێندنەوەی ئەو ئەدەبە سیاسییەدا کە دەتوانین بە مێگاپرۆژەی مارکسیزم ناوی بنێین، دەردەکەوێت کە هەر لە سەرەتاوە باسی سۆسیالیزم دووچاری ئەوە بوو کە هەستی تێکەڵاو بکردرێت و پەلە لە فەراهەمکردن و بەرقەرارکردنیدا بکردرێت.
لێنین یەکێک بوو لەوانەی کە نەک هەر پەلەی بوو، بەڵکو بە غاردان ئەسپی خۆی دەهاژووت. حوکمی سسزار بۆگەنی کردبوو، ڕووسیەکان لە سەر زەمینێک کە سەروبنی سامان بوو، لە برساندا دەمردن، بێکاریی، فەساد و دواکەوتن و نەخۆشیین تەنگی بە ڕووسەکان هەڵچنی بوو. هەموو ئەو چەرمەسەرییە واقیعیە لێنینی بەو باوەڕە گەیاند کە سۆسیالدیموکراسیی لە فۆرمی دیموکراتیک و ڕیفۆرمیستیی خۆیدا ناتوانێت گۆڕانکارییەک لە ڕووسیادا پێک بهێنێت کە فریای جەماوەری بەرینی بێدەستەڵات و نەبوو و نەدار بکەوێت.
لێنین کە بە ڕاستیی سەرقاڵی خەباتی ئازادیخوازانەی ڕووس بوو لە دەست حوکمی موتڵەقی سسزار و نەیدەتوانی لەوە زیاتر ئازار و جەوری ڕووس ببینێت، لە ماوەیەکی کورتدا نەشتەرگەریی لەسەر بیری سۆسیالدیموکراتیی کرد، وا کە پێی وابوو دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت، و پاشان دووبارە لەسەر چەند پرینسیپێکی نوێی دایمەزراندەوە.
پرینسیپەکان بریتیبوون لە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ، پارتی ڕابەر، ڕابەرایەتی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریی، بازدان بە سەر قۆناخی سەرمایەدارییدا بێ پیادا تێپەڕین، و دامەزراندنی کۆمەڵگای کۆمۆنیست.
شتێکی گرینگ لە تێگەیشتن لە بیری کۆمۆنیستی لێنیندا ئەوەبوو کە مانایەکی تەواو کۆنکرێت و نائامادە بە لێکدانەوەی جیاواز بە چەمکی ”شۆڕشگێڕ“ دا. لە تیئۆری لێنیندا ”شۆڕشگێڕ“ بە مانای حەتمیەتی ستاندنی دەستەڵات و جێگرتنەوەی دەستەڵات و فڕێدانی ئەوی هەیە، دێت.
لەبەرئەوەیە کاتێک لایەنێک باس لە ”شۆڕش“ و ”شۆڕشگێڕ“ یان ”شۆڕشگێڕبوون“ دەکات دەبێت خۆی بە وردیی ڕوون بکاتەوە کە مەبەستی چییە. ئایا مەبەستی لە ڕووخاندنی کامە دەستەڵاتە، بە چ شێوەیەک دەیەوێت بیکات و کێ یان کامە لایەن بە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دەستەڵاتە دەزانێت و لە چ سیستەمێکی سیاسییدا ئەوە پیادە دەکات؟
پێش لێنین، لە مێژ بوو وشەی ”شۆڕشگێڕ“ لە مانا میکانیکیەکەیدا لە پرۆسەی پیشەسازییدا، بەتایبەتی لە سازکردنی موتۆڕدا، بیسترابوو. ئەو وشەیە بە مانای خولدانێک یان گەڕدانێکی ١٨٠ پلەیی دەهات. لێنین پێی وابوو، لە مانا سیاسییەکەشیدا دروست دەبێت خولێکی ١٨٠ پلەیی، واتە قڵبکردنەوە و سەربەرەوخوارکردنەوەی دەستەڵات بپێکێت. دەستەڵات دەبێت لە سەداسەد بگۆڕدرێت و شتێکی نوێی لە جێ دابنرێت.
لێنین پێی وابوو کە ئەو وردە چەهچەهەیەی لە ئاوازی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیدا هەیە بووە بە هۆی ئەوەی تاکەکەسی خوازیار بە بیری چەپ نەتوانێت ڕاشکاوانە و جەسوورانە خۆی ساخ بکاتەوە. لەبەرئەوە دووبارە داڕشتنەوەی مارکسیزم لە فۆرمێکی لێنینیستیی شۆڕشگێڕدا، بەلای ئەوەوە، دەبێت بە مایەی بە یەک ڕێگاکردنی مارکسیزم، واتە کارهاسانیی بۆ مارکسیزم کە خۆی لەسەر یەک تاکە ڕێگا ببینێتەوە. پاشان دەرکەوت کە لێنین نەک هەر نەیتوانی ئەو تاکە ڕێگایە فەراهەم بکات، بەڵکو ئەو ڕێگایەی فرەڕیان کرد و زیانێکی بە بزووتنەوەی چەپ گەیاند کە لە ئاییندەی دووریشدا جێگای دیار دەبێت.
لێنین لە کردەوەدا سەرکەوت و یەکێتی سۆڤیەتەکان، بەتایبەتی کە وا دەردەکەوت سەنگەرێک دژ بە سەرمایەداریی و ئیمپریالیزم بگرێت، لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە هیوا و ئومێدی نیوەی دونیا. لە پراکتیکدا سەرمایەداری بوو بە بلۆکێک و ئەوی ئەوبەری بوو بە بلۆکێکی ”سۆسیالیستیی“، ئەڵبەت دیارە ”لە شێوە لێنینیەکەیدا“.
بەو سامانە دەوڵەتیە فرە زۆرەی لە بەردەستی بۆلشەڤیکەکاندا بوو گەلێک کاری باش کرا، بەڵام زۆر کاری خراپیش کرا. یەکێک لەو کارە خراپانە کە ئیستا بابەتی باسەکەیە ئەوە بوو کە بەشێکی ئەو پارە زۆرە لە کارێکدا تەرخان کرا کە پاشان دەرکەوت زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوەی ئازایخوازیی و سۆسیالیستیی جیهان گەیاند کە ناکرێت قەرەبوو بکرێتەوە. ئەویش دروستکردنی هەرچی زووتری پارتگەلی کۆمۆنیستیی سەتالایتیی بوو.
ئەگەر لەدایکبوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی سەرئەنجامی بەیەکگەیشتنێکی مەتریالیانەی فەلسەفەی ئەڵمانیی و شۆڕشی فەڕەنسیی و گەشەی سەرمایەداریی ئینگلستان بێت، ئەوا پەیدابوونی ئەو پارتگەلە کۆمۆنیستیە سەتالایتیانە تەنها دروستکردن بوو، و دوور بوو لە هەر جۆرە لەدایکبوون و سەرهەڵدانێکی سرووشتیی.
کاتێک لێنین لە سەر خیابانەکانی بێدەستەڵاتیی ڕۆژگاری ئاوارەیی دەژمارد و دوور لە مەمەڕی دەستەڵات دەژیا، لە هەڵپەی ئەوەدا بوو نوسخەیەکی پەلە پێشکەش بە چەوساوەکانی ڕووس بۆ ئازادی بکات. بەڵام کاتێک لە ناو بورجی دەستەڵاتدا لەو دیوی قەڵای هەزاربەهەزارەوە، لە ژوورێکی داخراودا، کەوتە ژێر باری بیرکردنەوەوە، وا تێگەیشت کە حەتمەن دەشتوانێت نوسخەیەکی لەو جۆرە بە سەراپای نەتەوەکانی جیهان بدات. بەڵام کابوسی سیاسیی ژووری داخراو لێنینی دووچاری فرە لە هەڵە کرد، یەکێکیان ئەوە بوو کە وشەی ”نەتەوە“ و ”دەوڵەتی“ تێکەڵاو کرد. لێنین بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت کەوتە داوی بیری هەمان نوسخەوە کە ئوروپای ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیست لە چوارچێوەی ”دەوڵەتی سنوور the Territorial State “ دا بە ناوی ”دەوڵەتی نەتەوە“ بە سەر جیهانی بەکۆلۆنیکراویان داسەپاند، کە لە ڕاستییدا نە نەتەوەیی بوو نە فرەنەتەوەیی، بۆ نموونە کۆنفیدراڵیی یان فیدراڵیی، بەڵکو لە هەرە زۆرینەیاندا دەستەڵاتیان بەو نەتەوانە دا کە لە چاو ئەوانەی دیکەدا کەم ئەژمارتر بوون.
