بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان
بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شدارییان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا کرد
بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژارد
بۆ سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم
له دڵه‌وه پیرۆزبایی له دانیشتووانی کوردستان و له ئه‌وانه که له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌شداربوون و له سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم ده‌که‌ین و سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین.
ماوه‌یه‌کی زۆر بوو جیهان چاوی له هه‌رێمی کوردستان بوو که که‌نگێ هه‌ڵبژاردنێک ئه‌نجام ده‌درێت و خه‌ڵکی کوردستان خوازیار و تامه‌زرۆی هه‌ڵبژاردن بوون. هه‌ڵبژاردن له بارودۆخی ناسکدا ڕوویدا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و که‌موکورتیانه‌یش که ڕوویان داوه و که دیاره هه‌ندێکیان شایانباسن، به‌ڵام ئه‌وه مایه‌ی خۆشحاڵییه که زۆرینه‌ی دانێشتووانی کوردستان به‌شدارییان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندا کرد، که چه‌ندین که‌س بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم خۆی کاندنید کردبوو و که ئۆپۆزیسیۆنێکی شایانباس و به‌هێزی وه‌کوو لیستی گۆڕان به‌شداریی له هه‌ڵبژاردندا کرد.
ئێمه وێڕای هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ک، هه‌روه‌ها هیوادارین هه‌مووان به چاوی سیاسیی جیددی و هه‌ستی به‌رپرسیاریی مه‌زنه‌وه له که‌موکورتییه‌کان بڕووانن و له ته‌بایی و یه‌کترقبوڵکردنی هاوڕێیانه و دۆستانه‌دا درێژه به ژیان و به پرۆسه‌ی سیاسیی بده‌ن.
ئێمه له سه‌ره‌تاوه به ڕاگه‌یاندنێک رامان گه‌یاند که له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دۆڕاو نابێت و هه‌موو لایه‌ک براوه ده‌بێت، چونکه پرۆسه‌ی دیموکراسیی هه‌ستی به‌رپرسیاریی و جیددیه‌تی سیاسیی توندتر ده‌کات و سه‌رئه‌نجام دۆخێک فه‌راهه‌م ده‌کات که زۆربایه‌تی پێی دڵشاد ده‌بن.
هیوادارین پارله‌مانی نوێی کوردستان خۆی به پرسی گرینگه‌وه خه‌ریک بکات و وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه بداته‌وه که تا ئێستا نه‌دراونه‌ته‌وه، که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ر کاتێکی دیکه زیاتر به‌رپرسیاریی سیاسیی هه‌ڵبگرێت و به یه‌ک چاو له هه‌موو جۆره لایه‌نه‌کان بڕووانێت و پرۆسه‌یه‌ک له نوێنه‌رایه‌تی ده‌ست پێ بکات که به ئه‌رێنی بچێته مێژووه‌وه.
هاوکات پیرۆزبایی له لیستی گۆڕان ده‌که‌ین و پێمان وایه هه‌وڵ و کۆششی ئه‌وان بوو به مایه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له سه‌ر ئاست و له ناوه‌ڕۆکێکی زۆر جیددی‌تر دابێت وه‌ک له‌وه‌ی تا ئێستا بینراوه یان بێ ئه‌وان چاوه‌ڕووان ده‌کرا.
دیاره پیرۆزبایی له لیستی چاکسازیی و خزمه‌تگوزا‌ریی و ئه‌وانی دیکه ده‌که‌ین و هیوادارین بتوانن له پرۆسه‌یه‌کی سیاسیی پرینسیپیی و جیددیدا به‌شدار بن و هه‌موو پێکه‌وه کورد له قۆناخی ڕزگاریخوازیی نێزیک بکه‌نه‌وه.
پرۆسه‌ی دیموکراسیی و ده‌سته‌ڵات وه‌ده‌ستگرتن به شێوه‌ی هێمنانه و نازه‌برگیریی ئه‌زموونی درێژتری پێویسته وه‌ک ئه‌وه‌ی تا ئێستا له کوردستان هه‌مانه، تۆله‌رانسێکی قووڵتر و پشووی درێژتری پێویسته وه‌ک له‌وه‌ی تا ئێستا تووانیومانه وه‌ده‌ستی بهێنین. به‌ڵام له مێژه هه‌نگاومان ڕووه‌و ئه‌و‌ێنده‌رێ هه‌ڵگرتووه و نیشانه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که به خۆشحاڵییه‌وه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین. هیوادارین هه‌موو نوێنه‌رایه‌تیه‌کان، ئیتر له هه‌ر ئاستێکدان، وه‌ڵامی ئه‌و پێداویستیانه بده‌نه‌وه که شایسته‌ی دانیشتووانی کوردستان و فیداکاریی و قوربانیانی ئه‌وانه.
سه‌رکه‌وتوو بێت پرۆسه‌ی ململانێی ئاشتیخوازانه و دیموکراسیی له هه‌رێمی کوردستان
سه‌رکه‌وتوو بێت خه‌باتی ئازدیخوازانه‌ی گه‌لی کوردستان
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات)
٧/٨/٢٠٠٩

|