رووانگای ئێمه له سه‌ر ئاکام و قازانجی مانگرتنی گشتیی له کوردستان له بابه‌ت کێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمار له ئێران
ئایا پرس به‌شدارییکردنه یان “چی بکرێت؟”
له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا و له ڕاستییدا که‌س نازانێت سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی بانگی مانگرتنی گشتیی و هاوپشتیی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندنه‌کانی تاران له کوردستان له کوێوه دراوه. کێ له پشت ئه‌و بانگهوازهوهیه، و به چ مه‌به‌ستێکه، پرسیارێکه ئایینده وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.
ئه‌وی سه‌رنجڕاکێشه ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک لایه‌ن پشتگیریی خۆیان له‌و مانگرتنه ده‌ربڕیوه. پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) به پێویستیی ده‌زانێت له‌و پێوه‌ندیه‌دا ڕووانگه‌ی خۆی ده‌رببڕێت:
١. خه‌باتی دانیشتووانی کوردستان هه‌میشه له‌لایه‌ک بۆ وه‌دیهێنانی مافه ڕه‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان و له‌لایه‌کی دیکه بۆ به دیموکراتکردن و به شارستانییکردنی سیسته‌مێکی حکومه‌تکردن له ئێران بووه. دیاره به‌و هیوایه‌ی سیسته‌مێکی دیموکراتیی و پلورالیست له ئێران بتوانێت کۆمه‌ک به خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش بکات. زۆر جاران له مێژوودا هه‌ره زۆرینه‌ی دانیشتووانی نێزیک به مه‌رکه‌ز به حکومه‌تی ناوه‌ندیی ڕازیبوون و ته‌نانه‌ت وه‌فاداری کوێرانهیشی بوون، دانیشتووانی کوردستان بۆ یه‌ک دهقیقهیش ده‌ستبه‌ردار یان دوور له خه‌بات و تێکۆشان نه‌بوون.
٢. بانگه‌واز کردنی مه‌حمودی ئهحمهدینهژاد به سه‌رکه‌وتوو، کێشه‌ی سیاسیی ناو بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خسته ڕوو. ئه‌و کێشه‌یه له ماوه‌ی ده ڕۆژه‌ی خۆیدا و به تایبه‌تییش له تاران ئیعتیراز و ناڕه‌زایی شایانباسی گرته خۆی. نیشانه هه‌ن که ئه‌و ئیعتیرازانه به‌ره‌و جۆرێک له ڕهوواندنهوه و که‌مبوونه‌وه ده‌چن وه‌ک له فرهتربوون و سهرانسهریبوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ڕێزمان بۆ ئه‌و ئێرانیانه هه‌یه که ناپێوهست به پاڵێوراوانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ ئێرانێکی دیموکرات و پلورالیست هه‌وڵ ده‌ده‌ن. هه‌مووان ده‌زانن خه‌باتی کوردستانیان هه‌میشه به جۆرێک له قازانجی ئێرانێکی دیموکرات و پلورالیستدا بووه و به‌و قازانجه‌وه درێژه‌ی ده‌بێت.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه: کاتێک خه‌باتی کوردستانیان بۆ یه‌ک دانه دهقیقهیش نه‌وه‌ستاوه، و قوربانیانی ئێمه هه‌ر له مه‌ده‌نی و پێشمه‌رگه و زیندانیان و له تیرۆری ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له تیرۆری سه‌دانه‌ی ناو باشووری کوردستانیش ئه‌ستێره‌یه‌که، که نه هیچ نه‌یارێکی کورد، به‌ڵکو ئه‌وی زه‌ڕه‌یه‌ک ویژدانی مرۆڤایه‌تی هه‌بێت ناتوانێت نکۆڵی لێبکات. چ پێویست ده‌کات کورد به تایبه‌تیی بیسه‌لمێنێت که پشتگیریی له ئیعتیرازی تارانیان ده‌کات و دژ به‌و حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌یه؟
لێکدانه‌وه‌ی ئێمه بۆ ئه‌و له‌رزوتای “هه‌ر ده‌بێت شتێک بکه‌ین” به‌م جۆره‌یه:
١. لایه‌نی کوردستانیی هه‌ن له په‌له‌په‌لی وه‌زعه‌که‌دا خه‌ریکه فه‌رامۆشی ده‌که‌ن که ئێمه هه‌ر ئێستا واقیعه‌ن له خهبـاتداین و له خهبـاتدا بووین. ئه‌گه‌ر پێوسیت ده‌کات به جۆرێک جۆش به‌و خه‌باته بده‌ین با وا بکه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بپرسین چۆن بیده‌ین و چۆن ڕێکی بخه‌ین هاوکات که ئامانجه‌کانمان نه‌بن به قوربانی ده‌ستکه‌وتی کاتیی و هه‌نووکه‌یی.