لێنین بزووتنەوەی سۆسیالیستیی لە پرۆسەیەکی مێژوویی، پێوەند بە خوێندن و پەروەردە و ڕەوتی پیشەسازیی و سەرمایەداریی و گەشەی کۆمەڵگا گۆڕی و کردی بە پرۆژەیەکی شەخسیی و پارتیی. ئەوجا تێزەکانی خۆی کرد بە شامۆری ئەو پرۆژەیە. لێنین هیرارشیەکی لە دەستەڵات دروست کرد کە لە درێژخایاندا زەرەر لە چینی کریکار دەدات، وەکو لەوەی سوودی پێ بگەیەنێت.
هێلکە بچووک بن یان گەورە، هەموو لە یەک دەچن. هەموو ئەو پارتە کۆمۆنیستیانە زوو بە زوو بوون بە سەدا و بە ڕووخساریی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەتەکان. لە دونیای خۆرئاوادا زوو ئەو شۆخیە بڵاو بووەوە کە ئەگەر لە ڕووسیا باران ببارێت، پارتگەلی سەتالایتیی لە وڵاتانی خۆیان چەتر هەڵ دەدەن. زۆری نەبرد جۆکی سیاسیی دیکە پەیدابوون کە هەموو بە شێوەیەک گێڕانەوەیەک بوون لەو ڕاستەقینە تاڵەی هەبوو.
بزووتنەوەی کۆمۆنیزم لە چەشنی لێنینیزمی شۆڕشگێڕ بە لایەنی هەرە کەمەوە دوو زیانی زۆر گەورەی بە بزووتنەوەی ”چەپ“ لە دونیادا گەیاند. یەکەمیان ئەوەبوو کە تەنیا لە دەوڵەتی سەروەردا، واتە خاوەن تێریتۆری/ مەرزی یاسایی نێودەوڵەتیی، پارتی کۆمۆنیست بۆی هەبوو هەبێت، و دووهەمیان لە دەوڵەتێکدا تەنها یەک پارتی کۆمۆنیستی بۆی هەبوو، هەبێت. هەر شێوەیەکی دیکە لە ڕێکخراوەی چەپ و سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستیی بە ڕیڤیژیونیست/ لادەر مۆر دەکرا. ئەو مۆرە هەر جۆرێک لە ڕەخنە نەبوو، بەڵکو لە پراکتیکدا لە زۆر دۆخدا گەیشتە ئاستی جاسووسی لەسەرکردن و بەگرتندان و بەکوشتندانی ئەو مرۆڤانەی بە لادەر و بێوەفا بەرانبەر بە خەتی لێنین دا دەنرا.
نموونەی قوربانیی لەو چەشنە، نە هەر لە کوردستان، لە زۆر وڵاتی دیکە هەن.
ئەڵبەت لە ڕووی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیەوە لایەنی دیکەی زۆر خراپ بە دووایدا هات، بۆ نموونە ئەوی لە ئەدەبی سیاسیی ”چەپ“ لە ناو ئەو وڵاتانە دەست دەکەوت، جا نهێنی بووایە یان بەهۆی خۆڕێکخستن لەگەڵ دەستەڵات لەگەڵ دەوڵەت، ئەدەبیاتی لێنینیستیی بوو. ئەوی لە جۆری دیکەی سۆسیالیستیی دەست دەکەوت بە کەڵکی ئەوە نایەن بژمێردرێن. بەو چەشنە لێنینیزم بوو بە سەرچاوەی مارکسیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم. ئەو شێوەیە لە مارکسیزم خۆی کرد بە خێوی لێکدانەوە و شیکردنەوە. هەموو ڕەخنەیەک لە جۆرەکانی دیکە لە بیری سۆسیالیستیی، تەنها لە دیدێکی لێنینیستیانەوە بوو.
گەلێک دەوڵەتیش مۆری سۆسیالیستبوونیان لێ درا کە نە هەر سۆسیالیستیی نەبوون، بەڵکو دیکتاتۆر و تۆتالیتار و لە هەندێک حاڵەتدا جۆری فاشیستیش بوون.
ئاکامی ئەمە، لە ئاستی خوارتر لە دەوڵەت، دروستبوونی گرووپێکی مۆرلێدراو بە کۆمۆنیست و سۆسیالیست بوو کە نە بەتایبەتی چەپ بوون و نە بەگشتیی نیشتیمانپەروەر. هەڵوێستیشیان بەرامبەر بە خەباتی ڕزگاریخوازیی، بۆ نموونە ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستێکی دژئازادیخوازیی و دژڕزگاریخوازیی بوو.
لە هەندێک حاڵەتدا دووڕوویی و ئۆپۆرتونیستیەکی لە ڕادەبەدەر بێشەرمانە و پڕڕوویانەیان پێڕەو دەکرد. بۆ نموونە پارتی کۆمۆنیستی تورکیا داوای دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ فەلەستین و تورکەکانی قوبرس دەکرد، و هاوکات پارێزەری ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت بوو بەرانبەر بە کورد و کوردستان. ئەو پارتە زەحمەتی زۆری بۆ بەدناوکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک. کێشا. دوو هۆی گەورە لە پشت ئەم ڕقەوە بوو: نەتەوەیەک کە نەبێت چۆن دەبێت بۆی هەبێت پارتێکی کرێکارانی هەبێت؟ هەڵوێستی تودەی ئێران بەرانبەر بە دۆزی کورد ڕوونە. لەو ڕووەوە هەروەها حیزبی شیوعی ئێراق و سووریا کۆمەکی گەورە و شایانباسیان لە بەعەرەبکردنی ئێراق و سووریا کردووە و بەشێکی بەرچاو لە سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە کورد و کوردستان بوون.
کاریگەریی ئەم کارە فرە چەوتە ئەوەبوو کە پاشان نێزیکەی هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی پارتی کۆمۆنیستی سەتالایتییدا دروست بوون، هەر لێنینیستی بوون و بەو خەتەوە گیرسانەوە. هەندێکیان بە پێڕەو لە ماو تسی تۆنگ و ستالین ـیش.
ڕێکخراو زۆرن کە بە وێنەی مارکس، ئەنجڵس، لێنین، ماو تسی تۆنگ و ستالین و هۆشی مینە دیواری وتاخەکانیان دەڕازاندەوە. هەندێکیان پێیان وابوو هەتا وێنەی لەو جۆرە هەڵبواسن زیاتر کۆمۆنیستن و لێنینیستن.
ئێستا زۆرینەی ئەوانە، بە حوکمی توانای یان ڕاستتر ”ناتەوانی“ سیاسیی و فکرییان، پێڕەوکاری ”چەپی گشتیی/ خەتی پان“ـن.
مەبەست باشیی ”چەپ“
”چەپ“ بە گشتیی عەوداڵی دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسیی و بەشهەبوون و باشکردنی باری ئابووریی مرۆڤ و بڕووابوون بە مرۆڤ و بە ئایندەیەکی گەشترە بۆ مرۆڤایەتی. لە چەپدا ئەو تێگەیشتنە بناخەییە کە خراپی باری ئابووریی/ کۆمەڵایەتیی خەتای کەس نییە، بەڵکو سەرئەنجامی هەبوونی سیستەمێکی سیاسیی تایبەتییە، و لەبەرئەوە تا نەگۆڕدرێت، چارەسەر ناکرێت.
