|
ئاگاداری هاوبه‌شی ٩ پارت و ڕێکخراوەی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هاونیشتمانانی خۆشه‌ویست! رۆژی شه‌ممو ٥/١٢/٢٠٠٩ (١٦ سه‌رماوه‌زی ١٣٨٨) کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له شاری ڤێستەرۆسی سوێد به به‌شداری ٩ پارت و ڕێکخراوەی سیاسیی و مه‌ده‌نیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه چوو. ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه به هه‌وڵی “هه‌یئه‌تی پێوه‌ندییه کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان” به مه‌به‌ستی باس و دیالۆگ بۆ لێک نزیکبوونه‌وه‌ی هێزه و لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکهات. ئه‌م هه‌یئه‌ته خۆی به‌رهه‌می کوبوونه‌وه‌یه‌کی هاوچه‌شن بوو که له هه‌ڤده‌ی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ئه‌مساڵ به به‌شداری حه‌وت پارت و لایه‌نی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیی و به‌رفره‌وانترکردنی هاوکاری و هاوخه‌باتی به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ ئه‌سپێردرابوو که بۆ به‌رفراوانترکردنی ئه‌و کۆبوونه‌وانه و به‌رده‌وامییان تا کۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو ده‌ور بگێڕێت. کۆبوونه‌وه‌که له که‌ش و هه‌وایه‌کی دۆستانه و به‌رپرسانه‌دا به‌ڕێوه چوو و هه‌ندێک ره‌هه‌ندی پێداویستییه‌کانی هاوکاریی و هه‌روه‌ها شێوه‌کانی ئه‌و هاوکارییه‌ی خسته به‌ر باس و گفتگۆ. له‌وانە ئاماژه به‌م خاڵه کرا که گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م دواییانه به‌ستێنێکی له‌بارتری بۆ لێک نزیکبوونه‌وه و دیالۆگ له‌سه‌ر بنه‌مای پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش پێکهێناوه. به‌شداربووان، ئه‌م دانیشتنه نۆقۆڵییهیان به ههنگاوێکی گرینگ زانی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر په‌رش و بڵاوی سیاسی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەمان. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه کرا که هه‌موو لایه‌نه‌کان، هه‌وڵی خۆیان بۆ به‌رفراوانترکردنی ئه‌و کۆبوونه‌وانه و بهردهوامکارییهکهی بده‌ن و هیچ مه‌رج و دژوارییه‌ک له‌به‌رده‌م به‌شداریی و هاوکاریی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی جووڵانه‌وه‌که‌مان دانه‌نێن. به مه‌به‌ستی درێژه‌کاری و به‌رفره‌وانترکردنی ئه‌و کۆبوونه‌وانه به‌شداران له کۆتاییدا، لێژنه‌یه‌کی نۆ که‌سیان دیاری کرد. ئه‌م لێژنه‌یه، جگه له به‌ڕیوه‌بردن و بڕیاری هه‌ندێک چالاکی، ئه‌رکی سه‌ره‌کی بریتییه له به‌رده‌وامی له‌سەر پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەمان و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ به‌رفراوانترکردنی هاوکاریی و هاوبه‌شیی نێوان ئه‌م هێزانه و، بۆ گه‌ڵاڵه‌کردن و گه‌یشتن به وتارێکی هاوبه‌ش. |