٢. قسه‌ی تێدا نییه لایه‌ن هه‌ن به دوای ژماره شه‌هیدی زیاتردا وێڵن و پێیان وایه شایه‌د کوشتاری زێادهتر له کورد ئه‌وان له‌و ئیزۆلهبوونهیان که تێی که‌وتوون ڕزگار بکات. ئه‌وجا ئه‌وانه بێن و له به‌ر “خاتری کورد” ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی بکه‌ن. هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵات شایه‌د پێویست بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک ڕووخسار بتوانن له سه‌ر مێزێک له به‌ر “خاتری کورد” یه‌کبگرنه‌وه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه له هه‌ندێک حاڵه‌تدا که‌سانێک له پشت ئه‌و جۆره هاندان و بزوواندنهوهن که خۆیان هیچ جۆره زیانێکی گیانیی و ماڵی‌یان نه‌دیتووه و له نێزیکه‌وه ئاگایان له خه‌ڵکی زه‌ره‌رلێکه‌وتوو و قوربایندهر نییه. ئه‌وانه گره‌و له‌سه‌ر ژیانی خۆیان و منداڵانی خۆیان ناکه‌ن، به‌ڵکو قومار له‌سه‌ر خوێنی هه‌ژاران و به‌شمه‌ینه‌تانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌که‌ن که هه‌میشه قوربانیی بوون. ئێمه ده‌زانین له چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردووه‌دا چه‌ند جار ئاووڕ له دایک و خوشک و برا و که‌سوکاری شه‌هیدان دراوه‌ته‌وه، چه‌ند یارمه‌تی کراون و چه‌ند ڕێزیان گیراوه. ئێستا هه‌ندێک لایه‌ن به پهلهپرۆزکێ پێویستیان به خوێنی نوێیه بکرێته کاسه. کاری وا په‌له زیاتر له‌وه‌ی له قازانج و که‌ڵکی شه‌خسیی هه‌ندێک لایه‌ندایه، و له ئاستێکی نزمیشدا حیزبیی، هیچ که‌ڵک و قازانجێکی بۆ کوردستانیان تێدا نییه و بگره ماڵوێرانیی و سه‌رگه‌ردانییه‌کی زێـادهتری به دوادا دێت.
٣. ئێمه ده‌ڵێین “به‌ڵێ، بۆ درێژه‌دان به خه‌باتی کوردستانیی و دیموکراتیخوازانه و ئاشتیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان”، به‌ڵام ئه‌وه‌یش بزانن که حکومه‌تی جمهوری ئیسلامیی له کوردستانه‌وه ناڕووخێت، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئه‌گه‌رچی خه‌تی سیاسیی موشهخهسیش له‌م خۆپیشاندان و ئیعتیرازانهدا دیار نییه، به‌ڵام “ئینشائه‌ڵا له قازانجی کوردیش‌دا هه‌ر ده‌بێت”، ڕووانگه‌یه‌کی خۆته‌سلیمکردن به قه‌ده‌ره. یاخود ڕووانگه‌ی خه‌تی ڕۆمانسیی و شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌وی خه‌فڵه‌ت که په‌نا ببردرێته به‌ر شوبهاندنی ئه‌ده‌بیی که شیرهژن و شێرهپیاوی کورد ڕابپه‌ڕن و بێنه ناو کۆڵان و شه‌قامه‌کانی کوردستان، یاخود ڕماندنی قه‌ڵای سه‌رمایه‌داریی و شتی له‌و بابه‌ته. ئێمه هه‌موو ئه‌وانه ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه که کوردستانیان قاره‌مان و پاڵه‌وان و شێره‌ژن و شێرهپیاو نیین. کوردستانیان وه‌ک هه‌ر مرۆڤێک مرۆڤن. خه‌باتی سه‌ختیان کردووه و ده‌یکه‌ن به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌ک مرۆڤی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن که‌رامه‌ت به سه‌ربه‌رزیی بژین. ئه‌و خه‌باته پلان و پێکه‌وه‌بوون و هاوڕیزیی و جیددیه‌تی سیاسیی ده‌خوازێت.
٤. ئێمه داوا ده‌که‌ین کوردستانیان درێژه به خه‌باتی خۆیان بده‌ن، به‌ڵام خۆیان به‌و خۆپیشاندانانه‌وه نه‌به‌ستنه‌وه که به‌تایبه‌تی له تاران ده‌بینرێت، که بزانن ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت له کوردستان کۆمه‌ڵکوژیی گه‌وره ساز بکات و تووڕه‌یی خۆی به سه‌ر کوردستاندا هه‌ڵبڕێژێت. که ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره حکومه‌ت ده‌ستی توند له‌و خه‌باتکاره مه‌ده‌نیانه‌ی ئێستا هه‌مانه بووه‌شێنێت، که هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسیی کورد ناتوانێت و قودره‌تی نییه یه‌ک دانه که‌سیش بپارێزێت، که شایه‌د کوردانی نیشتیمانپه‌روه‌ری تاراوگه که پێگه‌ی کوردستانیشیان به‌هێزه، نه‌توانن ڕایگشتیی به قازانجی کورد دژ به ڕژێم کۆبکه‌نه‌وه.