”چەپ“ گیرۆدەی دەستی خەتێکی گشتیی/ خەتێکی پان
شیکردنەوەی لێنین بەئەژمارن کە لە جێی خۆیدان. یەکێکیان ڕەخنەکانیەتی لە ”چەپ“ ـی گشتیی و لە ئەوانەی مۆری ”چەپ“ لە خۆیان دەدەن. ئەوانەی توانای خۆقووڵکردنەوەیان لە بیری سۆسیالیستییدا نییە، بەتایبەتی کە نازانن ئابووری سیاسیی بە چ مانایەک دێت و لە کوێدا قسە و کردەوە جیاوازن، زوو دەکەونە داوی ”چەپ“ و ”چەپبوون“ ـەوە. سەرمەست لە تێنەگەیشتنی خۆیاندا بۆ بناخە گرینگەکانی ئەو بیرە، مەلافەیەکی ”چەپ“ لە خۆیانەوە دەپێچن کە پێیان وایە هەتا قورستر بێت، باشترە.
دیارە ئەوانە نازانن کە ”چەپ“ بیرێکی هۆمۆژن نییە و خەت و لک و پۆپی زۆر لێ دەبێتەوە. هەروەها تێناگەن کە ئەگەر سۆسیالیزم تیئۆریەک بێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە چەوساندنەوە دەبێت لە ئاستێکی وادا گرینگیی و بایەخی زانستیی و مەیدانیی و ئەکادێمیی پێ بدرێت کە بتوانێت وەڵامی سەردەم بداتەوە.
پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، پارتگەلی کۆمۆنیستی سەتالایتیی تێکڕا کێبڕکێیان دەکرد ڕەنگی سوور لە چەرمیان دابماڵن. ئەوە کارێکی هاسان نەبوو، ئینێرژیەکی گەورەی لە ئۆپۆرتونیزم و ساختەکاریی و بێ چاووڕوویی سیاسیی دەخواست.
ئەوانەی پاش ئەو ڕووداوە کەوتنە داوی ”چەپ“ ـی گشتییەوە، وردە وردە بە ڕێگاوەن ببن بە ڕێکخراوێکی زۆر بچووک، کە تەنانەت لە وڵاتانی ئوروپای دیموکراسییشدا هەندێک جار مەترسیی ئەوەیان لەسەرە نەتوانن ئەوەندە دەنگ بهێنن کە بچنە ناو پارلەمان.
لە وڵاتانی دواکەوتوو، بۆ نموونە لە کوردستان (بێ لە پارتی کرێکارانی کورستان کە باسێکی سەربەخۆ دەخوازێت) بزووتنەوەی چەپ هەرگیز نەکەوتە مەیدانی قووڵی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەوە. ئەوانەی لەو بەرەی ”چەپ“ ـەدا بوون، بۆ نموونە لە خۆرهەڵاتی کوردستان و تا ڕادەیەکیش لە باشووری کوردستان، کەسانی دڵسۆز و خوێنگەرم و شاناز، بە شێوەی جیاواز زوو یان درەنگ لە سەنگەرەکانی خەبات و لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەدا گیانی پاکیان سپارد. زۆرێک پاش برینداریی و ماڵوێرانیی لە غەریبایەتی زۆر دووردا دووچاری ئاوەرەیی بوون، یان ناچار مان لە ناو وڵات درێژە بە ژیانی کولەمەرگی بدەن.
سەرکردایەتی چەپ هەر نێزیکەی لە سەرەتادا کەوتە دەستی زۆرێک لەوانەوە کە لە دیوەخان و مزگەوت و تەکیەکاندا گەورە بووبوون و بە یارمەتی دارودەستەی ”بەڵێ قوربان!“ خۆیان دا سەپاند. بزووتنەوەی ”چەپ“ هەر زوو بوو بە ”خەتێکی گشتیی و پان“، لە ڕوواڵەت و بە ناو لە شێوەی مارکسیزم لێنینیزم، بەڵام لە کردەوەدا لەوانەن کە لە ڕاستەقینەدا لێنین نەفرەت لە نەزانیی و بێغیرەتیی و ناڕۆشنیی و ناشارەزاییان دەکات.
هەبوونی ”چەپی گشتیی و پان“ زوو بە زوو کەوتە قازانجی ئەوانە کە لە ئۆپۆرتونیزم و پۆپۆلیزمی خۆیاندا سڵ لە هیچ جۆرە خوێنڕشتن و بەشەڕدان و ئاشووب و زەرەروزیانێک لە خەڵک، تەنانەت لە ئەندامەکانی خۆیشیان، ناکەنەوە. لە قسەوباسدا لێنینیستیی تێکەڵ بە بەندوباوی عەشیرەتی، و لە پراکتیکدا خەتی پان و لە ڕەووشتی بینراوی ڕۆژانەیشدا میکاڤیللیستی.
پێ داگرتنێکی سەرسەختانە نییە بگوترێت کە مێژووی چەپ لە باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان مێژووی خەتی گشتیی و خەتی پان بووە.
خەت هەتا گشتیی و پان بێت، هاسانتر و لە قازانجترە بۆ ئەوانەی لێی نازانن و باوەڕیان پێی نییە.
ڕەووشت: کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیی
ڕەووشت لە سیاسەتدا هەمیشە باسێکی گەرم دەبێت و پرسیاری ئایا هەبوونی ڕەوشتێک پێویستە یان نا بەو زووانە کۆتایی پێ نایەت.
”ڕەووشت“ یەکێکە لە هۆیەکانی هەبوونی مێگاباوەڕ و ئایدیۆلۆژیەکان. ئایینە گەورەکان لەسەر کۆڵەکەی گرینگی ڕەووشتیی دامەزراون. ئەو پرینسیپانە چەند ڕوونن، پێڕەو دەکردرێن یان نا، جێی ئەم باسە نیین.
ئەو بەرنامە و دیسپلین و پرینسیپانەی باوەڕ و ئایدیۆلۆژیەک هەیانە لەسەر کۆڵەکەی ”ڕەووشت“ بەند دەبن. لە هەندێک ئایدیۆلۆژییدا بەدبوون و خراپەکاریی بە زگماک و سرووشتیی مرۆڤ دادەنرێت. لە هەندێکی دیکەدا کۆمەڵگا و پێوەندیەکان بە هۆکاریی کاریگەریی دادەنرێن. ڕەووشت پیادەکارانی ئەو بیرە دەخاتە سەنگی مەحەکەوە و لە پراکتیکدا تاقییان دەکاتەوە.
ڕەووشت ڕەهەندی نێوان وەفاداریی لە نێوان قسە و کردەوەدا دەپێوێت و تاقی دەکاتەوە. ئەمە ڕاستییەکە کە سەبارەت بە پێوەندیە تاکەکەسیەکان و گرووپ و خانەوادە و هتاد هەر وایە.
هەموو ئایدیۆلۆژیەک خاوەنی جۆرێک لە ڕەووشتە. لەبەرئەوە ناکرێت لە باسی سۆسیالدیموکراسییدا باز بەسەر ”ڕەووشت“ دا بدەین.
خەبات کردن بۆ ستاندنی مافی بەرابەریی و یەکسانیی و هاوسۆزیی و هاوپشتیی جۆرێکی تایبەتییە لە ڕەووشت. خەبات کردن بۆ زەوتکردنی ئەو مافانە یان بەشێکیان هەروەها جۆرێکی دیکەیە لە ڕەووشت. ڕێزگرتن لە هەبوونی ئەوی دیکە، لە سەلماندنی مافگەلی ئەوی دیکە، لە داوای بەشداریی سیاسیی بۆی، لە داوای مافی ئابووریی و زەمانەتی کۆمەڵایەتیی، جۆرێکی تایبەتییە لە ڕەووشت.
کەس و کەسایەتییەک کە بەو ڕەووشتە قان نەدرابێت و پەروەردە نەکرابێت، و تەنانەت گەنیو بێت، ناتوانێت خزمەت بە بیری سۆسیالدیموکراسیی ئازادیخواز بکات. ئومەلێت بە هێلکەی پیس بوو ساز ناکرێت.