کاری باش، پلان و پێشکاریی و ئاماده‌کاریی باشی ده‌وێت!
٥. ئه‌وانه‌ی پێیان وایه که هه‌رچییه‌ک ببێت باببێت، یان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دیموکراتی بێت باشتر ده‌بێت. زۆر له هه‌ڵه‌دان. ئێمه نازانین چ ده‌بێت و ئه‌و وه‌زعه ده‌توانێت چۆن بشکێته‌وه، به‌تایبه‌تی بۆ کوردستان. پاش ئه‌وه‌یش زۆر ده‌وڵه‌ت هه‌ن له ناوخۆدا دیموکراسیین، به‌ڵام له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی دیکه داگیرکه‌رن. به‌ریتانیا و ئیسپانیا و ئه‌مه‌ریکا و فه‌ڕه‌نسا و تورکیا له‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه‌ن. واته مه‌رج نییه گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به دیموکراتیی بگات نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست ئازاد ده‌بێت یان ئازاد ده‌کات. له حاڵه‌تی ئێستای ئێران‌دا به‌ره‌و دیموکراسیی ڕۆیشتن له‌وه ئاڵۆزتره که هه‌ندێک لایه‌ن هاسانی ده‌که‌ن. بهرهودیموکراسیی ڕۆیشتنی ئێران چه‌ندیش باش بێت ئێمه‌ی کوردستانیی ده‌بێت ئیتر ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییمان نه‌که‌ین به قوربانیی ئه‌و ڕێبازه که مه‌رج نییه ده‌ستکه‌وتی بۆ کورد تیادا بێت.
له‌به‌رئه‌وه پشتگیری کورد بۆ خۆپیشاندانی ناو تاران و ده‌وروبه‌ری یان بۆ ئێران ته‌نها کاتێک له جێی خۆیدا ده‌بێت که بزانین چیمان ده‌وێت و چۆن ده‌یکه‌ین. ئه‌وه گرینگه هه‌موو کوردستانیه‌کی نیشتیمانپه‌روه‌ر که به ڕاستیی پشتگیریی له ئێرانیان بۆ دیموکراتیی و پلورالیزم ده‌کات به قسه‌ی ڕۆمانسیی و زل و قه‌به فریونه‌خوات و تاک و کۆمه‌ڵیش بزانن هه‌نگاو ئه‌و هه‌نگاوه‌یه که ده‌ستکه‌وتی لێبکه‌وێته‌وه.
٦. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئێمه، سه‌ره‌ڕای به دواچوونیشیدا، نازانین کێ له ڕاستییدا له پشت ئه‌و ڕێکخستنه‌وه‌یه و کامه دروشم له ڕۆژی سێشهمه ڕێککه‌وتی ٢٣ ژونی له کوردستان سێبه‌ر به سه‌ر ئه‌و مانگرتنه گشتییه‌دا ده‌خات که به پشتگیریی خۆپیشاندانه‌کانی تاران ده‌کرێت، پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات):
یه‌که‌م: باوه‌ڕمان به خه‌باتی ئاشتیخوازانه و دوور له زه‌بروزه‌نگه. هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که نابێت بیانوو به ڕژێمی وه‌حشیی کۆماری ئیسلامیی بده‌ین تا هه‌لی بۆ لێدانی دانیشتووانی کوردستان بکه‌ویته ده‌ست و ته‌ڕووشک پێکه‌وه بسووتێنێت. ئێمه ده‌زانین به‌کارهێنانی زه‌بر له‌و ئاسته‌دا که ئێستا کورد هه‌یه‌تی ته‌ئسیری تایبه‌تی له سه‌ر کۆماری ئیسلامیی نییه،
دووهه‌م: داوای ڕاسته‌قینه‌ی کوردستانیان خۆنه‌به‌ستنه‌وه‌یه به شه‌ڕی موسه‌وی و ئهحمهدینهژادهوه.
سێهه‌م: ئێمه ده‌بێت ئه‌و پرسانه‌ی مه‌ڕبوت به کوردستانن به‌رز بکه‌ینه‌وه. هه‌مووان ده‌زانن که خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کوردستان هه‌میشه سه‌نگه‌ری ئازادگانی ئێرانیش بووه. ئێمه‌ی پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێین: نا بۆ داگیرکه‌ریی، نا بۆ تۆتالیتاریی، نا بۆ حکومه‌تی ئایینی و مه‌زهه‌بی، نا بۆ ئیستبیداد و وه‌حشیگه‌ریی و خه‌فه‌قان.
هاوکات ئێمه‌ی سۆسیالدیموکرات ده‌ڵێین: به‌ڵێ بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و ژیانی ئازاد، به‌ڵێ بۆ پلورالیزم و سیکۆلاریزم، به‌ڵی بۆ هاوئاستیی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران.
با هه‌موومان به یه‌ک ده‌نگ بڵێین: هێزی داگیرکا‌ر له کوردستان بۆ ده‌ره‌وه!
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات)
٢٢/٦/٢٠٠٩
|