قۆرخ نەکردنی دەستەڵاتی سیاسیی بۆ خۆ و بۆ خانەوادە، داگیرنەکردنی دەستەڵاتی سیاسیی بۆ خۆ و بۆ خزم و خوێش، هەروەها جۆرێکی تایبەتییە لە ڕەووشتی سیاسیی. بەشەڕدان و لێکترازاندن و ئاژاوەنانەوە لە ناو تەنانەت ئەندامانی ناو خۆیشدا، جۆرێکی تایبەتیە لە ڕەووشتی سیاسیی.
بانگەشەکردن بە دەم و بە ئەدەبیات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی، بۆ ڕێزگرتن لە مافگەلی تاکەکەس و ڕێگانەدان بە دزیی و ساختەبازیی و هەڵاواردن، هەنگاوێکی دروستە، بەڵام سەلماندنی ئەو داوایەیە کە لە کردەوەدا لە دەبێت بە سەنگی مەحەک.
لە ئاستی کردەوەی ڕۆژانەدا دەتوانین بزانین فڵانە کەس ڕەووشتێکی وەفاداریی بەرامبەر بە خەتی ئایدیۆلۆژیی خۆی هەیە یان نا.
لەو ڕووەوە ڕەووشتی هاوهەستیی و هاوسۆزیی و هاوڕێگایی و جۆرەکانی دیکە لە وەفاداریی بەرانبەر بە ژیان و مرۆڤ، کۆڵەکەیەکی گەورەی سۆسیالیزمی دیموکراتیکە. لە بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتیی لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت ڕەووشتیی سیاسیی لەو جۆرە بکەین بە بەشێکی گرینگ و بە کۆڵەکەیەکی گەورەی خەتی ئایدیۆلۆژیمان. ئێمە ناتوانین و نابێت بۆمان هەبێت کەمتر لە ڕێکخراوگەلی دیکە بڵێین و بکەین کە بە پێی بانگەشە خۆ لە وان بە پێشکەوتووتر دەزانین. دەبێت لەو پەڕی تەڵاش و کۆششدا لە کردەوەدا وا ڕەووشتی سۆسیالدیموکراتیی پیادە بکەین کە خەڵک لە دوور ڕادا بمان ناسێتەوە.
ڕەووشتیی سۆسیالدیموکراتیی دەبێت وەکو ڕەنگی ئارم و ئاڵامان ڕۆشن بێت.
ڕەووشتی سۆسیالدیموکراتیی هەروەها ڕەووشتێکی سایکولاریستە، لەو مانایەدا کە جیاوازیی لە نێوان باوەڕی ئاییندا دانانێت، کە ئایین و دەوڵەت لە یەک وەدوور ڕادەگرێت. ڕەووشتی سۆسیالدیموکراتیی ڕەووشتێکی مۆدێرنە کە ڕێگا بە ساختارێکی دیموکراسیی دەدات و هەڵبژاردنی مەقامەکانی پارتیی بە پێی توانا و تاقەت و لیاقەت دەبێت، نەک ئینتیسابیی و بە پێی ئاستی کلکەسوتێ و پێوەندیی خێڵکایەتیی وەکو خزم و خوێش و کەسوکار، کە شەرەف و کەرامەت لە پێناسەی پیاواندا بۆ ”ڕووسووریی“ نابینێت، کە لە پرۆگرامی سیاسییدا بە ڕوونیی دەیسەلمێنێت بە چ شێوەیەک لەگەڵ زەحمەتکێش و کرێکاران و جووتیاران و خوێندکاراندایە و بە چ شێوەیەک دەیەوێت سامانی دەوڵەت و بیمەی گشتیی خەڵک بەهێز بکات. ئەوە بەشێکە لە ڕەووشتی ئابووریی بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتیی. کاری ئێمە دەبێت جیاوازیی ئەرد و ئاسمانی لەگەڵ ئەو جۆرە لە سیاسەتەدا هەبێت کە لە فەزای خانەوادە یان دیوەخانێکدا بەڕێوە دەبردرێت.
بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتیی لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت شایستەی پارتێکی سیاسیی بێت کە مەرجەکانی ئایدیۆلۆژیەکی سۆسیالدیموکراتیی پڕ بکاتەوە.
دەبێت بەرانبەر بە ڕەووشتیی میکاڤیلیستانە بێ سازش بین. مایکاڤیللی دێتە سەر باسی: ئایا باشترە خۆشبوویسترێیت یان لێت بترسرێت. پاشان بەردەوام دەبێت و خۆی وەڵام دەداتەوە کە مرۆڤ [دیارە مەبەستی لە میر/ دەستەڵاتدارە] خوازیاری هەردووکیانە، چونکە مرۆڤ ناتوانێت هاوکات ئەو دوو سیفەتە لە خۆی بئاخنێت و ئەوجا دێتە سەر باسێکی زۆر نزم لە وەسفی جۆرەکانی خەڵک.
بە ڕوونیی دیارە کە هەندێک لایەن هەڵسوکەوت و مامەڵەیەکی میکاڤیللانەیان لەگەڵ خەڵک هەیە و بەو شێوەیە ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان و خەڵک بە شێوەیەک دابەش دەکەن کە لە شیکردنەوە و دیدێکی میکاڤیللیستیەوە سەرچاوە دەگرێت.
لێرەدا وەڵامی ئێمە بە میکاڤیللی و ئەوانەی پێڕەو لەو تێگەیتشنە دەکەن ڕوونە. ئێمە لە خەباتی سەختداین و دەبین دژ بە ترس و وەحشەت و هەموو ئەو جۆرە پێوەندیانەی لەو چوارچێوەیەدان. ناشمانەوێت خەڵک و جەماوەر خۆشەویستیەکی ئەفلاتونیان بۆ ئێمە هەبێت. یەکێک لە کارەکانی ئێمە ئەوەیە کە خەڵک لە پرینسیپی ماف و ئەرک تێ بگات و لەسەر ئەو بناخەیە سیاسەت بکات.
جێرزی ستانیسلاو Jerzy Stanislaw Lec بە تەوسەوە دەڵێت، هەر کاتێک پەیکەرێکت شکاند، بنکەکەی بهێڵەوە، ڕۆژێک بە کەڵک دێت. جێرزی بە دروستیەوە باس لەو جۆرە لە دۆخی وەحشەت و ترس دەکات کە چۆن خەڵک ناچار بە دەستەمۆیی و ڕامبوون و وابەستەیی بە کلکەسوتێ و ئاهەنگی ”بەڵێ قوربان“دەکردرێن. ئێمە دەمانەوێت خەڵک نە فێری پەیکەر داتاشین بکەین و نە پەیکەر شکاندن. چونکە دروست هەروەکو ستانیسلاو پێمان ڕا دەگەیەنێت لەو بەینەدا خەڵک لە ترس و وەحشەتدا فێر دەبن کە بنکەی ئەو پەیکەرانە بهێڵنەوە چون دەزانن زوو بە زوو پێویستیان پێ دەبێتەوە کە پەیکەرێکی دیکەی لەسەر ساز بکەن.
بەشێک لە ڕەووشتی سیاسیی ئێمە ڕزگارکردنی خەڵکە لەو جۆرە بیرە.
سۆسیالیزم ئەرێ، دیموکراسیی بۆچی؟
زەمانی هەمەکارزانیی و هەمەزانایی بەسەرچووە، گرفتەکان بەئەژمارتر و گەورەتربوون. لە هەوڵ دا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانە مێشکێک بە تەنیا بەش ناکات. مرۆڤەکان دەبێت پێکەوە هاوکاریی و ڕێنمایی و هاوپشتیی یەک بکەن تا بتوانن وەڵامی جیددی و شایانباس بدەنەوە.
بە پێی تێگەیشتنی ئێمە سۆسیالیزم دەبێت لە پرۆژەی شەخسیی و پرۆژەی حیزبیی و پرۆژەی پارتی ڕابەر ڕزگار بکرێت. سۆسیالیزم دەبێت بکرێت بە باسێک کە زۆرینەی خەڵک و تا دەکرێت خەڵکانێکی بەئەژمارتر بەشداریی لە باس و شێوە و ئامانج و پراکتیک و ژیانی ڕۆژانەیدا بکەن.
لەوێدایە کە سیستەمی دیموکراسیی دەتوانێت پرۆژەی سۆسیالیزم ڕزگار بکات. بە واتایەکی دیکە لە ئاستی پرۆژەیەکی کەسییەوە بیکات بە پرۆژەیەکی کۆمەڵیی.
لە بردنەوەی ئازادی دەستەڵاتدا بە پێی زۆرینەیەکی کەمیش بێت، هەر دەتوانرێت دەستەڵاتی سیاسیی ببردرێتەوە. ئایا ئەوە بە چ مانایەک دێت؟ ئەوە بەو مانایە دێت کە دیموکراسیی ناسکە و لایەنی ناسکی هەیە. زۆرینەی سەرئەنجامەکان هەرچییەک بن، هەر ڕووبەڕووی ئەوانە نابنەوە کە هەڵبژاردنێک دەبەنەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی هەمووان دەبنەوە، تەنانەت ئەوانەیش کە دەنگیان نەداوە.
لەوێدایە باس و مانای سۆسیالیزم دەبێت بچێتە ئاستی گرینگ و جیددیەوە.
لە باسی پرینسیپیی وەکو هاوهەستیی، هاوسۆزیی، باشبژیی، خۆشگوزەرانیی و بیمەی گشتیی کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان، گرینگە تا دەکرێت زۆرتری خەڵک لە باسەکاندا بن. بەشداریی هەمووان، بەرپرسیاریی، ئەرکداریی و ماف دەبێت بە وردی ڕوون بکرێتەوە و پیادە بکرێن.
سۆسیالیزمی دیموکراتیک بۆ ئێمە بریتیە لە پرۆژهیهكی دڵخوازانه به پێی توانای تاکەکەس. ئەو پرۆسەیە دەبێت ڕێگای سرووشتیی خۆی بە كاری دڵخوازانه ببڕێت. لەوێدایە پرینسیپی ”ههر كهسه و به پێی توانا، و بۆ هەرکەس بە پێی پێویستیی“ مانایەک دەگرێتە خۆی کە دیارە هێشتا دروشمێکی زۆر ئاییندەییە.
هەموو ئەو کارانەی دەیکەین دەبێت لە ماوەی دیاریکراودا بتوانین بیانپێوین و هەڵیان بسەنگێنین کە ئایا دەستکەوتمان هەبووە یان نا. قسەی تێدا نییە کە کاری باش سهرئهنجامی باشی دەبێت. بەو شێوەیە ئێمە دەتوانین بناخهیهك بۆ ئێستا دابڕێژین و ماڵێك بۆ ئایینده ئاوەدان بکەینەوە. ئێمە دەبێت ئەوە بکەین چونکە بە مێژوو و بە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان قەرزدارین.
ئەو کارەمان کاتێک پێ دەکردرێت کە باوهڕ بهخۆبوون و شێلگیرییمان لەو ئاستەدا هەبێت کە پێویستە.
ئێمە لەوەبەر ڕوونمان کردووەتەوە و لە پرۆگرام و پێڕەوی پارتیدا ئاماژەمان پێ کردوە کە سۆسیالیزم تەنها لە پرۆسەی دیموکراسیی و بە پێی پرینسیپی دیموکراسیی قبوڵ دەکەین. لەوێدا جیاوازیی گەورە لە نێوان ئێمە و شێوەکانی لێنینیزم یان شێوەی دیکە لە ”چەپی گشتیی و خۆماڵیی“ دا هەیە. ئێمە هەموو جۆرە شێوەیەکی زەبر و توندوتیژیی و دیکتاتۆریی بۆ وەرگرتنی دەستەڵاتی سیاسیی ڕەت دەکەینەوە. هەروەها بە توندیی دژ بە هەبوونی میلیسیاین کە هەبن و سەر بە ڕێکخراوەی جیاواز بن، چونکە ڕێکخراوێک کە بڕووای بە هەبوونی میلیسیا بێت نایەوێت لە پرۆسەی دیموکراسییدا، هاومەرج و هاومەیدان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، بەشدار بێت و هەر کاتێک پێی وابوو سەرئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی ئەودا نیین، دەست دەداتە چەک و لە هەرایەکی بێسەروبەردا خۆی دەکات بە خاوەنی شەهید.
بە کورتیی، ئەمانە پرینسیپگەلی ئێمەن بۆ خەباتی سیاسیی:
١. پهسهندكردنی پلورالیزم و پێداگرتن لەسەر پیادەکردنی لە لایەن ئەوانەوە کە دەیانەوێت بە پێی دەنگدان دەستەڵاتی سیاسیی بگرنە دەست.
٢. پهسهندكردنی پارلهمێنتاریزم
٣. پهسهندكردنی ههڵبژاردنی ئازاد و یهك مرۆڤ یهك دهنگ
٤. پهسهندكردنی خهبات و تێكۆشانی ئاشتیانه و ڕهتكردنهوهی توندوتیژیی
٥. پهسهندكردنی بازاڕی ئازاد له چوارچێوهی جڵهوگیریی یاسایی و رێساییدا
٦. پهسهندكردنی سایكۆلاریزم و خۆنهبهستنهوه به هیچ ئایین و ئایینزایهكهوه
٧. پهسهندكردنی ساختاری دیموكراسیی و ڕوون (شهفاف)
٨. هەڵوەشاندنەوەی ناوهندگیریی و ڕهواندنهوهی چهقبهستنی دهستهڵات
٩. دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز کە بتوانێت پارێزەری تاکەکەس و کۆمەڵ و ماف و ئەرکەکان بێت
سۆسیالدیموکراتیی و خەباتی ئازادیخوازیی
لێرەولەوێ کەسانێک کە لە مارکسیزم و بیری چەپ ناحاڵیین دەڵێن مارکسیزم یان بیری چەپ ئایدۆلۆژییەک نییە بۆ خەباتی ئازادیخوازیی. ئەوانە بە شێوەیەک قسە دەکەن کە لەوە دەچێت تاپۆی لێکدانەوەی ئەو بیرەیان هەبێت یاخود خۆ بە تەنها نوێنەری ئەو بیرە دابنێن.
ئەو جۆرە کەس و لایەنانە وەکو لە ڕووی سیاسییەوە دووچاری نەخۆشینی ئەسپەرگ بووبن تەنها هەندێک بەشی بچووکی ئێرەوئەوێی بابەتێک دەبینن و تەواو. ئەوانە لە توانایاندا نییە وردەکارییەکان پێکەوە ببەستنەوە و کۆی بیرەکە لە سەرجەمگیرییەکدا ببینن. دروست هەروەکو ئەوەی لە دیوی گەورەی دووربینیەکەوە لە نێزیک بڕووانن.
ئەگەر ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە ئەرکەکانی فەلسەفەی مارکسیزم ئەوە بووبێت کە دووبارە فەلسەفەی سوننەتیی لەسەر لاق و بنی خۆی دابنێتەوە، ئەوا ئەرکی ئێمە دووبارە دانانەوەی سیاسەتە لەسەر لاق و بنی ئەسڵیی خۆی. لە بەردەم ئەو ئەرکەدا ئێمە قەرزاربارین.
تا ئێستا، پاش سێ (٣) ساڵ، هێشتا کەسانێک هەن کە تێ ناگەن پرینسیپی دیموکراسیی و ڕیفۆرمیستیی ئێمە لە بزووتنەوەی سۆسیالیستییدا سەبارەت بە پیادەکردنی لە چ بازنە و چوارچێوەیەکی جوگرافییدایە، کە دیارە کوردستانە، نەک ئێران.
هەروەها ناتوانن تێبگەن بۆ ئێمە لەگەڵ پارلەمێنتاریزم داین نەک لەگەڵ شۆڕشگێڕیی و مەبەستمان چییە و بە چییەوە گرێی دەدەین.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە و لە چەندین موناسەبە و دەرفەتی جیاوازدا ڕوونمان کردووەتەوە کە ئێمە پارتێکی کوردستانیین، نەک کوردیی. پێناسەی ئێمە بۆ ”کوردستان“ ئەو خاکەیە کە بەشێک نییە لە وڵاتی ئێران و لە پرۆسەیەکی داگیرکردندا پێوەی لکێندراوە. بۆیە هەمیشە ڕوونمان کردووەتەوە کە ئێمە عاشق بە ڕووخانی ڕژێم نیین. چونکە پێمان وا نییە کە گۆڕان یان ڕووخانی حکومەتی داگیرکەر حەتمەن لە قازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاندا دەبێت. نموونەیەکی زۆر بچووک ئەوەیە کە تا ئێستا لە تورکیادا دەیان حکومەت گۆڕدراوە، بەڵام خودی دەوڵەتەکە بەسەر کوردستانەوە هەر داگیرکارە. ئەو نموونەیە لە چەندین دەوڵەتی داگیرکاریی دیکەدا بە ڕوونیی دیارە.
لە ئەدەبی ئێرانیی بە گشتیی و ئەدەبیاتی ئەحزابگەلی سوننەتییدا خوێندنەوەیەکی سیاسیی زۆر هەڵە هەیە. ئەویش ئەوەیە کە جیاوازیی لە نێوان ”دەوڵەت“ و ”حکومەت“ دا دانانرێت. هۆی ئەو تێنەگەیشتنە هەرچییەک بێت، با ببێت، بەڵام ئەم تێگەیشتنە چەوتە لە سیاسەت ڕیزێک ناتێگەیشتن و خراپتێگەیشتنی قووڵی لە مەیدانی سیاسەتدا جێهێشتووە.
دەوڵەت بریتیە لە کۆی هەموو ئەو دامودەستگا سیاسیی و بیروکراسیی و ئابوورییانەی لە وڵاتێکی خاوەن سنووریی سەروەردا هەن و ناو و ناونیشان و ئاڵاو ئارمی خۆی هەیە. بەڵام حکومەت بریتیە لەو بەڕێوەبەرایەتیە سیاسییەی کە بەشێوەی جیاواز ئەو دەوڵەتە بەڕێوە دەبات. ئەو حکومەتە دەتوانێت شێوەیەک بێت لە دیموکرات یان لە تۆتالیتار و دیکتاتۆری یەکحیزبی یان تاکەکەسیی و بەو شێوەیە.
ئێمە پێمان وایە خودی دەوڵەتی ئێران لە سەر کوردستان داگیرکارە. حکومەتەکان، جا شێوەیان هەر جۆرێک بێت، لەو دەوڵەتدا نماییندەی نەتەوەی سەردەستن و درێژە بە هەمان داگیرکاریی دەدەن کە ئەوانەی پێش خۆی کردوویانە. ئەڵبەت حەتمەن جیاوازیی لە نێوان حکومەت و حکومەتێکی دیکەدا دەبێت، بەڵام سەبارەت بە پرسیی داگیرکەریی ئێمە تەنها ”کەمتر خراپمان“ لەوانەی دیکە بینیووە، نەک ”باشتر“.
هیچ گارانتیەک نییە کە ئێمە، وەکو نەتەوەی بندەست، مافێکمان دەست بکەوێت، تەنانەت ئەگەر بێین و ببین بە گەدای بەر دەرکی ماڵیان، یان بە بەرماڵ و دەستەسڕێکی خێرەوە دابنیشین و چاوەڕێ بین بەشکم حکومەتێک بێتە سەر حکوم کە دڵی بە کوردان بئێشیت و هەندێک مافیان پێ ببەخشێتەوە.
کەواتە ئێمە دژ بە هەبوونی سەردەستسالاریی دەوڵەتی داگیرکەرین لە کوردستان. لەو ڕووەوە بۆ ئێمە بە تایبەتیی جێگای خەم نییە ئەگەر ڕۆژی جارێک حکومەتێک بێتە سەر حوکم و بڕووخێت. بەڵام هەروەکو لەسەرەوە باسمان کرد، مەرجیش نییە ڕووخانیان بە تایبەتی قازانج بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان بگەیەنێت. ئەوە بەو مانایە سیاسییە دێت کە ئێمە پشتئەستوور بە خەباتی گەلەکەمانین، نەک دابنیشین و بە هیوای ڕووخانی ڕژێم چاوەڕێی بەرەکەتی خودێ بین.
ئەڵبەت ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە دەشێت لە کاتی ڕووخانی حکومەتدا فەزایەک لە بۆشایی سیاسیی و تەنانەت سەربازیی زۆر گەورەیش ڕوو بدات و ڕەنگە کورد بتوانێت بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەربگرێت. ئیحتیمالێکی وا، جا بچووک بێت یان گەورە، واقیعی بێت یان کەمتر جێگای باوەڕ، حەتمەن دەبێت لە حیسابماندا هەبێت.
بەو پێیە ئێمە لەگەڵ وەدرنانی سوپای داگیرکەری نەتەوەی سەردەست داین لە کوردستان.
لەو پرۆسەیەدا، واتا پرۆسەی دەرکردن و ڕاوەدوونانی سوپای داگیرکەر لە کوردستان، ئێمە، وەکو کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، ڕێگا بە خۆمان و بە خەڵکی کوردستان دەدەین هەر جۆرە میتۆد و نەخشەگەلێک کە پێویستن و کە بە قازانجی گشتیی و ئامانجی ڕزگاریخوازیمان دێتەوە، دژ بە داگیرکەر بەکار بهێنین. دیارە جێی چەند پاتکردنەوەیە کە خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان دەبێت تا ئەو پەڕی ئاشتییانە و ئاشتیخوازانە بێت.
کەواتە لە کوێدا مەبەستمان لە وەلانانی چەمکی ”شۆڕش“ و ”شۆڕشگێڕ“ ـیە و بڕووامان بە پرینسیپی پارلەمێنتاریزم و پلورالیزم و ڕیفۆرمیستییە؟
ئێمە ڕوو بە ڕووی داگیرکەر بڕووامان بە هەموو جۆرە خەباتێکە تا ئاستی شۆڕش، واتە ڕووخان و وەلانانی دەستەڵاتی داگیرکەر، نەک هەر لە کوردستان کە ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە، بەڵکو لە خودی ئێرانیشدا، تا ئەو کاتەی ئێرانیەکان ئەوە بخوازن، چونکە ئێمە وەکو کورد نامانەوێت، گەر بشتوانین، نوێنەرایەتی ئەوان بکەین و ئاییندەی سیاسییان بۆ تەعین بکەین.
گرفتی ئێمە لەگەڵ چەمکی ”شۆڕش“ و ”شۆڕشگێڕ“ دا سەبارەت بە کوردستانە.
ئێمە لە ناو کوردستانی ئازاددا بڕووامان نە بە ”شۆڕش“ و ”نە بە شۆڕشگێڕیی“ ـە. لەوەبەر لە شوێنی جیاواز و لە پرۆگرامی پارتیماندا ڕوونمان کردووەتەوە کە تەنها مانایەک ”شۆڕشگێڕ“ هەیبێت لە مەبەستە لێنینیەکەیدایە، کە بە واتای ڕووخاندنی حکومەتی سەر حوکمە.
ئێمە وەکو پارتێکی کوردستانیی لە کوردستانی ئازاددا بڕووامان بە ڕووخاندنی حکومەتێکی کوردستان نییە کە لەسەر حوکم بێت، بەڵکو تەنها لە پرۆسەی پلورالیست و پارلەمێنتاریی و دەنگدانی ئازاددا بڕووامان بە گۆڕینی ئەو حکومەتەیە. بەو شێوەیە ئێمە لەگەڵ گۆڕینی حکومەتی کوردستانداین بە ڕێگای دیموکراتیک و لە ڕێگای هەڵبژاردن.
هەر لەسەر ئەو بناخەیەش ئێمە بڕووامان بە خەباتی ڕیفۆرمیستیانەیە، واتە دەمانەوێت دوور لە ڕووخاندن و وێرانکردن و ئاژاوەنانەوە و پشێویی دروستکردن و ترس و تۆقاندن و هەڕەشەوە کار بۆ وەرگرتنی دەستەڵاتی سیاسیی لە کوردستان بکەین، و لە ڕێگای دیالۆگ و سازش و ڕێککەوتنەوە لە کوردستان دەستەڵات بگرینە دەست، و ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی دروست بکەین.
لە ڕۆشنایی ئەو باسەدایە ئێمە لە پرۆگرامی سیاسییماندا بە ڕوونیی باس لە مافی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە پرۆسەی ڕیفەراندۆمدا دەکەین. هاوکات کە ئێمە خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ خەڵکی کوردستان دەکەین، ماف بە خەڵکی کوردستان دەدەین لە ڕیفەراندۆمێکدا بە ئازادیی ئەو شێوە لە چارەسەر هەڵ بژێرن کە پێیان باشە، بۆ نموونە شێوە لە کۆنفیدراڵیی یان فیدڕاڵیی یان شێوەی دیکەی چارەسەر.
ئێمە هەموو هاسانکارییەک دەکەین کە ڕیفەراندۆم لە کوردستان ساز بکرێت و داوا لە هەموو ڕێکخراوێکی دیکەیەش دەکەین کە چارەسەری ناو پاکەت و شێوەی دیکەی ناحیسابیی بە زۆر بە سەر خەڵک دانەسەپێنن و واز لە گەمەی ١٤ خاڵ و ٨ خاڵ و ٣ خاڵ بهێنن کە زۆر جار لە ژووری داخراودا هێندە نزم دەبێتەوە کە شایستەی باس کردن نییە.
داوا دەکەین ڕێگا بە خەڵکی کوردستان بدرێت لە پرۆسەی ڕیفەراندۆمدا حەز و ئارەزووی سیاسییان نیشان بدەن. خەڵکی کوردستان دەبێت وەکو هەر نەتەوەیەکی دیکە شایستەی چارەسەری جیددیی بێت.
لێرەدا خوێنەر تێ دەگات کە ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیی وەڵامی خەباتی ئازادیخوازانە بە دروستیەوە دەداتەوە. ئێمە بەو ئایدیۆلۆژییەوە لە پرۆسەی خەباتی ئازادیخوازیماندا بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پاشان لە بەرقەرارکردنی حکومەتێکی پارلەمێنتاریی پلورالیستدا بەشدار دەبین. لە ناو کوردستانێکی ئازاددا بە ڕێگای دیموکراتیک خەبات بۆ وەرگرتنی دەستەڵاتی سیاسیی دەکەین و هەوڵ دەدەین تا ئەو کاتەی بکرێت حکومەتی کوردستان حکومەتی سۆسیالدیموکراتیی و هاوپەیمانەکانی بێت.
پێوەندی ئێمە بە لایەنگەلی دیکەوە
هەر لە سەرەتاوە ئێمە بە ڕوونیی ڕامان گەیاندووە کە ئارەزوومەندی هەبوونی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و پلورالیستین. فرەیی ڕێکخراوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شێوەکانی دیکە لە حکومەتیی و ناحکومەتیی بە دیاردەیەکی تەندروست و سالم دەزانین و لە کۆتاییدا، پاش ئەزموون و تاقیکردنەوەکان، بە قازانجی خەڵک دەگەڕێنەوە.
ئێمە ڕێز لە هەبوونی هەموو ئەوانە دەگرین کە دەیانەوێت کوردستان و خەڵکەکەی بە شێوەیەک یان زیاتر بۆ پێشەوە ببەن. بە پرینسیپ دەتوانین لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بچینە هاوپەیمانیی یان بەرەیەکەوە کە لە قازانج و سوودی خەڵکی کوردستان و ئامانجەکانیدا بێت. هەروەها لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا دەچینە هاوپەیمانیی و بەرەوە کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەوە لێک نێزیکین. ئارەزووی ئێمە هەبوونی ڕێکخراوەی بەهێزە کە بتوانێت هەرچی زیاتر لە خەڵک کۆ بکاتەوە و حکومەتی بەهێز دابمەزرێنێت.
مەسەلەی یەکگرتنەوە
لە مەیدانی سیاسەتی کوردییدا هەمیشە ”مەسەلەی یەکگرتنەوە“ باسێکی ئەوڕۆژیی، بەڵام هاوکات تاکتیکی و شێوەیەک لە خۆپەڕاندنەوە، بووە. لەو ڕووەوە، بەتایبەتیی بۆ خۆڕزگارکردن لە بەرخورد و هەڵوێستی پوپولیستانە، جیاکردنەوەی دوو خاڵ لە یەکتر کارێکی پێویستە.
یەکەمیان ”یەکگرتنەوە“ و دووهەمیان ”یەکبوون“.
ئێمە هەبوونی ڕێکخراوگەلی جیاواز و بەئەژمار نەک هەر بە گرفت و کێشەیەک نازانین، بەڵکو بە قازانج و شێوەیەک لە پێشکەوتنی هۆشیاریی نەتەوەیی و چینایەتی و گرووپیی دادەنێین.
ئەڵبەت دەبێت ئەوە بڵێین کە هەموو جیابوونەوە و زۆربوونێکیش بە دروست و بە پێویست نازانین، یاخود پێمان وا نییە کە حەتمەن هۆشیاریی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی لە پشتەوەیە. بەڵام دەزانین کە هەبوونی ڕێکخراوگەلی جیاواز وا دەکات کە کار بۆ پلورالیزمی سیاسیی هاسانتر بکردرێت.
ئێمە وەکو لایەنگری سیستەمی پارلەمێنتاریزم پێمان وایە پرۆسەی پلورالیزمی سیاسیی لە ئاییندەدا دەتوانێت بە باشیی لە خزمەتی سیستەمی پارلەمێنتاریزمدا بێت، و سیاسەت لە بازنەی ئاغایەتیی و دەرەبەگایەتیی و شێخایەتی و سەیدایەتی و مەحفەلبازیی بباتە دەر و بیگەیەنێتە ئاستێکی جییدیتر. هەروەها دەتوانێت لە دەست جەریانگەلی خانەوادەگەریی و مافیاگەریی ڕزگاری بکات.
لەبەرئەوە ئێمە، لە حاڵەتی زۆر تایبەت و ڕووندا نەبێت، لەگەڵ ”یەکگرتنەوە“ دا نین و پێمان وایە چەمکێکی بە سیاسیکراوی قورس و ئاڵۆزە. ئەوانەی بەو شێوە جیددیە لە ”یەکگرتنەوە“ ـیان نەڕووانیووە، دیارن بە کوێ گەیشتوون.
ئەوی ئێمە بەلامانەوە کێشەیە، فرەیی نییە، بەڵکو ئەو دژایەتیە کۆنەپەرستانەیە کە لەسەر ئەساسی چاوچنۆکیی و پاوانخوازیی دژ بە یەکتر ئەنجام دەدرێت.
خاڵی دووهەم، واتە ”یەکبوون“، بۆ ئێمە باسێکی گرینگتر و بە بایەخترە.
کاتێک کە ڕێکخراوەکان بتوانن لە ناو چوارچێوەیەکی کار و ئەرکدا کۆببنەوە و لەوێدا سنوور و میچ و ماف بۆ هەمووان دیاری بکردرێت، ئەوا ئەو رێکخراوانە هەموو پێکەوە دەتوانن نەخش و کاریگەریی بەرچاویان لە خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان و ئامانجەکانیدا هەبێت. ئەو یەکبوونە حەتمەن لە کرداردا دەبێت ببێت بە ”هاوپەیمانیی“ یان ”بەرە“.
لە ئاییندەدا ”هاوپەیمانیی“ یان ”بەرە“ ئەو قازانجەیشی دەبێت کە ئەوانەی لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە هاوپەیمان یان نێزیکن بتوانن لەسەر ئەو بناخەیە هاوپەیمانیی یان بەرەی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی ساز بکەن و بۆ نموونە، لە هەڵبژاردن و حکومەتکردندا، پێکەوە بن.
سەرئەنجام
بەو ئەرکەی لە دە ساڵی ڕابردوودا خستوومانە سەر شانی خۆمان توانیمان ڕووخسارێکی کۆنکرێت و دەنگێکی بیستراو بە بزووتنەوەی سۆسیالدیموکرات، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان بدەین.
چوار ساڵ لەمەوبەر، سەرەڕای دژایەتی بێویژدانانە و پاشکەوتووانە بەتایبەتی لە لایەن هەندێکەوە کە گوایا چەپن، ئەو بیرەمان بە شێوەی پارتێک خستە مەیدانی کارەوە. ئەوانەی لە واقیعیەتی کوردستان دەزانن، تێ دەگەن کە ئەوە کارێکی هەر وا هاسان نەبوو.
ئەو ڕچەشکێنیە، چ وەکو خستنی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراتیی بۆ مەیدانی سیاسەت، چ وەکو پێداگرتن لەسەر بیری کوردستانیبوون و پێناسەکردنی داگیرکەر، و چ وەکو ڕووخساردان بە دادوەریی کۆمەڵایەتیی و سیاسەتی ئابووریی، بە سەربەرزیی و شانازییەوە دەجێتە مئژووی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستانەوە.
لە مەیدانێکدا کە نەخوێندەواریی، نەزانین و نادانایی ئایدیۆلۆژیی، خانەوادەگەریی، خزمخزمێنە و نیپۆتیزم، ساختاری لێنینی بە شێوەی کوردیی داسەپێندراون و کە خەتی گشتیی ”چەپبوون“ کراوە بە سوننەت، کاری ئێمە زۆر لەوە زەحمەتتر بوو کە هەندێک کەس بۆی دەچن. بەتایبەتی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کوردستانی گەورەدا سەرچاوە هەن کە دروست خودئاگا ئەو خەتە لە بێپرینسیپی سیاسیی بەهێز دەکەن و خۆراک و ئینیرژی ڕۆژانەی دەدەنێ.
ئەوانەی سیاسەتیان کردووە بە دوکانداریی هەموو شتێک لەو پێناوەدا دەکەن کە ”خەتی پان“ بەرقەرار بێت، چون هەر بەو شێوەیە دەتوانن بەرژەوەندی تاکەکەسیی خۆیان زامن بکەن. لەو خەتە پانەدایە کە ڕەووشت نامێنێت و ئامانج هەموو شێوەکارێک پیرۆز دەکات. ئێمە قەیچیمان خستووەتە بن ئەو ڕیشەیە و ئەگەر بتوانین جەماوەری باش کۆبکەینەوە، بە دڵنییاییەوە دەتوانین لە بندا بیبڕین.
ئێستا سۆسیالدیموکراتیی لە کوردستان خاوەنی ڕێکخراوی سیاسی خۆیەتی. بەڵام دەبێت بۆ هەمووان ڕوون بێت کە ئێمە ئایدیۆلۆژییمان بۆ ئەوە ناوێت کە ئایدیۆلۆژی کوێر و بەدئایدیۆلۆژیی بین، بەڵکو بۆ ئەوەمان دەوێت کە هەمیشە بزانین لە چ چوارچێوەیەکدا بیر دەکەینەوە و هەڵسوکەوت دەکەین و نەخشە و پلانەکانمان چۆن دادەڕێژین و میتۆد و شێوەکارمان چۆن ڕوون دەکەینەوە و چی بە کێ دەدەین و چۆن ئەو لێستاندن و پێدانە لە پراکتیکدا پیادە دەکەین. ئەمە هەروەها وەڵامدانەوەیەکی جیددیە بەو بازرگانانەی کە پشت لە ئایدیۆلۆژیین و دەڵێن ”ئێمە کاری سیاسیی دەکەین“.
بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتیی هەروەها توانی ڕووخسارێک بە خەباتی چینایەتی ڕیفۆرمیست و پارلەمێنتاریست و پلورالیست بدات، دوور لە هەر جۆرە مەزادێکی سیاسیی و هاوار و فوغانی ئۆپۆرتونیستیی و لێنین گوتەنی ”منداڵبازاڕیی گەوجانە“، و دوور لە بازیکردن لە بەگشتیکردنی ئایدیۆلۆژیی و خۆهەڵواسین بە چەمکگەلێکی بێ پێناسەوە.
ئێمە نایشارینەوە کە یەکێک لە کارەکانمان ڕزگارکردنی خەلکی کوردستانە لە دەست کەڵبەی ”چەپی گشتیی“ و ”خەتی پان“ کە تا ئێستا ڕەنج و خوێنی زۆر لەسەر زەحمەتکێش و کرێکار و خەباتگێڕان کەوتووە و بە قازانجی گەورە بۆ دارودەستەیەکی بچووک گەڕاوەتەوە. ئەو کارە هەر چەند زەحمەتیش بێت، دەبێت لە پێناوی خەباتی چینایەتیی و پێناسەکردنی هەرچی وردتری ئەو خەباتەیە، بکەین.
ئێستا خۆشبەختانە پارتەکەمان توانای بەشداریکردنی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاندا هەیە و دەیەوێت بۆ یەکەم جار لە مێژووی سوننەتشکێنیدا بەشێکی گرینگ لە بزووتنەوەی سەربەخۆخوازیی بێت، و لە دامهرزاندنی پرینسیپی ڕیفەراندۆمدا نەخشی بەرچاو و ڕوون و ئاشکرای هەبێت.
دیارە بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتیی ئازادیخواز ڕێگایەکی سەخت و دژواری لەبەردەم دایە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان نوێیە، بێ ئەدەبیات و بێ بڵندگۆیە و کادێری سیاسیی چالاک و چووستی وەبەرهەم نەهێناوە و هێشتا لە ڕووی ئابووریییەوە توانای بەرسنوورە.
سەرەڕای هەموو ئەو دژوارییانە و گرفتی دیکەی تایبەت بە واقیعی کوردستان، سۆسیالدیموکراتیی بۆ ئەوە لە کوردستان خۆی ڕێک خستووە کە بمێنێتەوە و لە خەباتی سیاسییدا، تا ئەو دەمەی لە ناو خەڵکی کوردستاندا کڕیاری دەبێت، بەشدار بێت.
لەو ڕووەوە دەمەوێت لەم دەرفەتە سوود وەربگرم و هەموو ئەو کەسانە بەخێر بێنم کە دەیانەوێت بێنە ناو بزووتنەوەی سۆسیالدیموکراتییەوە تا بە ڕووناکبیریی و تێگەیشتوویی و ئەزموون و توانا و لیاقەتی خۆیان بەهێزی بکەن و بیکەن بە پارتێکی سەقامگیر و خۆگر و خۆڕاگر وا کە وەڵامی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و خەڵکی کوردستان لە ئێستا و لە ئاییندەدا بداتەوە.
ئێمە دەزانین کە بە کۆکردنەوە و رێکخستنی توانا و لیاقەت و کارزانیی تا زیاتری خەڵکە دەتوانین وەڵامی دروست بەو پرسە گەورانە بدەینەوە کە ڕۆژانە لە کار و خەباتدا بەرەو ڕوومان دەبنەوە. هەمووان دەبێت تێ بگەن کە دەمانەوێت کولتوریی ڕابەرایەتی تاکەکەس، بە هەموو شێوەکانی ساختارییەوە، بشکێنین.
لەبەرئەوە چاوەڕێی دروستبوونی پارتێکی جەماوەریین، پارتێک کە خەت و پرۆگرامی دیار بێت و هاوکات بۆ هێنانوبردنی بیر و دایەلۆگی سیاسیی مەیدانێکی بەرین بێت. پارتێک هێندە لە کەسانی لێهاتووی تێدا بێت کە بە هاسانیی بتوانێت جێگۆڕکێ بە پلەوپایە و مەقامەکان بکات و توانای خۆنوێکردنەوەی هەبێت.
ئەم تاقیکردنەوەیە سەدان ساڵە لە وڵاتانی پێشکەوتوو کراوە و دەکرێت. خەڵکی کوردستان شایستەی ئازادیی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانیی و باشبژێوین و نابێت بە لەوە کەمتر ڕازی بین.

|